مەلی ئازادی ئەخوێنێ لەسەر شاری سلێمانی
نوچەنێت
ن: ڕاز ئەسعەد
ئەم ناونیشانە لە کۆتا نیوە دێڕی پێنج خشتەکیەکی میرزا مەنگوڕییەوە وەرگیراوە، کە بۆ یادی دووسەد ساڵەی سلێمانی وتوویەتی و تێیدا مەنگوڕی مەزن دەڵێت:
لە باوەشی ئەزمڕ و گوێژە و گڵەزەردە بەخێوکراوە
بە ئاوی تانجەرۆ و دوکان سروشتی ڕێک و نەخشاوە
چیای پیرەمەگروونی هەمیشە وا لەبەر چاوە
بە گوڵزاری خوداکرد چوار فەسڵ هەر سوور و ڕەنگاوە
لە هەرلا باوە شادمانی بە هەڵپەڕکێی کوڕ و کچانی
مەلی ئازادی ئەخوێنێ لەسەر شاری سلێمانی
کوردستان سەرزەمینێکی ڕەنگین و فراوانە، بەهۆی هەمەچەشنی جوگرافیا و جۆراوجۆری شێوازی پێکهاتە سروشتیەکەی بەڵگە نەویستە کە بەهەشتی سەر زەمینە، خاوەنی سەدان شاری گەورەو گرنگە لە ناوچەکەدا، سەدان شاری مێژوویی و شوینەواری کەونارا لەم نیشتمانەدا هەڵکەوتووە، ئەگەر بە پێیی زنجیرەی سەردەمە کۆنەکان بێت، ئەوا شارانی ئەم وڵاتە لە پێشەنگی یەکەمین دەرکەوتنەکانی ڕەگەزی مرۆڤەوەن، بۆیە ئاساییە ئەگەر بە لانکەی مێژوو ناوزەد بکرێت.
هەرچەندە وەک تەمەن سلێمانی شارێکی کۆن نییە و هێشتا دوو سەدە و نیوی تێنەپەڕاندووە، بەڵام بەشدارییە ئەدەبی و هونەری و سیاسی و ئابوری و زانستی و کەلتوورییەکانی هێندە فراوان و کاریگەرن، لە چاو خۆیدا بە مێژوویەکی چەند هەزار ساڵە دەچێت. لەوەتەی دروستبووە لە سەرجەم بوارەکاندا پێشەنگی گرتووە، ئەمە هەر لە بوارێک یان چەند بوارێکدا نەبووە، بەڵکو سەرجەم بوارە کەلتووریەکانی گرتۆتەوە، بۆ نموونە بۆ شارێکی وەک سلێمانی و لەو سەردەمەدا، درووستبوونی دوو ناوەند یان تەریقەتی ئایینی ناونیشانێکی گەورە و دیاربووە، کە جگە لە گەشەسەندنی زانستە ئایینییەکان، تاوێکی باش خوێندن و خوێندەواری بردۆتە پێشەوە، یان لەڕووی ئەدەبی و زانستە مەعریفیەکانەوە دەرکەوتنی چەندین کەسایەتی و شاعیر و ئەدیبی مەزن، ناونیشانێکی گەورەی پێشکەوتنی بیری ئازادیخوازی بووە. دەرکەوتنی حیزبە سیاسیەکان هەر لەسەردەمی چەپەکان و دواتر هەڵگرانی بیری نەتەوەیی و کوردایەتی دەرخستەی گەشەی سیاسی ئەم ناوچەیە بووە و تا ئەمڕۆش ئەو پێشەنگییە هەر بەردەوامە، ئەوسا و ئێستاش دەرکەوتنی حیزبەکان بە زۆری لەم شارەدا بووە.
پێشکەوتن و دواتر وەرگرتنی پێشەنگیی کەلتووری کردەیەکی هەر لە خۆڕا نەبووە و لە سەرەتای دروستبوونی شارەکەوە کاری بۆ کراوە، ڕەنگە میرەکانی بابان لە پشت دروستکردنی پایتەختی نوێوە چەندین خەونی گەشەسەندن و پێشکەوتنیان بینیبێت، من وەک زۆرینە ناڵێم وایان خواستووە کە ببێتە سەنتەری سەربەخۆیی، بەڵکو وای دەبینم کە میرانی بابان زانیویانە ڕێگاکەیان لەوەی کە بووە زیاتر نییە، بەڵام کاریان بۆ ئایندە کردووە و ویستویانە شارێکی مۆدێرن بە پێوەری ئەو سەردەمە بنیاتبنێن، چونکە لە مانا ڕاستەکەی شار تێگەیشتوون و زانیویانە شار تەنیا کۆمەڵگایەکی گەورە نییە، بەڵکو خەسڵەت و پەیڕەوی تایبەتی خۆی هەیە.
بۆیە دەبینین هەر لە دانانی بەردی بناغەوە بە ڕوانینێکی سەردەمیانە نەخشەی شارەکەیان داناوە، پشت بەستن بە هونەری تەلارسازی ئەو سەردەمەی شارە گەورەکانی ناوچەکە بەڵگەی عەقڵی پێشکەوتووخوازی میرانی بابانە و تەنیا دامودەزگاکانی حکومەتیان دروستنەکردووە، بەڵکو چاویان لە شارێکی مۆدێرنەوە بووە، هەر لە سەرەتاوە گرنگی زۆریان بە مزگەت دروستکردن داوە، کە ئەو سەردەمە مەڵبەندی خوێندەواری و زانست بووە. لە سەردەمانی پێشوودا یەکێک لەو خاڵانەی بۆ زانینی ڕادەی پێشکەوتوویی شارەکان لێیڕوانراوە، بوونی حەمام بووە، هەر شارێک حەمامی زۆر تێدابووبێت بە شارێکی پێشکەوتوو دانراوە، سلێمانیش لەگەڵ دروستبوونیدا چەند حەمامێکی تێدا دروستکراوە، جگەلەوەش ئاوەڕۆیان بۆ دروستکردووە، کە بۆ ئەو سەردەمە زۆر نوێ بووە.
لە سەردەمی ئێستا و لە سایەی حکومەتی خۆماڵیدا، سلێمانی ئەوەندەی کرابێت و هاوشانی شارەکانی دیکە، ئاوەدانی و بوژانەوەی پێوە دیارە، بەڵام وەک پێویست نییە و دەبوو سلێمانی زۆر گرنگی زیاتری پێبدرایە. کاتێک باڵی مەکتەبی سیاسی لە پارتی جیادەبێتەوە و ڕێکەوتنێکی سادە لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتەدا دەکەن، یەکێک لە داوا سەرەکیەکانیان کردنەوەی زانکۆی سلێمانی بوو، کە بۆ ئەوکاتە گرنگترین دەستکەوت بوو، بەڵام ئێستا لە جێی مەڵبەندی ڕۆشنبیری و کەلتوری، داوای کردنەوەی لقی بانک و کۆمپانیاکان دەکرێت، ئەوە جیاوازی بیرکردنەوەی سیاسەتمەداری ئەوسا و ئێستایە.
بێگومان حکومەتی خۆمان پاساوی ئیداری و نەخشەی حوکمڕانی خۆی هەیە مافی خۆشیەتی، بەڵام دابەشکردنی سلێمانی بۆ چوار ئیدارەی جیاواز، لە ڕووی گەورەییەوە لە ڕۆڵی شارەکە و پێشەنگایەتی کەمدەکاتەوە، وەک ئەوە وایە چوار پەلی پتەوی سلێمانی لە جەستەی کرابێتەوە، ڕاستە ئەو شارانەش مافی خۆیانە سەربەخۆبن، بەڵام ئەوانیش بە سلێمانییەوە گەشاوەتر و جوانترن.
سەڕەڕای پەراوێزخستنەکان، هێشتا سلێمانی لە لووتکەدایە، ڕەنگە سەنگی سلێمانی لە بڕیاردانی هەڵبژاردنەکاندا، کە تا ئێستاش ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە بڕیاردان لە جۆر و شێوازی ئەنجومەنی نیشتمانی، باشترین بەڵگە بێت بۆ پێگەی سلێمانی.
سەرچاوەکان:
١-میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی، دیوانی جیهانێکی ئازاد، چ٢، چاپخانەی کارۆ، ٢٠٢٠، سلێمانی .
٢-محەمەد حسێن، جوانیەکانی سلێمانی،گ.زانکۆ، ٢٠٢٢.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment