سەردێڕێک و سەرنجێک
نوچەنێت
شادی نیکخا
لە دیدارێکی ئەم دواییەی نێوان جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆککۆماری تورکیادا، بەڕێز ئەردوغان وێڕای تەوقەکردن، بەرامبەر سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەستیش لە سەر سینگی دادەنێت، کە ئەمە بەتایبەتی لە کلتووری گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جۆرێکە لە ئەدەبنواندن و ڕێزلێنانێکی تایبەتتر و زیاتر بۆ کەسی بەرامبەر.
لە کاتێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە هەموو دیدارەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان، لەوانە پاپای ڤاتیکان گەورەترین پلە و کەسایەتیی ئایینیی مەسیحییەکانی جیهان، سەرۆک ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕەنسا و سەرۆکانی پێشووی ئەو وڵاتە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی زلهێزترین وڵاتی جیهان و زۆر سەرکردەی دیکەی جیهان، هەمیشە ئەوپەڕی ڕێزی لێ گیراوە و زۆربەشیان بەگوێرەی کەسایەتیی تایبەتی خودی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، زۆر دۆستانە پێشوازییان لێ کردووە؛ لەم ڕۆژانەدا لە پەیجێکی فەیسبووک بە ناوی Korke Btne بینیم بەم ڕستەیە باسی پێشوازییەکەی بەڕێز ئەردۆغان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە:
"یەکەمجارە لە مێژوودا سەرۆکێکی تورکی ئەم حەرەکەیە بۆ سەرۆکێکی کوردی دەکات"
لەگەڵ ڕیزم بۆ ئەدمین و چالاکانی ئەو پەیجە، وەکوو تاکێکی کورد، زۆر دژی ئەم جۆرە سەردێڕە و ئەم جۆرە زەقکردنەوەیەم بۆ هەواڵی پێشوازییەکەی بەڕێز ئەردۆغان لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی. زۆر جاری تریش سەردێڕی لەم جۆرەم بۆ هەواڵ و ڕووداوی هاوشێوە بینیوە، بەڵام لێرەدا بە نموونە لەم هەواڵە دەدوێم.
ڕاستە لە ئەدەبیاتی دیپلۆماسی و بەتایبەت پرۆتۆکۆلی پێشوازیدا، ئەو دەستبەسینگەوەگرتنە، پرۆتۆکۆلێکی فەرمی و فەرز نییە و جۆرێکە لە گەیاندنی ئەدەب یان نزیکایەتییەکی واوەتر لە هەڵسوکەوتی فەرمی؛ دەشزانین پێچەوانەی کەسێکی وەک سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کە سەرکردەیەکی هەمیشە دەمبەخەندە و قسەخۆش و ڕووخۆشە، بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردوغان کەسێکی مەغروور و خۆبەزلزان و وشکە لە هەڵسوکەتەکانیدا؛ بەڵام وێڕای ئەم دوو خاڵەش، گەیاندن و زەقکردنەوەی ئەم بابەتە بەم ئەدەبیاتە، لەلایەن گەلی سەر بەو سەرکردەوە کە ئەم جۆرە پێشوازییەی لێ کراوە، جۆرێکە لە سەرسووڕمان، تەعبیر لەوە دەکات کە ئەوەی ڕووی داوە چاوەڕوانکراو نەبووە لای منی نووسەر یا بەردەنگی ئەم هەواڵ و وێنەیە، لە ئەنجامدا دەگەڕێتەوە بۆ خۆبەکەمزانینی 'لایەنی پێشوازیلێکراوەکە' و گەورەکردنەوەی 'لایەنی پێشوازیکەرەکە'.
ئەمە لە کاتێکدایە گەر ئێمەی کورد خۆیشمان شانازییەکانی مێژوو و نەتەوەکەمان لەبەرچاو نەگرین، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گەرچی لە زاتی کەسایەتیی خۆیدا، کەسێکی خاکەڕا و خاوەن تەوازوع و فارسگوتەنی سەمیمی ـیە (بە واتای زۆر خۆیی و دۆستانە)، بەڵام لە هەموو وتار و گوفتار و کردار و هەڵسوکەوتێکیدا، بە تایبەت لە دەرکەوتنە سیاسی و دیپلۆماتیکەکانیدا، بەو پەڕی متمانەبەخۆبوونەوە، تەنانەت لە ڕواڵەتیشدا بەوپەڕی قنج و قیتییەوە دەردەکەوێت. ئەمەش نەک تەنیا وەک تایبەتمەندیی کەسیی خۆی، بەڵکوو هەمیشە وەک گەیاندنی پەیامی بڕوابەخۆبوون و سەربەرزی و شانازیی نەتەوەی کوردە، پەیامە سەرەتا بۆ هەموو تاکێکی کورد و پاشان بۆ ئەوانەی دەرەوەی کوردستان کە بەڵێ، ئێمە گەلێکین متمانەی تەواومان بە هێز و توانا و مێژوو و مافی خۆمان هەیە، خۆمان ئەگەر بە سەرتر نەزانین، قەت خۆمان بە کەمتر لە ئێوە نازانین، ڕێز دەگرین و دەبێ و ئەرکە لەسەرتان ڕێزمان لێ بگرن.
بۆ هەر ڕۆژنامەنووسێک کە لەم جۆرە سەردێڕە دەنووسێت، بۆ هەر تاکێک لە ئێمەش، پێویستە لە دەرکەوتنەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا، لە دانیشتنەکانیدا لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان و ئەوانەشی لەگەڵ لایەنە غەیرە کوردەکان، سەرنجی شێوازی وەستان و دانیشتن و بەگشتی زمانی جەستەی بەڕێزیان بدەین. کاتێک لەگەڵ غەیرە کوردەکان دەردەکەوێت، زۆر ڕەسمیتر و کوردگوتەنی قنج و قیتتر دەوەستێ، یان دادەنیشێ. ئەمەش تەعبیرە لەوپەڕی باوەڕبەخۆبوون و خۆبەگەورەزانین (لێرەدا بە واتای نەفسبەرزی، نەک بە واتای لووتبەرزی).
بەڵام لە دانیشتنی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان، هەمیشە تەوازوع و دۆستایەتی و نەرمیی زیاتر تەنانەت لە زمانی جەستە و جووڵە و دانیشتن و تەنانەت پۆشینی جلوبەرگەکەشیدا دەبینرێت.
ئایا ئەم رەفتارانە بە هەڵکەوتن؟ یان هەڵگری پەیامن؟
یان ئەگەر سەرنج بدەنە وتار و لێداوانەکانی جەنابیان لە بۆنە جیاوازەکاندا، تەنانەت گەر تەنیا بە خوێندنەوەی دەقەکەشیان بێ و بەبێ بینین یان بیستنی دەنگیشیان، دیسان ئەم خاڵی غروور و نەفسبەرزییە دەبینرێت کاتێک ڕووی دەمیان لە لایەنی غەیرە کوردە و، ئەو خاکەڕایی و خۆییبوونە هەست پێ دەکرێت کاتێک بەردەنگیان کورد بێت.
پێم خۆشە دەقی وتارەکانی بەڕێزیان بە وردی بخوێننەوە کە بەشێکی زۆریان لە ماوەکانی سەرۆکایەتییان لە ئەنجومەنی وەزیراندا، لە هەردوو بەرگی پەرتووکی پەرتەوازەیی و یەکڕیزیدا هاتوون. بە تایبەتی ئەو وتارانەی کە لەسەر پرسی بودجە و وزەی هەرێمی کورستانن، کاتێک حکوومەتی بەغدا و وڵاتانی جیهان دەکاتە بەردەنگ، سەرنج بدەن بە چ متمانە و خاوەنمافی و غروورێکەوە لەگەڵیان دەدوێت.
بە نموونە بڕواننە دەقی وتارێکی جەنابیان لە لاپەڕە (344 تا 359)ـی بەرگی دووەمی پەرتەوازەیی و یەکڕیزی، نووسینی ڕزگار ڕەزا چوچانی، بەرهەمی دەزگای نوچە، 2024.
ئەم وتارە جیاواز لە لایەنە تایبەت و پسپۆڕییەکەی لەسەر پرسی نەوت، وتارێکە لەودیو مەبەستە ڕواڵەتییەکەوە، وشە بە وشەی متمانە و باوەڕبەخۆبوون و غرووری نیشتمانیی لێ دەبارێت، وشە بە وشەی کاریزما و ئیرادەی سەرکردەیەکی بەهێز و مکوڕ و دەوڵەتمەداری لێ دەبارێت، وشە بە وشەی مافە و کورد خۆی بە خۆیی دەدات و بە سەر بەرامبەرەکەشیدا دەیسەپێنێت کە دەبێ، دەبێ، دەبێ ڕێز لە من و مافەکانم بگریت!.
کاتێک سەرکردەیەکی وا، کە لە هەموو جووڵەیەکیدا فێری سەربەرزی و شانازی و بڕوابەخۆبوونمان دەکات، سەرکردەیەک کە لە ماوەی ساڵانێکی دوورودرێژی خەباتی دیپلۆماسیدا ، پێگە و ڕێز و خۆشەویستی و سەنگ و کاریگەری و کاریزمای خۆی بۆ هەموو وڵاتانی دۆست و نەیاری کورد سەلماندووە، بەم شێوەیە پێشوازیی لێ دەکرێت، کەی ڕەوایە وەک شتێکی سەیر و چاوەڕواننەکراو بکرێتە مانشێتێکی زەق؟ لە کاتێکدا دیمەنەکە خۆی دەدوێت و دیارە کەسێکی وەک بەڕێز ئەردوغان، چ ئەدەب و تەوازوعێک بەرامبەر سەرۆک نێچیرڤان دەنوێنێت.
تاکی کورد دەبێ باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەوە پێگە و هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانییە لە ئاستی دیپلۆماسیی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، کە وا لە سەرۆکێکی وەک بەڕێز ئەردوغان و وڵاتێکی وەک تورکیاش دەکات، بەوپەڕی ڕێز و ئەدەبەوە پێشوازیی لێ بکات.
ئەگەریش بە هەر هۆکارێک مەبەست بێت لەسەر ئەم وێنەیە قسە بکرێت، ڕۆژنامەنووسی زیرەک و خاوەن بڕوا دەنووسێت:
((سەرۆککۆماری تورکیا بە شێوەیەکی جیاواز لە پرۆتۆکۆلی فەرمی، پێشوازیی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.))
یان
((سەرۆککۆماری تورکیا بە ڕێزێکی تایبەتتر لە پرۆتۆکۆلی فەرمی، پێشوازیی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.))
لێرەدا بە زیرەکی، بە بێ هیچ خۆبەکەمزانی و گەورەکردنەوەیەکی لایەنی بەرامبەر، نەک تەنیا سەرۆک بەڵکوو وڵاتی تورکیاش لە بەرامبەر هەرێمی کوردستانێک زەق دەکرێتەوە کە پێشووتر تورکیا وەک بوونێکی جوگرافیایی ـ سیاسییش، دانی بەم هەرێمەدا نەدەنا چ جای ئەو ڕێزگرتنە جیاواز لە پرۆتۆکۆلە. هاوکات بە ناوهێنانی ناوی جەنابی نێچیرڤان بارزانیش لە مانشێتەکەدا، پێگە و ڕێزی جەنابیشیان بەرجەستە دەکرێت.
لەمێژە کوردستان و سەرکردەکانی، تەنیا بە هەوڵ و لێهاتوویی خۆیان لە جیهاندا متمانە و ڕێز و پێگەی بەرزیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە، کاتی ئەوە هاتووە تاکی کورد و ڕۆژنامەنووسی کوردیش، غروور و بڕوابەخۆبوونی خۆی بەرز بکاتەوە و بە پێشوازییەکی لەم جۆرە و ڕووداوگەلێکی لەم جۆرە، شاگەشکە نەبێت و بڕوای وابێت کە وڵات و سەرکردەکانمان شایستەی زۆر لەمە زیاتریشن.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment