گفتوگۆکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و چارەسەرێکی لە بیرکراو بیروڕا

نوچەنێت

ن: چرا کوردستانی

 

گفتوگۆکان لەگەڵ عێراق

لە ئەمڕۆدا پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق پرسێکی گەرمە، بڕیارە لەم ڕۆژانە پەرلەمانی عێراق دابنیشێت، سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێرن، بەوەش پرسی دابەشکردنی پۆست و پێگەکانی عێراق یەکلایی دەبێتەوە.

لایەنە شیعەکان لە عێراقدا بە چەند لیستی جیاواز و ڕکابەری یەکتر بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد، لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن دژ بەیەکتر توندبوون و شیعاری دژ بە یەکیشیان دەوت، بەڵام ئەمڕۆ کە کاتی دابەشکردنی کێکی دەسەڵات و پاراستنی هەیمەنەی خۆیانە بەسەر عێراقەوە، لە پێناو پاراستنی یەکڕیزیی شیعەدا یەکیان گرتووە، ناوەندێکی هاوبەشیان هەیە، لەوێوە دەیانەوێ پرسی دابەشکردنی دەسەڵاتی عێراق گفتوگۆ بکەن. 

695003d83d793_چرا.jpg
چرا كوردستانی

لە بەرانبەردا کورد پەرتەوازەیە و بە چەند ئاراستەیەک گفتوگۆ دەکات.

پەرتەوازەیی کورد لە عێراقدا، زیانی گەورە لە ئایندەی کورد دەدات، بە جۆرێک کە ئەگەر پێش دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە عێراق و پێش ڕێککەوتن لەسەر کارنامەی حکومەتی عێراق، کورد خواستەکانی خۆی نەچەسپێنێت، دواتر بۆ مافە هەرە سەرەتاییەکانیشی، دەبێت چاوی لە دەستی ئەوانی تر بێت. ئەگەر بەم جۆرەی ئەمرۆش لایەنە کوردستانییەکان مامەڵە بکەن و بەرژەوەندی خۆیان بخەنە پێش بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانییەوە، ئەوە بێگومان ئەنجام هەر بەو دەردەچین کە بۆ مافەکانمان چاومان لە رەحمی خەڵکی دیکە بێت.

گەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بیانەوێت، ڕێککەوتنی کورد و دروستکردنی یەکڕیزیی کوردستانی بۆ پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، ڕێگەیەکی ئەوەندە سەخت نییە، کە لە نەبوونیدا بەم جۆرە ڕیسک بە بەماف و پشکی کوردەوە بکرێت لە عێراقدا، خۆ ئەزموونی ڕابردووی نزیک هەیە، کە ڕێ نیشاندەر و چارەسەری گونجاو بێت بۆ لایەنە سیاسییەکان، تا لە پێناو مافە دەستووریی و نەتەوەییەکانی کوردستانیاندا رێککەون. بەڵام ئاخۆ سوود لەو ئەزموونە وەردەگیرێت؟

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووییەکی نزیک لە ئەمڕۆمان، دەبینین ئەمە یەکەم ئەزموونی کورد نییە، کە بۆ پێکهێنانی حکوومەت و یەکخستنی هەڵوێستەکان، کوردستان نەتوانێت بگاتە ڕێکەوتنی ناوخۆیی و دواتر رێچارەیەک دۆزراوەتەوە، بەڵام کێشەی سەرەکی زۆربەی سیاسییەکانی کورد نەگەڕانەوە و سوود وەرنەگرتنە لە ئەزموون لە مێژووی خۆی.

دوێنێ بوو، لە سەردەمی کابینەی شەشەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، قەیرانێکی زۆری لە یەکترتێنەگەیشتن و ململانێی سیاسی و پەرتەوازەیی ڕوویدا، بەجۆرێک زۆر زەحمەت بوو لایەنە سیاسیەکان بتوانن کۆدەنگبن بەرامبەر بەغدا و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی بەغداش کە بەر کورد دەکەوت، ئەوە بووبووە گرفت بۆ یەکبوونی ناوەخۆیی کوردستانیش.

بەڵام کاتێک تەمەنی ئەو کابینەیە تەواو بوو، کابینەی حەوتەم پێکهات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە پەرتەوازەیی سیاسی لە کوردستاندا مەترسی گەورە و ئاڵینگاریی بەردەم پێشوەچوونی کوردستان و بەدەستهێنانی مافەکانی کوردستانە، دەستپێشخەرییەک دەکات و پڕۆژەیەکی گرنگ دەخاتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان، تا لە ڕێگەیەوە، لە سەر ئاستی عێراق یەکڕیزیی سیاسی کوردستانی بەدی بێت و کوردستان بە یەکڕیزیی بەرگری لە مافە ڕەوا و نەتەوەیی و دەستوورییەکانی خۆی بکات، پرۆژەیەک کە هەموو لایەنێک خۆی بەبەشدار و خاوەنی بزانێت، لە ڕێگەیەوە بەشی هەموو لایەک مسۆگەر بکرێت و هیچ لایەک هەست نەکات پەراوێزخراوە، لە پشک و بڕیاری سیاسیدا.

دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی کابینەی حەوتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت، بە نووسراوی ژمارە (1662) ڕێکەوتی (2012/7/10) پڕۆژەی پێکهێنانی (ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی بەغدا) ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکات، تا لە ڕێی پەرلەمانەوە چوارچێوەیەکی یاسایی بەو پڕۆژەیە بدرێت، لەو چوارچێوەیەدا تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە جیاوازی بیروبۆچوونەکانیشیانەوە، بەشدارییان هەبێت لە ڕێیەوە گفتوگۆکانی کوردستان لەگەڵ عێراق بە نیشتمانیبکرێن.

گرنگی ئەم پڕۆژەیە لەوەدا بوو کە دەتوانرا لە ڕێیەوە، پرسی گفتوگۆ لەگەڵ عێراقدا لە پرسی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانەوە بکات بە پرۆسەیەکی نیشتیمانی، هەموو لایەنە سەرکەوتووەکان لە هەڵبژاردندا، بە لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە پێکەوە کاریگەرییان لەم ئەنجومەنەدا هەبێت، بەشداربن لە بڕیاری ئەنجومەنەکەدا.

ئەم ئەنجوومەنە ئەگەر بەردەوامی پێ بدرایە، وەک ئەوەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشنیازی کردبوو، کاری لەسەر بکرایە، زۆر ئاسان دەیتوانی:

- دەیتوانی پرسی بەشداری کورد لە حکومەتی عێراقیدا، بە جۆرێک دابڕژێتەوە کە مافە نەتەوەییەکانی کوردستان نەبێتە بابەتی مامەڵەی حزبی و خەڵکی کوردستان خۆیان بەشداربن لە دانوستاندنەکاندا.

- دەیتوانی خواستی کوردستان بۆ ڕێککەوتن لەسەر کارنامەی حکومەتەکانی عێراق کە دادەمەزرێن، بکاتە دیکۆمێنت و پەڕاوێکی گرنگی کوردستانیی گفتوگۆ، هیچ لایەنێک نەتوانێت لەدەرەوەی ئەوە، گفتوگۆ بکات لەگەڵ عێراقدا.

- بۆ پرسی دابەشکردنی پۆستەکانی عێراقیش، کە بەداخەوە لە ئەمرۆدا خواستی بەدەستهێنانیان خەریکە پێش خواستی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیەکانمان دەکەون، بە پێی ئەو خاڵانەی کە لە عێراقدا داەدەنرێن بۆ دەستخستنی پۆستەکان، دەیتوانی ئەو پۆستانەی کە بەر کورد دەکەون، لە نێوان ئەو لایەنە کوردستانیانەی خوازیاری بەشداریکردنن لە حکومەتی عێراقیدا دابەشبکاتەوە و هەر لایەنە و بە پێی خاڵەکانی پۆستی دەبرد و موزایەدات سەریهەڵنەدەدا.

- دەیتوانی چاودێری ئەدای نوێنەرانی کوردستانیش بکات، هەم لە دانوستاندن و هەم لە پۆستەکانی حکومەتدا.

خاڵێکی گرنگی دیکەی ئەم ئەنجومەنە ئەوە دەبوو، کە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە کارەکانی بە یاسایی دەکرا و گفتوگۆی کوردستان و عێراق ڕزگار دەکرا لە میزاجی حزبی، وەک چۆن پەرلەمان تایبەت نییە بە لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت، ئەنجومەنەکەش تەنها تایبەت نەدەبوو بەو حزبانەی کە دەسەڵاتیان لە دەستدایە، بەڵکو ئەنجومەنێک دەبوو کە هەموو لایەنە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن بەشدارییان دەکرد تێیدا، دەبووە پردێک بۆ پێکەوە گرێدانی گشت لایەنە سیاسییەکان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بە جیاوازی بۆچوونەکانیشیانەوە.

ئەم ئەنجومەنە کە لە پەرلەمانەوە گفتوگۆی لەبارەوە کرا، دەکرا کارەکانی لە ڕێی پەرلەمان و خەڵکەوە چاودێری بکرێت، نەک وەک ڕێککەوتنی ئەمڕۆی حزبەکان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کە هیچ ناوەند و لایەنێک نەبێت لە ڕەوایەتی و ناڕەوایەتی ڕێککەوتنەکان، لە جێبەجێکردن و جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکان پرسینەوە بکات.   

ئەم پرۆژەیە، یەکێک لە پرۆژە هەرە گرنگ و کوردستانییەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بوو، لە کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کابینەیەک کە خاوەنی ئەزموونێکی پرشنگدارە لە ڕووی مامەڵەکردن لەگەڵ لایەن و بیروڕا جیاوازەکان.

بۆیە پرسیارە گرنگەکە بۆ ئەمڕۆمان ئەوەیە:

- بۆچی گفتوگۆکانی کوردستان و عێراق دوای ئەو هەموو ساڵە بە نیشتیمانی و بە دامەزراوەیی نەکرێت ؟

- ئەگەر نیەتی ئەو بە نیشتیمانیکردنە هەیە، بۆچی ناگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنەکەی نێچیرڤان بارزانی، بۆ زیندووکردنەوەی ئەم پڕۆژەیە؟

- ئایا لایەنەکان لە پێناوی کوردستاندا ئامادەی ئەم جۆرە هەماهەنگییە نین؟ یاخوود چەترێک نییە کە لە ژێریدا کۆببنەوە و لە سایەیدا هەنگاو بۆ داهاتوویەکی باشتر بهاوێژن، یان چەتری ڕاستەوینە هەیە و لایەنەکان بەرژەوەندییەکانیان پێش بەرژەوەندی کوردستان دەخەن؟

- ئایا ئەم ئەنجومەنە، باشترین ڕێگە نییە، بۆ ڕزگارکردنی مافە نەتەوەییەکانی کوردستانییان، لە دەستی ئەو لایەنە عێراقییانەی کە وا مامەڵە لەگەڵ مافەکانمان دەکەن، خێر و سەدەقەمان پێ بدەن؟

  • بۆ زانیاری و خوێندنەوەی زیاتر لەبارەی کابینەی حەوت و کابینەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ کتێبی (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی)، نووسین و توێژینەوەی ڕزگار ڕەزا چووچانی، بەرهەمی دەزگای نووچە، بۆ توێژینەوەی سیاسی و پەرەپێدانی کلتووری.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین