کاریگەریى رووسیا لەسەر پەیوەندیى دیمەشق و ئیسرائیل بیروڕا

نوچەنێت

ن: ئیسماعیل تەها

لەدواى کەوتنى بەشار ئەسەد و هاتنە سەر دەسەڵاتى ئەحمەد شەرع لە دیمەشق، یەکێک لەو بابەتانەى بووە جێگەى گفتوگۆ، پەیوەندیى رووسیا و سووریا بوو، بەهۆى ئەوەى پێشتر رووسیا لایەنگرێکى سەرسەختى بەشار ئەسەد بوو، ئەوە گفتوگۆى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا، هاتنى ئەحمەد شەرع ئەو باڵادەستیەى پێشووى رووسیاى کۆتایی پێهێنا، بۆیە رووسیا دەبوو جارێکى دیکە کارتەکانى خۆى رێک بخاتەوە، بۆیە یەکێک لەو کارتانە دژ بە حکومەتى نوێى شەرع کارتى کورد بوو.

ڕاکێشانى کارتى کورد 

لە 2024/12/19ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکى رووسیا رایگەیاند، پێویست بوو پرسى کورد لە سەردەمى بەشار ئەسەد سەرۆکى پێشوو چارەسەر بکرێت، جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە، ئێستا پێویستە لەلایەن ئەو دەسەڵاتەى ئێستا باڵادەستە لەسەر خاکى سووریا چارەسەر بکرێت، هەروەک پێویستە گرەنتى ئاسایشى تورکیا بە رێگەیەک بکرێت، ئێمە هەموومان لەوە تێدەگەین، ئەو لێدوانانەى پووتین بەشێک بوو لە فشارەکان بۆ سەر حکومەتى نوێى سووریا، بەڵام لە 29/12/2024 ئەحمەد شەرع، سەرۆکى کاتى سووریا رایگەیاند، رووسیا دووەم بەهێزترین وڵاتە لە جیهان و بایەخى گەورەى هەیە، دیمەشق بەرژەوەندى لەگەڵ مۆسکۆ هەیە، ئیدارەى ئێستاى دیمەشق نایەوێت رووسیا بە جۆرێک بچێتە دەرەوە شایستە نەبێت بەو پەیوەندییە درێژەى لەگەڵ سووریا هەیەتى.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانى گوتى، "ئێمە بە پلەى یەکەم بەرژوەندیى گەلى سووریامان دەوێت، نامانەوێت کێشە و ململانێ لەگەڵ وڵاتانى دەرەکى درووست بکەین."

قسەکانى پووتین بووە مایەى چاودێرانى کورد بەگشتى گرەوەى گەورەى لەسەر بکەن، بەڵام ئەحمەد شەرع بە لێدوانێک توانى ئاراستەى قسەکانى سەرۆکى رووسیا بگۆڕێت، لەدواى ئەوەش میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگیرى وەزیرى دەرەوەى رووسیا گەیشتە دیمەشق، لێرەوە دەرگاى رووسیا و سووریا بەرووى یەکدى کرایەوە.

ڕووسیا لە دژەوە بۆ دۆست

لە چەند رۆژى رابردوو چەند سەرچاوەیەکى ئەمنى ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، رووسیا دەستى بە نێوەندگیرى ئیسرائیل و سووریا کردووە، بەو ئامانجەى بگەن بە رێککەوتنێکى ئەمنى ئەوەش بە رەزامەندى ئەمەریکایە.

ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، کە لە ئازەربایجانیش لەسەر ئاستى باڵا گفتوگۆى راستەوخۆ لەنێوان تەلئەبیب و دیمەشق هەیە، مۆسکۆش لەپشت پەردە کار بۆ بەرەوپێشبردنى گفتوگۆکان دەکات.

سەرچاوە ئەمنییەکانى ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، لە مانگى رابردوو دیمەشق و مۆسکۆ پەیوەندییەکانى بەشێوەیەکى بەرچاو بەهێزکردووە، رووسیا سەرباز و پێداویستى سەربازیى گواستۆتەوە بۆ ناوچەى کەناراوەکانى لازقیە، کە لەدواى روخانى ئەسەدەوە ژمارەى سەربازەکانى کەم کردبۆوە.

بەگوتەى ئەو سەرچاوەیە رووسیا هەوڵ دەدات هێزەکانى لە سووریا لە نزیک سنوورەکانى ئیسرائیل بڵاوە پێ بکات وەک پێش رووخانى رژێمى ئەسەد، تەلئەبیب بوونى رووسیا بە باشتر دەزانێت لەو ناوچەیە لەبرى بەهێزبوونى هەژموونى تورکیا لە باشوورى سووریا.

بەهۆى ئەوەى ئیسرائیل کە ئەزموونى پێشترى لەگەڵ رووسیا هەیە، پەیوەندییەکانیانیشیان زۆر بەهێزە، ئەوە دەبێتە دەست کەوت بۆ سووریاش، لایەک فشارەکانى ئیسرائیل کۆتایی پێدێت، لایەک هەبوونى هێزێکى رووسی بە رێککەوتن دەبێت لەگەڵ دیمەشق، لە پاڵ ئەوەش جۆرێک لە رەزامەندى ئەمەریکاشى لەسەر دەبێت.

ئامانجى ئیسرائیل

هەندێک جار لە سیاسەتدا بەرژەوەندیى هاوبەش لەنێوان هێزێکى بچووک و وڵاتێکى گەورە دژ بە وڵاتێکى دیکە درووست دەبێت، بەڵام هەمیشە هێزى بچووک دەبێتە کارتى فشارى هێزە گەورەکان، هەرکات هێزە گەورەکە بەرژەوەندیەکەى هاتەدى، ئامادەیە پشت لە هێزە بچووکەکە بکات، لە سووریا لێدوانەکانى ئیسرائیل لە بەرژەوەندى کوردە، بەڵام ئەوەندەى بۆ بەدەستهێنانى بەرژەوەندییەکانى خۆیەتى، ئەوەندە بەرژەوەندییەکانى کورد نییە، هەموو هەوڵەکانى ئیسرائیل بۆ رێگرییە لە هەژموونى تورکیا لەناو خاکى سووریا و نەگەڕانەوەى ئێرانە بۆ ئەو ناوچەیە، لێرە ئیسرائیل لە خاڵێک لەگەڵ تورکیا هاوبەشە، لە خاڵێک جیاوازە، خاڵى هاوبەشیان نەگەڕانەوەى هەژموونى ئێرانە، خاڵى جیاوازیش بەهێزنەبوونى هەژموونى تورکیایە لەناو خاکى سووریا، تاوەکوو ئێستا ناوەندەکانى توێژینەوە لە ئیسرائیل بەگرنگى دەزانن ئیسرائیل و تورکیا بۆ رێگرى لە گەڕانەوەى هەژموونى ئێران بگەن بە رێککەوتن، ئەوەش لە پەیوەندییەکانى نێوانیان بە دەستکەوتێکى گرنگ دەزانن، چونکە تورکیا رۆڵى سەرەکى لە روخانى ئەسەدە هەبووە، کە بووە کۆتایی هەژموونى ئێران لە سووریا. 

ئیسرائیل لە لێدوانەکانى چەند جارێک پشتیوانى لە کورد کردووە، بەڵام ئەگەر سەیر بکەین، پشتیوانى ئیسرائیل بۆ کورد لە رۆژئاوا تەنیا لێدوان بووە، بەڵام بۆ دروزەکان بە کردەیى پشتیوانى کردوون، ئەگەر قسە لەسەر دەستوەردان بێت، جیاوازى کورد و دروز لە سووریا چییە؟ هەردوولا دوو پێکهاتەى جیاوازن لە سووریا، بەڵام پشتیوانى ئیسرائیل لە دروزەکان بەهێزترە، ئاستى پشتیوانى لە کورد لە قسە تێپەڕى نەکردووە، ئەو هەڕەشانەى تورکیا لە کوردى دەکات، ئەگەر لە دروزى بکردایە، ئیسرائیل بە توندى دەهاتە وەڵام، ئیسرائیلییەکان لەوە تێدەگەن، کە بەهۆى ناکۆکییەکان و ململانێى تورکیا و پەکەکەیە، هەسەدەش کە بەدى تورکیا بەشێکە لە (پە کە کە) و مەترسیە بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیى تورکیا، بۆیە ئیسرائیل، لە لێدوانەکانى ئەو حیسابانە دەکات، هەڕەشەکانى تورکیا ئەوەندە بە هەند وەرناگرێت. 

دەمێنێتەوە دۆخى رۆژئاواى کوردستان، ئەوەش دۆخێکى ئاڵۆزە، ئەمەریکا تاوەکوو ئێستا ئەوەى بە ئاشکرا دەیڵێت، ئەوەیە لە چوارچێوەى بەرەنگاربوونەوەى داعش پاڵپشتیان دەکات، سووریا بەکردەیى چۆتە ئەو بەرەى دژى داعش، چەند رۆژى رابردوو ئەنەس خەتاب، وەزیرى ناوخۆى سووریا دەستگیرکردنى بەرپرسێکى باڵاى داعشى راگەیاند.

گەڕانەوەى رووسیا بۆ سووریا هەوڵەکانى بۆ نێودەنگیرى نێوان ئیسرائیل و سووریا کاریگەرى لەسەر دۆخى کورد و سووریا دەبێت، بەتایبەت تورکیا و رووسیاش پەیوەندییەکانیان بەهێزە، کەمترین شتێک کە رووسیا و ءئەمەریکا لەو قۆناغە بتوانن پێکەوە بیکەن ئەوەیە هەردوولا وەک پێشوو دژى هێرشى تورکیا دەبن بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان، کە ئەوەش دەچێتە چوارچێوەى بەرژەوەندى کورد و سووریا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین