کاتێک نەتەوە دەپژمێت؛ لە بەهاری (1848)ـی ئەوروپاوە بۆ خەزانی ناسیۆنالیزمی کوردی بیروڕا

نوچەنێت

نووسینی: ئەلەند ئیبراهیم

پێشەکی: 

مێژووی مرۆڤایەتی، لە جەوهەردا، ململانێیەکی بەردەوامی نێوان دوو ئیرادەی دژبەیەکە: ئیرادەیەک کە هەوڵی وەستاندنی کات و پاراستنی باری باو (Status Quo) دەدات، ئیرادەیەکی تر دەیەوێت بە تێپەڕاندنی سنوورە دەستکردەکان، مێژوویەکی نوێ بخولقێنێت. ئەم ململانێیە،  لە سەدەی نۆزدەهەمی ئەوروپادا لە نێوان کۆنەپارێزیی ئیمپراتۆری و ناسیۆنالیزمی ڕزگاریخوازدا گەیشتە لوتکە، ئەمڕۆ بە هەمان توندی و بە هەمان کارەکتەرەوە لە واقیعی سیاسیی کوردستاندا دووبارە دەبێتەوە.

'باری باو' بۆ داگیرکەران و پاشکۆکانیان، تەنیا دۆخێکی سیاسی نییە، بەڵکو قەڵایەکی یاسایی و دەروونییە  تێیدا نەتەوەی ژێردەستە قایل دەکرێت بەوەی  مانەوە لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی داگیرکەردا تاکە بژاردەی عەقڵانییە. ئەم عەقڵیەتە،  مێژوو بە کۆنەپارێزی (Conservatism) ناوی دەبات و ناسیۆنالیزم و داوای سەربەخۆیی وەک "تەقینەوەیەک" یان "خەونێکی مەحاڵ" وێنا دەکات. لە بەرامبەردا، ئیرادەی نەتەوەیی  وەک هێزێکی داینامیکی و یاسایی، لە دەرەوەی دەستوورە سه‌پێنراوەکان سەرچاوە دەگرێت: چونکە مافی نەتەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، پێش یاسا دەستکردەکان و پێش ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی وەک "کۆنگرەی ڤیەنا" و "سایکس-پیکۆ" دەکەوێت.

ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانی قووڵی ئێمەیە، دەرکەوتنی چینێکی نوێی "کۆنەپارێزی کوردی"یە. ئەم چینە،  لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بە ڕەنگی جیاواز دەردەکەون، تووشی جۆرێک لە نەیارشەیدایی (Stockholm Syndrome) بوونە. ئەوان وای دەبینن پاراستنی یەکپارچەیی خاکی داگیرکەر و پابەندبوون بە دەستووری پایتەختە غەدرلێکراوەکان، نیشانەی عەقڵانییەتی سیاسییە. ئەوان لەوە تێناگەن  "باری باو" تەنیا زیندانێکی گەورەیە تێیدا ئیرادەی نەتەوەیی کورد دەستەمۆ دەکرێت. 

لەم وتارەدا، بە گەڕانەوە بۆ وانە مێژووییەکانی ئەوروپای سەدەی نۆزدەهەم و بەراوردکردنی جەنگی نێوان کۆنەپارێزەکان و ناسیۆنالیستەکان، هەوڵ دەدەین پەردە لەسەر ئەو وەهمە سیاسییە هەڵبماڵین کە ئێستا بەرۆکی ناسیۆنالیزمی کوردی گرتووە: لە باشوورێک کە لە تەڵەی دەستوورگەرایی عێراقیدا گیری خواردووە، تا باکوورێک کە تیۆری پاراستنی سنوورەکانی بۆ تاشراوە و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایەک کە هێشتا لە چاوەڕوانی "دیموکراسیی ناوەندی"دا کات دەکوژن.

تەوەرەی یەکەم: بەرگی مێژوویی: چۆن ئەوروپا کۆتوبەندی کۆنگرەی ڤیەنای تێکشکاند؟

بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی نەتەوەی کورد تا ئێستا لە بازنەی باری باودا چەقبەستووە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ١٨١٥. لەو ساڵەدا، دوای شکستی ناپۆلیۆن، زلهێزەکانی ئەوروپا لە کۆنگرەی ڤیەنا کۆبوونەوە. ئەم کۆنگرەیە تەنیا کۆبوونەوەیەک نەبوو، بەڵکو دامەزراندنی سیستەمێکی کۆنەپارێزیی ڕەها بوو کە جیهانی عەرەبی و تورکی و ئێرانیی ئێستا، لاسایی کەرەستەکانی دەکەنەوە.

1. سەردەمی مەتەرنیخ: پۆلیسی پاراستنی سنوورەکان (١٨١٥ - ١٨٤٨)

ئەندازیاری ئەم سەردەمە، کلیمێنس ڤۆن مەتەرنیخ، وەزیری دەرەوەی نەمسا بوو. مەتەرنیخ فەلسەفەیەکی سیاسیی هەبوو  پێی دەوترا "پەیمانی ئەوروپی". ئەو بڕوای وابوو کە:

  • نەتەوەییخوازی (Nationalism) نەخۆشییەکی مەترسیدارە و دەبێت وەک تاعوون ڕیشەکێش بکرێت.
  • سنوورەکان نابێت هیچ گۆڕانکارییەکیان تێدا بکرێت، چونکە یەکپارچەیی ئیمپراتۆریەتەکان (وەک ئیمپراتۆریەتی نەمسا کە دەیان نەتەوەی جیاوازی تێدابوو) لە سەروو هەموو شتێکەوەیە.
  • شەرعییەت: تەنیا بۆ پاشاکانە، نەک بۆ گەلان.

لەم قۆناغەدا، هەر جوڵەیەکی نەتەوەیی لە ئیتاڵیا، ئەڵمانیا یان پۆڵەندا، بە توندترین شێوە و بە هێزی سەربازیی هاوبەشی وڵاتان سەرکوت دەکرا. مەتەرنیخ دەیگوت: کاتێک فەرەنسا دەپژمێت، هەموو ئەوروپا تووشی هەڵامەت دەبێت. مەبەستی ئەوە بوو کە دەبێت ڕێگری لە هەر "ڤایرۆسێکی ئازادیخوازی" بکرێت پێش ئەوەی بڵاو ببێتەوە.

2. بوومەلەرزەی ١٨٣٠: درز لە دیواری کۆنەپارێزیدا

لە ساڵی ١٨٣٠دا، یەکەمین شەپۆلی گەورەی ڕاپەڕین دژی ئەم کۆنەپارێزییە دەستی پێکرد. 

  • لە فەرەنسا (شۆڕشی تەمموز): گەل ڕاپەڕی و پاشای کۆنەپارێز (شارلی دەیەم)ی وەدەرنا. لێرەدا چینێکی نوێ هاتنە سەر دەسەڵات کە بڕوایان بە دەستوور و مافی هاووڵاتی هەبوو.
  • سەربەخۆیی بەلجیکا (١٨٣٠): ئەمە گەورەترین شکستی یاسایی کۆنگرەی ڤیەنا بوو. بەلجیکا کە بە زۆر بە هۆڵەنداوە لکێنرابوو، سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند. کۆنەپارێزەکان نەیانتوانی ڕێگری لێ بکەن. ئەمە سەلماندی کە ئیرادەی گەل لەسەروو نەخشە دەستکردەکانەوەیە.

3.  ساڵی ١٨٤٨: بەهاری گەلان و لافاوی نەتەوەیی

ئەم ساڵە وەرچەرخانێکی گەورە بوو. لە پاریسەوە بۆ ڤیەنا، بەرلین، ڕۆما و بوداپێست، شۆڕش هەڵگیرسا. ناسیۆنالیستەکان چیتر داوای "چاکسازی"یان نەدەکرد، بەڵکو داوای دەوڵەتی نەتەوەیییان دەکرد.

  • لە نەمسا: مەتەرنیخ، کە بۆ ماوەی ٣٣ ساڵ حوکمی ئەوروپای کردبوو و پۆلیسی سەرکوتکەری نەتەوەکان بوو، ناچار بوو بە جلی ژنانەوە لە ڤیەنا ڕابکات. ئەمە پەیامێک بوو کە هیچ دەسەڵاتێکی کۆنەپارێز ناتوانێت تا هەتایە لەسەر پشتی نەتەوەکان بمێنێتەوە.
  • لە ئەڵمانیا: پەرلەمانی فرانکفورت پێکهێنرا. ناسیۆنالیستە ئەڵمانەکان کۆبوونەوە تا دەستوورێک بۆ "ئەڵمانیای یەکگرتوو" بنووسن. هەرچەندە شۆڕشەکانی ١٨٤٨ لە ڕووی سەربازییەوە شکستیان خوارد و پاشاکان گەڕانەوە، بەڵام 'وەهمی پیرۆزیی سنوورەکان' بۆ هەمیشە کۆتایی هات.

4. لە ڕۆمانسیزمەوە بۆ ڕیالپۆلیتیک: ئاسن و خوێن (١٨٤٨ - ١٨٧١)

دوای ١٨٤٨، ناسیۆنالیستەکان تێگەیشتن کە تەنیا بە وتار و شۆڕشی سەر شەقام، دەوڵەت دروست نابێت. لێرەدا کارەکتەری وەک ئۆتۆ ڤۆن بیسمارک لە پڕوسیا و کامت کامیلۆ دی کاڤۆر لە ئیتاڵیا دەرکەوتن.

بیسمارک، وەک ناسیۆنالیستێکی پراگماتیک، لە ساڵی ١٨٦٢دا وتە بەناوبانگەکەی پێشکەش کرد: کێشە گەورەکانی ئەم سەردەمە بە بڕیاری زۆرینە و وتار چارەسەر نابن، بەڵکو بە ئاسن و خوێن چارەسەر دەبن.

بیسمارک سێ جەنگی ئەنجامدا (١٨٦٤، ١٨٦٦، ١٨٧٠) نەک بۆ پاراستنی باری باو، بەڵکو بۆ تێکشکاندنی ئەو سنوورانەی کە کۆنەپارێزەکان کێشابوویان. لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٨٧١، لە هۆڵی ئاوێنەکانی کۆشکی ڤێرسای، ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا ڕاگەیەندرا و نەخشەی ئەوروپا بە ئیرادەی نەتەوەیی ئەڵمانەکان دووبارە کێشرایەوە.

وانەی مێژوویی بۆ نەتەوەی کورد:

لەم مێژووەوە تێدەگەین کە کۆنەپارێزەکان (داگیرکەران و پاشکۆکانیان) هەمیشە سێ چەکیان بەکارهێناوە:

  • پاساوی یاسایی: ئەمە دەستوورە و نابێت بەزێنرێت.
  • پاساوی ئەمنی: سەربەخۆیی دەبێتە هۆی شەڕ و ناسەقامگیری.
  • پاساوی نێودەوڵەتی:کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریتان ناکات.

بەڵام ناسیۆنالیستە ڕاستەقینەکانی ئەوروپا (وەک مازینی، گارباڵدی و بیسمارک) گوێیان بەم پاساوانە نەدا. ئەوان دەیانزانی سەروەریی نەتەوەیی لەناو پەرلەمانی داگیرکەراندا وەرناگیرێت، بەڵکو لە دەرەوەی بازنەی "باری باو"دا دروست دەکرێت.

تەوەرەی دووەم: بەسەردابڕینی مێژوو: مەتەرنیخە کوردەکان و پاراستنی قەڵای داگیرکەر

لێرەدا دەگەینە جەوهەری باسەکە. ئەگەر لە ئەوروپای سەدەی نۆزدەهەمدا مەتەرنیخ و هاوبیرەکانی وەک کۆنەپارێز نیشاندران، چونکە دەیانویست ئیمپراتۆریەتە چەوسێنەرەکان لە هەڵوەشانەوە بپارێزن، ئەوا لە کوردستانی ئەمڕۆدا، ئێمە ڕووبەڕووی جۆرێک لە "کۆنەپارێزیی کوردی" دەبینەوە کە لەژێر ناوی جیاوازدا، هەمان ڕۆڵی مەتەرنیخ دەگێڕن. ئەم مەتەرنیخە کوردانە، نەک تەنیا ڕێگری لە سەربەخۆیی دەکەن، بەڵکو بوونەتە پاسەوانی ئەو سنوورانەی کە داگیرکەران کێشاویانە.

یەکەم: باشووری کوردستان و تەڵەی دەستوورگەرایی

لە باشووری کوردستان، کۆنەپارێزیی سیاسی لە پشت پەردەی یاسا و دەستوور خۆی حەشار داوە. دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، چینێک لە سیاسی و تەنانەت یاساناسانی کورد دەرکەوتن کە تەواوی خەباتی نەتەوەییان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا کورت کردەوە. ئەمانە "مەتەرنیخە دەستوورییەکانن". ئەوان وای نیشان دەدەن  دەستووری عێراق (کە لە واقیعدا تەنیا کاغەزێکی بێبایەخە لای بەغدا و چەندەها کەلێنی یاسایی تێدایە) قەڵایەکی پارێزەرە.

ئەم تاقمە هەمیشە دەڵێن: با نەبینە هۆی تووڕەکردنی بەغدا یان چارەسەر تەنیا لە بەغدایە. ئەمە ڕێک وەک هەڵوێستی ئەو ویلایەتە ئەڵمانیانە وایە  پێش ساڵی ١٨٦٦ دەیانویست لەژێر باڵی نەمسا بن و دەچوونە بەرپێی قەیسەری نەمسا بۆ وەرگرتنی مافە کلتورییەکانیان. ئەوانەی لە باشوور هەوڵی "بەبەغداکردنەوەی" کێشەی کورد دەدەن و قەوارەی هەرێم تەنیا وەک پارێزگایەک دەبینن، هەمان ئەو کۆنەپارێزانەن کە لە ١٨٤٨دا دەیانویست شۆڕشی گەلان کپ بکەنەوە تا بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی نەفەوتێت.

لێرەدا پێویستە لەسەر ڕەهەندی فەلسەفیی ئەم پاشکۆیەتییە بوەستین: ئەوەی لە باشووری کوردستان دەگوزەرێت، تەنیا شکستێکی سیاسی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە فێتیشیزمی دەستووری، جا مەتەرنیخە کوردەکان وا وێنای دەستووری عێراق دەکەن گوایە دەقێکی پیرۆز و نەگۆڕە، لە کاتێکدا لە فەلسەفەی یاسای نێودەوڵەتیدا، دەستوور تەنیا کاتێک ڕەوایی هەیە گوزارشت لە ئیرادەی ئازادی گەل بکات. کاتێک یاسا دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆتکردنی خەونی سەربەخۆیی، ئەو یاسایە چیتر کەرەستەی دادپەروەری نییە، بەڵکو دەبێتە "کۆت و زنجیرێکی یاسایی" داگیرکەر بۆ شەرعییەت دان بە مانەوەی خۆی بەکاری دەهێنێت.

ئەم چینە کۆنەپارێزەی باشوور،  وەک پارێزەری سەرسەختی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەردەکەون و تووشی قەیرانێکی ناسنامەی سیاسی بوونە. ئەوان دەیانەوێت سەروەریی نەتەوەیی لەناو "سەروەریی دەوڵەتێکی دەستکرددا" بدۆزنەوە. ئەمە لە ڕووی فەلسەفییەوە دژبەرییەکی مێژووییە، چونکە ناتوانرێت لە یەک کاتدا هەم ناسیۆنالیست بیت و هەمیش داکۆکیکار بیت لەو دەستوورەی بوونی نەتەوەکەت وەک "کەمینە" و "پاشکۆ" پێناسە دەکات. ئەوانەی لە دوای ٢٠١٧وە بەردەوام دەهۆڵ بۆ "گەڕانەوە بۆ بەغدا" لێ دەدەن، لە ڕاستیدا هەوڵی گەڕانەوە دەدەن بۆ ناو ئەو "کۆنگرەی ڤیەنا"یە ی کە دەیەوێت نەخشەی ناوچەکە بە چەقبەستوویی بمێنێتەوە.

لە ڕوانگەی ڕیالپۆلیتیکیشەوە، ئەم کۆنەپارێزییە کوردییە جۆرێکە لە خۆکوژیی سیاسی. ئەوان پێیان وایە بە پابەندبوون بە یاساکانی بەغدا، دەتوانن پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم بکەن، بەڵام مێژووی ئەوروپا فێری کردین ئیمپراتۆریەتەکان (وەک نەمسا و پڕوسیا پێش یەکگرتن) تەنیا کاتێک ڕێز لە یاسا دەگرن کە هێزێکی نەتەوەیی لە بەرامبەریاندا هەبێت. کاتێک ناسیۆنالیستە کوردەکان دەبنە یاساناس و پارێزەری دەوڵەتی داگیرکەر، بە کردەوە شەرعییەت لە داواکارییە نەتەوەییەکانی خۆیان دادەماڵن. ئەوەی ئێستا لە باشوور دەبینرێت، هەوڵێکی بێهودەیە بۆ ڕازیکردنی جەلاد لە ڕێگەی نیشاندانی دڵسۆزی بۆ یاساکانی جەلاد. بۆیە ئەم مەتەرنیخە نوێیانە، بەناوی پاراستنی بژێوی و سەقامگیریی سیاسی، خەریکی تێکشکاندنی ئەو ئیرادە نەتەوەییەن کە لە ١٨٤٨ی ئەوروپادا وەک لافاو تەختی پاشاکانی هەژاند. ئەوان نایانەوێت تێبگەن کە "دەوڵەت" پێش ئەوەی دامەزراوەیەکی یاسایی بێت، ئیرادەیەکی فەلسەفی و دەروونییە. کاتێک مرۆڤی کورد لە باشوور فێر دەکرێت بەغدا قیبلەی چارەسەرە، ئەوە لێدانی ڕیشەیی ناسیۆنالیزمە لە قووڵایی فیکری نەوەکانی داهاتوودا. ئەمە مەترسیدارترین جۆری کۆنەپارێزییە، چونکە دەیەوێت داگیرکاریی دەروونی بکاتە جێگرەوەی داگیرکاریی سەربازی. تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە لە باشوور، پێویستی بە شۆڕشێکی فیکری هەیە دژی ئەو "یاساناسە کۆنەپارێزانە"ی  خەریکی دارشتنەوەی کۆیلایەتین لە قاڵبێکی یاسایی و دەستووریدا.

دووەم: باکووری کوردستان و وەهمی  دیموکراتیک

لە باکووری کوردستان، دیمەنەکە ئاڵۆزتر و لە هەمان کاتدا مەترسیدارترە. لێرەدا کۆنەپارێزیی لەناو بەرگێکی مۆدێرن و ئایدیۆلۆژیدا خۆی حەشار داوە. ع ئۆجەلان و پارتی کرێکاران، ڕۆژانێک بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ خەباتیان دەکرد، ئێستا گۆڕاون بۆ پارێزەری سنوورەکانی تورکیا و دەوڵەتە داگیرکەرەکان.

تیۆری "نەتەوەی دیموکراتیک" و "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک" لە جەوهەردا جۆرێکە لە کۆنەپارێزیی سیاسیە کە دەیەوێت ئیرادەی نەتەوەیی کورد بۆ دەوڵەتبوون بمرێنێت. کاتێک ئۆجەلان دەڵێت "ئێمە دەوڵەتمان ناوێت و سنوورەکان پیرۆزن"، ئەو بە کردەوە دەبێتە پۆلیسی پاراستنی ئەو سنوورانەی کە مەتەرنیخە تورکەکان کێشاویانە. ئەمە گەورەترین "نەیارشەیدایی" مێژووییە:  تێیدا قوربانی نەک هەر لە جەلادەکەی خۆش دەبێت، بەڵکو هەوڵی پاراستنی شکۆی دەوڵەت و خاکی جەلادەکەش دەدات. ئەمانە وەک ئەو لیبڕاڵە شەرمنانەی ئەوروپان کە لە شۆڕشی ١٨٤٨دا لە نیوەی ڕێگەدا پاشەکشەیان کرد و چوونەوە باوەشی پاشاکان.

لە باکووری کوردستان، ئێمە لەبەردەم سەیریترین و ئاڵۆزترین شێوەی کۆنەپارێزیدا وەستاوین: کۆنەپارێزییەک لەناو بەرگێکی شۆڕشگێڕانەدا خۆی نمایش دەکات، بەڵام لە جەوهەردا بووەتە پاسەوانی سنوورەکانی "میساقی میللی". ئەگەر لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا ناسیۆنالیزمی کوردی لە باکوور وەک لافاوێکی سەرکێش بەرەو سەربەخۆیی دەچوو، ئەوا لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ئەم ئیرادەیە لە ڕێگەی تیۆرییەکی تەمومژاوییەوە بەناوی "نەتەوەی دیموکراتیک" و "کۆنفیدراڵیزمی بێ دەوڵەت" بەرەو کەنارە بێدەنگەکانی پاشکۆیەتی ئاراستە کرا. ئەم گۆڕانە نەک تەنیا پاشەکشەیەکی سیاسی، بەڵکو کودەتایەکی فەلسەفی بوو دژی ناسنامەی نەتەوەیی کورد.

ئەم عەقڵییەتەی ئێستا لە باکوور و لەناو گوتاری سیاسیی پەکەکە و ئۆجەلاندا باڵادەستە، کار لەسەر جۆرێک لە "خۆسڕینەوەی نەتەوەیی" دەکات لەپێناو مانەوە لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا. لە ڕووی فەلسەفییەوە، داهێنانی چەمکی "نەتەوەی دیموکراتیک" هەوڵێکە بۆ داماڵینی نەتەوەی کورد لە تاقە چەکەکەی، ئەویش ئیرادەی دەوڵەتبوونە. کاتێک ڕابەرایەتیی سیاسی لە باکوور دەڵێت: دەوڵەت ئامرازی چەوسانەوەیە و ئێمە نامانەوێت. ئەوان ڕێک هەمان ئەو پەیامە دەدەنەوە بەگوێی تورکیادا کە مەتەرنیخ بە پاشاکانی ئەوروپای دەگوت: خەمتان نەبێت، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر گۆڕانکارییەک بکەین کە یەکپارچەیی ئیمپراتۆریەت تێک بدات. ئەمە لوتکەی کۆنەپارێزییە  تێیدا قوربانی ئامادەیە ئازادیی خۆیی بکاتە قوربانی مانەوەی داگیرکەرەکەی.  دەبێت ئاماژە بەوە بدەین ئەم دۆخە نیشانەیەکی ڕوونی نەیارشەیدایی (Stockholm Syndrome) یە. چۆن دەکرێت نەتەوەیەک سەد ساڵە بەدەست فاشیزمی تورکەوە دەناڵێنێت، ئێستا هێزە سیاسییەکانی بانگەشەی ئەوە بکەن کە چارەسەر لە دیموکراسیبوونی تورکیادایە؟! ئەمە وەهمێکی گەورەیە مەبەست لێی سڕکردنی جەماوەرە. ئەو "کۆنەپارێزییە ئایدیۆلۆژییە"ی  ئێستا لە باکوور حوکم دەکات، کوردی کردووەتە "پۆلیسی سنوور" بۆ دەوڵەتێک هێشتا بوونی کورد ڕەت دەکاتەوە. ئەوان لەبری ئەوەی وەک ناسیۆنالیستە ئەڵمانەکانی ١٨٤٨ هەوڵی یەکگرتن و سەربەخۆیی بدەن، خەریکی پاساوهێنانەوەن بۆ مانەوە لەناو قەفەزی برایەتی گەلاندا، کە لە ڕاستیدا برایەتییەک نییە جیا لە تەسلیمبوون بە باڵادەستیی نەتەوەی سەردەست.

لەم سۆنگەیەوە، بەڕێز ئۆجەلان وەک کارەکتەرێکی کۆنەپارێز دەردەکەوێت کە توانیویەتی "وزەی شۆڕشگێڕی" نەتەوەیەک بەلاڕێدا ببات. ئەو لە سەربەخۆیییەوە گەیشتە "تورکیا بوون"، ئەمەش ڕێک هەمان ئەو پاشەکشەیە بوو  لیبڕاڵە ترسنۆکەکانی ئەوروپا لە ساڵی ١٨٤٩دا بەرامبەر پاشاکانی نەمسا و پڕوسیا کردیان، کاتێک لە ترسی جەنگ و لەدەستدانی پێگەیان، خەونی نەتەوەییان فرۆشت و گەڕانەوە بۆ خزمەتکردنی تەختی پاشایەتی. لە باکووری کوردستان، ناسیۆنالیزم لە تەڵەی تیۆرییەکدا گیراوە کە تێیدا "کورد" تەنیا وەک ڕەنگێکی فۆلکلۆری لەناو "کۆماری تورکیا"دا دەمێنێتەوە.

بۆیە، ئەرکی ناسیۆنالیستە ڕاستەقینەکان لە باکوور ئەوەیە کە ئەم وەهمە دیموکراسییە تێکبشکێنن. دەبێت تێبگەن  پاراستنی یەکپارچەیی خاکی تورکیا و سووریا، ئەرکی کورد نییە. ئەو کۆنەپارێزییەی دەڵێت سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە، تەنیا درۆیەکەی سیاسییە بۆ ئەوەی کورد بە بێدەسەڵاتی بمێنێتەوە، لە کاتێکدا هەموو دەوروبەرمان بە هێزی دەوڵەتی نەتەوەیی خەریکی سڕینەوەی ئێمەن. تێپەڕاندنی مەتەرنیخە کوردەکانی باکوور، پێویستی بە گەڕانەوە هەیە بۆ فیکری دەوڵەتی سەربەخۆ، چونکە تەنیا لەوێدا شکۆی یاسایی و سیاسیی مرۆڤی کورد دەپارێزرێت.

سێیەم: ڕۆژئاوای کوردستان: نیشتمان وەک قوربانی ئایدۆلۆژیایەک

لە ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنەپارێزیی سیاسی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە تێیدا "باری باو" نەک هەر پارێزگاری لە سنوورەکان دەکات، بەڵکو خەریکی سڕینەوەی جەوهەری نەتەوەیی کوردیشە. ئەو هێزەی لەوێ حوکم دەکات، لەبری ئەوەی ڕۆژئاوا بکاتە ناوەندێکی ناسیۆنالیستی بۆ دەوڵەتسازی، کردوویەتییە تاقیگەیەک بۆ تاقیکردنەوەی فەلسەفەیەکی پاشکۆ کە لە قەندیلەوە بۆی کێشراوە: فەلسەفەیەک کە کورد لە نەتەوەیەکی خاوەن خاکەوە دەگۆڕێت بۆ پاشکۆیەکی ئایدۆلۆژی کە ئەرکی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی داگیرکەرانی لەسەر شانە.

ئەوەی لەم دواییانەدا لە ڕۆژئاوا ڕوویدا، بە تایبەت دوای زنجیرە خیانەتەکانی هەندێک لە خێڵە عەرەبەکان، سەرباز و پێکهاتەکانی تری ناو هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ تێکشکانی ئەو وەهمەی پێی دەوترێت "برایەتی گەلان". ئەم دروشمە، کە لە جەوهەردا بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی سەربەخۆیی کورد تاشراوە، بووەتە تەڵەیەکی مێژوویی. کاتێک پێکهاتە نافەرمییەکان و ئەوانەی کورد خوێنی بۆ ڕشتن تا لە چنگی داعش ڕزگاریان بکات، لە یەکەم وەرچەرخاندا خەنجەری خیانەتیان لە پشتی کورد دا، سەلماندیان کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا "نەتەوە" حەقیقەتە و "برایەتیی ئایدۆلۆژی" وەهمێکی بێبایەخە.

کارەساتی گەورە لێرەدایە: ئەگەر هەسەدە و ئیدارەی سیاسیی ڕۆژئاوا، دوای ئەم هەموو تاقیكردنەوە تاڵانە و دوای بینینی خیانەتی ئەو پێکهاتانەی کە نانی کورد دەخۆن و بۆ ئەجێندای دیمەشق و ئەنقەرە کار دەکەن، هێشتا بەردەوام بن لە بەرزکردنەوەی دروشمی "برایەتی گەلان" و "نەتەوەی دیموکراتیک"، ئەوا ئەوە تەنیا هەڵەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو خۆکوژییەکی نەتەوەیی و کارەساتێکی گەورەیە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە مەتەرنیخە کوردەکانی ڕۆژئاوا تووشی قووڵترین جۆری نەیارشەیدایی بوون. ئەوان ئامادەن نەتەوەکەی خۆیان بکەنە قوربانی تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە وەفادارن بۆ فەلسەفەیەک کە تەنیا خزمەت بە مانەوەی کورد دەکات وەک پاشکۆ.

ڕۆژئاوا ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی بیسمارکییاندایە: یان دەبێت دەست لەو فەلسەفە چەقبەستووەی پەکەکە هەڵبگرن کە خەونی دەوڵەتی لێ قەدەغە کردوون، یان ئەوەتا لەناو لافاوی خیانەتی "پێکهاتەکان"دا نوقم دەبن. ناسیۆنالیزمی ڕاستەقینە پێمان دەڵێت کە خاکێک بە خوێنی کورد ئازاد کرابێت، نابێت بکرێتە قوربانی پێکەوەژیانێکی وەهمیی لەگەڵ ئەوانەی دژایەتی بوونی کورد دەکەن. کاتی ئەوە هاتووە ڕۆژئاوا لە "کۆنەپارێزیی ئایدۆلۆژی" ڕزگار بکرێت و بگەڕێتەوە بۆ ڕەچەڵەکە نەتەوەییەکەی خۆی. مانەوە لەناو تەڵەی برایەتی گەلان، دوای خیانەتی سەربازە عەرەبەکانی ناو هەسەدە، تەنیا مانایەک دەبەخشێت:  کورد وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی سووریا بەکاربدەهێنرێ، نەک وەک نەتەوەیەکی خاوەن شکۆ. 

تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پێویستی بەوەیە کە ڕۆژئاوا تێبگات: نەتەوەکان بە "ئاسن و خوێن" و پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی دروست دەبن، نەک پاڕانەوە بۆ برایەتی.

ستراتیژییەتی ئاپۆیزم تەنیا قەتیسکردنی کورد نییە لەناو چەتری داگیرکاریدا، بەڵکو پڕۆژەیەکی قووڵترە بۆ داماڵینی کورد لە سیاسەت و گۆڕینی ئیرادەی نەتەوەیی بۆ بوونەوەرێکی خەیاڵپڵاوی "تەواو ئەخلاقی" کە لەناو کایەی هێزدا هیچ بکەرایەتییەکی نییە. بۆیە چارەسەری ئەم چەقبەستووییە لە باکوور و ڕۆژئاوای نیشتمان، بە ڕەخنەی سیاسیی سەرپێیی کۆتایی نایەت، بەڵکو دەبێت ئەو فەلسەفەیە لە ڕەگەوە هەڵبتەکێنرێت کە خەریکی ئەندازیاریکردنی مرۆڤی کوردە وەک قوربانییەکی بێدەسەڵات. ئەو برایەتییەی ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن، تەڵەیەکی فەلسەفییە و تەنیا بە دوو مەرجی کوشندە دێتە دی: 

١. سڕینەوەی هەر چەمکێک بەناوی "سیستەم" وەک هێزێکی سیاسی.

 ٢. گەڕاندنەوەی بوونی کۆمەڵایەتیی کورد بۆ دۆخێکی "ئۆرگانی و ئیکۆلۆژیک" کە تێیدا کورد وەک ەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەت دەمرێت و تەنیا وەک دیاردەیەکی سروشتی لە پەراوێزی مێژوودا دەمێنێتەوە.

چوارەم: ڕۆژهەڵاتی کوردستان:  چاوەڕوانی بۆ ساباتی دیموکراسیی تاران

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆنەپارێزیی سیاسی لە چاوەڕوانییەکی بێهودەدا دەردەکەوێت. هەندێک لایەن وای نیشان دەدەن  کێشەی کورد لە تاران چارەسەر دەبێت،  ئەگەر ڕژێمی ئێران ببێتە دیموکرات، کورد دەگاتە مافەکانی. 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆنەپارێزیی سیاسی لەناو بەرگێکی "ئێرانیبوون" و "وەهمی دیموکراسیی ناوەند"دا خۆی حەشار داوە. لێرەدا، مەتەرنیخە کوردەکان تەنیا ئەوانە نین لە دەسەڵاتدان، بەڵکو ئەو نوخبە سیاسی و ڕۆشنبیرەیە کە پێیان وایە چارەنووسی نەتەوەی کورد بەستراوەتەوە بە گۆڕانی سیستەم لە تاران. ئەمە لە ڕووی فەلسەفەی سیاسییەوە گەورەترین تەڵەی کۆنەپارێزییە: چونکە تێیدا ئیرادەی نەتەوەیی کورد دەکرێتە پاشکۆیەک بۆ بزووتنەوەیەکی تر کە لە جەوهەردا، چەپ بێت یان ڕاست، ئایینی بێت یان عەلمانی، بڕوای بە باڵادەستیی نەتەوەی فارس و پاراستنی سنوورە دەستکردەکان هەیە.

 دەبێت ئەم واقیعە بە ڕوونی شی بکەینەوە: ئەو لایەنە کوردییانەی لە ڕۆژهەڵات هێشتا باس لە دیموکراسی بۆ ئێران و فیدراڵیزم بۆ کوردستان دەکەن، ڕێک هەمان ئەو ناسیۆنالیستە پۆڵەندییە شکستخواردووانەی سەدەی نۆزدەهەمن کە دەیانویست لەژێر سێبەری قەیسەری ڕووسیادا بگەنە مافی نەتەوەیی. ئەوان تێناگەن کە لە فەلسەفەی دەوڵەتدا لە ئێران، چەمکی یەکپارچەیی خاک پیرۆزییەکی ڕەهای هەیە کە ڕێگە بە هیچ جۆرە دابەشکردنێکی سەروەری نادات. بۆیە، وەستان لە سەنگەری ئێرانیبووندا، جۆرێکە لە کۆنەپارێزیی سیاسی تێیدا کورد وزەی خۆی بۆ بزووتنەوەیەک خەرج دەکات کە لە کۆتاییدا هەر خودی کورد وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی پێناسە دەکاتەوە.

ئەم عەقڵییەتە کۆنەپارێزەی ڕۆژهەڵات، کە لە تارانەوە چاوەڕێی سەردەمی بەختەوەری دەکات، تووشی جۆرێک لە "ڕۆمانسیزمی سیاسی" بووە. ئەوان وای نیشان دەدەن  ئەگەر تاران ببێتە دیموکراسی، کێشەی نەتەوەیی کورد کۆتایی دێت. بەڵام مێژووی ئەوروپا پێمان دەڵێت  تەنانەت لیبڕاڵەکان و دیموکراتەکانی ئەڵمانیا و نەمسا لە ساڵی ١٨٤٨دا، کاتێک گەیشتە سەر پرسی نەتەوەکانی تر (وەک چیکییەکان و مەجەڕەکان)، هەمان ڕەفتاری کۆنەپارێزییان نواند و ڕەتیان کردەوە مافی سەربەخۆییان پێ بدەن. داگیرکەری دیموکرات لە پرسی نەتەوەییدا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ داگیرکەری دیکتاتۆر نییە، چونکە هەردووکیان لەسەر پاراستنی باری باوکۆکن.

بۆیە مەتەرنیخە کوردەکانی ڕۆژهەڵات، بەناوی هاووڵاتیبوونی ئێرانی و خەباتی مەدەنیی سەرتاسەری، خەریکی سڕینەوەی سنوورە فیکرییەکانی نێوان نەتەوەی کورد و نەتەوەی داگیرکەرن. ئەمە ترسناکترین جۆری داگیرکارییە، چونکە ناسیۆنالیزمی کورد لە پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەییەوە دەگۆڕێت بۆ پڕۆژەیەکی چاکسازیی ناوخۆیی لە دەوڵەتێکی تردا. لە ڕووی یاساییەوە، ئەمە ڕادەستکردنی مافی چارەی خۆنووسینە بە ویستی نەتەوەی زۆرینە لە تاران. هەر هێزێکی سیاسی ئیرادەی نەتەوەیی کورد ببەستێتەوە بە ڕاپەڕینی تاران و ئەسفەهان، لە ڕاستیدا خەریکی پاراستنی ئەو قەڵا کۆنەپارێزییەیە مەتەرنیخە ئێرانییەکان بۆ کوردیان دروست کردووە.

بۆیە، پێویستە ناسیۆنالیزمی ڕۆژهەڵات لەم وەهمە مێژووییە ڕزگار بکرێت. کورد لەو پارچەیەدا نابێت تەنیا وەک ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتی ئێران مامەڵە بکات، بەڵکو دەبێت وەک نەتەوەیەکی داگیرکراو خۆی پێناسە بکاتەوە. تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پێویستی بەوەیە کە "ئاسن و خوێن"ی بیسمارکییانە لە فیکری نەتەوەییدا جێگەی "پاڕانەوەی دیموکراتییانە" بگرێتەوە. ناسیۆنالیستە ڕاستەقینەکانی ڕۆژهەڵات دەبێت بزانن هیچ دەستوور و ڕێککەوتنێک لە تاران شکۆ بۆ کورد ناگەڕێنێتەوە، تەنیا تێکشکاندنی ئەو سنوورە دەروونی و سیاسییانە نەبێ، کە  کوردی کردووەتە پاشکۆی ئەجێندای بێگانە. 

تەوەرەی سێیەم: کورد لە نێوان مەتەرنیخیزمی ناوخۆیی و حەقیقەتی دەوڵەتدا

لێرەدا دەگەینە خاڵی کۆتایی و یەکلاکەرەوە: ئەو شوێنەی دەبێت تیۆرییە مێژووییەکان و واقیعە تاڵەکان لە یەک بواردا کۆبکەینەوە بۆ داڕشتنی نەخشەی ڕێگای ئایندە. مێژووی ئەوروپا و ئەزموونی دەوڵەتسازیی نەتەوەکان پێمان دەڵێت  ناسیۆنالیزم خەون نییە، بەڵکو تاقە حەقیقەتی سیاسییە  شکۆ بۆ گەلان دەگەڕێنێتەوە. ئەوەی خەونی مەحاڵ و وەهمێکی بێبنەمایە، بڕوابوونە بەوەی دەکرێت لەژێر سێبەری داگیرکەردا و بە یاسا و دەستووری دوژمن، مافە نەتەوەییەکان بەدەست بهێنرێن. 

ئۆتۆ ڤۆن بیسمارک، ئەو ناسیۆنالیستە ڕاستەقینەیەی ئەڵمانیای لە پەرتەوازەیی و ژێردەستەیی نەمسا و فەرەنسا ڕزگار کرد، بناغەی فیکری سیاسیی خۆی لەسەر ڕاستییەکی سارد و بێبەزەیی دانا کاتێک گووتی: کێشە گەورەکانی ئەم سەردەمە بە وتار و بڕیاری زۆرینە چارەسەر نابن، بەڵکو بە ئاسن و خوێن چارەسەر دەبن. ئەم وتەیە تەنیا بانگەشە بۆ جەنگ نییە، بەڵکو گوزارشتە لە ڕاستییەکی وەرچەرخاو، ئەو ڕاستییەی  دەڵێت سەروەریی نەتەوەیی بە دیاری لەلایەن داگیرکەرەوە پێشکەش ناکرێت، بەڵکو دەبێت بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بسەپێنرێت. ناسیۆنالیستە کوردەکان دەبێت لە بیسمارکەوە فێر ببن  "دەوڵەت" پێویستی بە سازش نییە، بەڵکو پێویستی بە هێز و سەروەرییە.

ئەو مەتەرنیخە کوردانەی  لە هەر چوار پارچەی کوردستان خەریکی ئیدارەکردنی کێشەکانن لەگەڵ دوژمن لەبری تێکشکاندنی ئەو کێشانە، گەورەترین مەترسین بۆ سەر ئایندەی نەتەوەکەمان. ئەوان وا وێنا دەکەن کە پێکەوەژیان لەگەڵ داگیرکەر لەسەر خاکی کوردستان عەقڵانییەتە، بەڵام بیسمارک بە هەمان ئەو عەقڵییەتە کۆنەپارێزەی سەردەمی خۆی دەگووت: سیاسەت بریتی نییە لە چاوەڕوانکردنی شانس، بەڵکو بریتییە لەوەی گوێ لە هەنگاوەکانی خودا بگریت کاتێک بە ناو مێژوودا تێدەپەڕێت و پاشان باز بدەیت و قۆڵی بگریت. لێرەدا وشەی "مێژوو"وەک جێگرەوەیەک بۆ "خودا" بەکاردەهێنین، چونکە مەبەستی بیسمارک لە هەنگاوی خودا، هەمان دەرفەتی مێژوویی بوو، کە کۆنەپارێزە ناوخۆییەکانمان خەریکی پاساوھێنانەوەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو هەلانە. بۆیە ئەگەر بێینە دەرەوەی بازاڕی فرۆشتنی شکۆ، هیچ بژاردەیەکی سێیەم بوونی نییە: یان کوردستانێکی سەربەخۆ یان هیچ!.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین