عوسمان بایدەمیر: ڕێککەوتنی ناوخۆیی دەرمانی ئازارەکانمانە کوردستانی

نوچەنێت

عوسمان بایدەمیر، سیاسەتڤانی کوردی باکووری کوردستان لە کۆڕبەندی مێپس گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، "پێویستە لە نێو خۆماندا ڕێککەوتنی ناوخۆیی بکەین، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت هەرێمی کوردستان دەبێتە گەورەترین پشتگیری بۆ رۆژئاوای کوردستان".

ڕۆژی چوارشەممە (2025/11/19) عوسمان بایدەمیر، سیاسەتڤانی باکووری کوردستان و سەرۆك شارەوانی پێشووی ئامەد بەشداری لە کۆڕبەندی مێپس کرد کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی-دهۆک بەڕێوەدەچێت و ڕایگەیاند، "داوا دەکەین هەولێر ببێتە پرد لەنێوان قامشلۆ و ئەنقەرە، لە جیهاندا هیچ شتێک دەوڵەمەندتر نییە لە ئاشتی، ئاشتەوایی و ئارامی و پیرۆزترین شتیش کارکردنە بۆ ئاشتەوایی کە لە قووڵایی دڵی مرۆڤایەتییەوە هەڵدەقوڵێت". هاوکات دووپاتی دەکاتەوە، "سوپاسی گەلی باشووری کوردستان و سەرجەم پارتە سیاسیەکان دەکات، یەک تکا و بانگەوازی هەیە ئەویش بریتییە لەوەی رێککەوتنی نەتەوەیی نێوخۆیی بەهێزتر بکەن، یەکگرتووبن و رۆژێک زووتر حکوومەت پێکبهێنن چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە گەورەترین پشتگیری بۆ رۆژئاوای کوردستان".

بایدەمیر دەشڵێت، "رێککەوتنی سایکس پیکۆ وەک کفنێک لێمان پێچرا، بەڵام لە قازی محەممەدەوە تاوەکو مەلا مستەفا بارزانی نەمر، تاوەکو شێخ سەعیدی پیران و سەید رەزا و تاوەکو خۆڕاگریی کۆبانێ لە سایەی شەهیدانی کورد و کوردستان ئەو کفنە دڕا. ئەو کفنە رزا و ئەمڕۆ دەڵێین: ئێمە ئازارەکانی خۆمان دەزانین، بەڵام دەرمانی ئازارەکانی خۆشمان دەزانین. دەرمانی ئازارەکەشمان رێککەوتنی نێوخۆیە. رێککەوتنی نێوخۆیی دژی ئەنقەرە، بەغدا، شام و تاران نییە بەڵکو دەبێتە بناخەی ئازادی و ئاشتی. ئەگەر ئاشتی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدی بێت، برا تورک، عەرەب و فارسەکانیشمان لەگەڵ ئێمە دەگەن بە دیموکراسی، یەکسانی و ئارامی، رێککەوتنی نەتەوەیی گەورەترین و گرنگترین خەباتی ئاشتییە."

عوسمان بایدەمیر دەربارەی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کوردی لە تورکیا دەڵێت، "سوپاسی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەم کە دەزانم رۆڵ و رەنجی لەو پرۆسەیەدا زۆر گەورە بوو. ئەو ریککەوتنەی لە رۆژئاڤای کوردستان پێکهات و ئەمڕۆ کە دەتوانین پێکەوە کۆببینەوە بە کاریگەری ئەو پرۆسەیە ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت".

لە بەردەوامی گوتارەکەیدا عوسمان بایدەمیر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "سوپاسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەم کە شەڕ و پێکدادان و کوشتن بە پشتیوانی خودا لەم پرۆسەیەدا کۆتایی بێت و قۆناخێکی نوێ دەستپێبکات."

بایدەمیر جەخت لە گرنگی رێککەوتنی نێو ماڵی کورد دەکاتەوە و دەڵێت، "پێویستمان بە یەک شتە. من شایەدی خۆڕاگری کۆبانێ، پێشمەرگە و شەڕڤانانی هەرچوار پارچەی کوردستان بووم. سوپاس بۆ خودا ئەو شەڕە تەواو بوو، بەڵام ئەو رۆحەی خۆڕاگری کۆبانێ رۆحێکی مێژوویی بوو. وەرن با رۆحی خۆڕاگری کۆبانێ بکەینە خاڵی دیبلۆماسی، گفتوگۆ و دانوستاندن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین