سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: کوردستان وەک هەمیشە چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت) پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ لە هاووڵاتییانى مەسیحیمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها له‌ ته‌واوى مه‌سیحییان له‌ جیهان، پیرۆز دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە بە خۆشی و شادی و لە کەشێکی ئارامدا بکەنەوە".

ڕۆژی چوارشەممە (2025/12/24) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی تایبەت بە جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت) ڕایگەیاند، "کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی ئارام و چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، "با پەیامی ئەم جەژنە، پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و قووڵکردنەوەی برایەتی بێت لەنێوان هەمووماندا".

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

جەژنى لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ لە هاووڵاتییانى مەسیحیمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها له‌ ته‌واوى مه‌سیحییان له‌ جیهان، پیرۆز دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە بە خۆشی و شادی و لە کەشێکی ئارامدا بکەنەوە.

خوشک و برایانی مەسیحی پێکهاتەیەکی ڕەسەن و بەشێکی دانەبڕاوی مێژوو و ئێستا و داهاتووی كوردستانن. لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، جارێکی دیکە پابەندیی هەرێمی کوردستان دووپات دەکەینەوە بە پاراستنی کولتووری دێرینی پێکەوەژیان، لێبووردەیی و یەکترقبووڵکردن. دڵنیاتان دەکەینەوە کە هه‌رێمى کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی ئارام و چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.

ئێمە هەموومان لەم نیشتمانەدا هاوبەش و هاوچاره‌نووسین؛ پێکەوە لە ڕۆژە سەختەکاندا قوربانیمان داوە و پێکەوەش بە تەبایی و یەکڕیزی کار بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بۆ نەوەکانمان دەکەین. با پەیامی ئەم جەژنە، پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و قووڵکردنەوەی برایەتی بێت لەنێوان هەمووماندا.

كریسمس لە هەموو لایەک پیرۆز بێت، هەموو ساڵێک بە خۆشی و کامەرانی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین