فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌سه‌ر دۆسیه‌ى حوكمدراوه‌كانى بادینان داوایه‌ك ئاراسته‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌كات کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ فراكسیۆنى یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان له‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر دۆسیه‌ى حوكمدراوه‌كانى دهۆك راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و داوایه‌ك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ هه‌شتى ئایار له‌سه‌ر دۆسیه‌ى پێنج حوكمدراوه‌كه‌ى بادینان فراكسیۆنى یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ ده‌ڵێ، "کاریگەری نەرێنی دەبێت لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان بۆ لەکەدار بوونی ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان و ئەزمونە حوکمرانیەکەی"

رۆژى شه‌شى ئایار دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بڕیارى سزادانى شه‌ش ساڵ زیندانى بۆ هه‌ر یه‌كه‌ له‌، شێروان ئەمین سلێمان، شڤان سەعید عومەر، ئەیاز کەرەم رەشید، هاریوان عیسا محەممەد، گوهدار حەمەد ئەمین عەبدولمەجید، په‌سه‌ند كرد كه‌ پێشتر به‌ تۆمه‌تى بوونى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ و سیخوڕى و هه‌وڵدان بۆ تێكدانى ئارامى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن دادگاوه‌ تۆمه‌تبار كرا بوون. ئه‌مه‌یش چه‌ند ناڕه‌زاییه‌كى له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ لێكه‌وته‌وه‌. حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ حه‌وتى ئایار راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دادگاكان له‌ بڕیاردان سه‌ربه‌خۆن و حكومه‌ت ده‌ست ناخاته‌ كاروباریان.

ده‌قى راگه‌یێندراوى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مان:


سەبارەت بەبریاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان  بۆ سزای زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دەڤەری بادینان ، کەبەدەنگی (٣ ) ئەندام لە کۆی (٥ )ئەندامی دادگاکە پلەی کۆتایی پێدراوە.

پێمان وایە شێوازی پەسەند کردنی بریارەکە فشارو سێبەری سیاسی و حوکمی پێشوەختەی بەسەرەوە دیارە ، ئەمەش نەنگی و عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سیستەمی دادوەری ، بێگومان کاریگەری نەرێنی دەبێت لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان بۆ لەکەدار بوونی ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان و ئەزمونە حوکمرانیەکەی .

ئێمە لە فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان  وێرای سوور بوونمان لەسەر بەرگری کردن لە ماف و ئازادیەکان و پێداگری بەردەواممان لەسەر باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان ، پێمان وایە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە پاراستنی ئازادی رادەربرین و سەروەری یاسا دەستەبەر دەبێت ، ئەم بریارەش پێشھاتێکی مەترسیدارە ،سەروەری یاسای لەھەرێم خستۆتە ژێر پرسیارەوە ؟

ھەربۆیە نابێیت رێگە بدرێت لە ژێر ھەر بیانوو پاساوێک دادگا بکرێتە سەنگەری کپکردنی دەنگی ئازاد و بەرتەسک کردنەوەی فەزای کاری مەدەنی ، بۆ ئەم مەبەستە داوا لەسەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین لەپێناو پاراستنی سومعەی ھەرێـم دەستەڵاتەکانی خۆی بەکاربھێنیت ئەو لادانە راستبکاتەوە .

لەھەمان کاتدا داوا لە سەرجەم ھاوپیشەکانمان لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین باھەموومان بەیەکەوە یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بەرگری لە سەروەری یاساو سەربەخۆیی دادگا و دەنگی ئازاد و پارێزگاری لە شکۆ و ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان بکەین، رێگری ھەرھەوڵێک بین زیان بگەیەنێت بەپەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆستەکانمان لە وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا کە ھەمیشە لەکاتی تەنگانەدا دۆست و پشتیوانی بەھێزمانن  .


فراکسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی کوردستان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین