ئیدارەی خۆسەر داوای رووبەڕووبوونەوەی گشتی هێزەكانی سووریا دەكات کوردستانی

نوچەنێت

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان دەكات رووبەڕووی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی سووریا ببنەوە، دەشڵێت، لە دوێنێوە چەندین هێرشیان كردۆتە سەر هێزەكانمان.

ئەمڕۆ یەكشەممە (2026/1/18) بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی رای گشتی کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق رێککەوتنیان پێشێل کردووە و لە بەیانیی دوێنێوە تاوەکو ئێستا لە چەندین بەرەوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانمان."

 بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بەوە دەكات، كە سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتییانە و "نیشاندانی نیازپاکی" لەرێگەی کشانەوە لە هەندێک ناوچە، "بەڵام دیمەشق سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە شەڕ و بژارەی سەربازی."

لەسەر ئەو بنەمایە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئامادە بن و دەڵێت: "داوا لە گەلەکەمان دەکەین بنەمای بەرگریی رەوا بکەنە بنچینە و شانبەشانی هێزە سەربازییەکانیان بوەستنەوە، شارەکانیان بپارێزن و بەشداری لە شەڕی پاراستنی شکۆمەندیدا بکەن."

 بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە ئامانجی هێرشەکان "لێدانە لەو برایەتییەی کە بە خوێنی کوڕان و کچانی ئێمە بونیاد نراوە و دروستکردنی ئاژاوە و تووندوتیژییە لەنێوان پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا."

 لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە هەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان، بەتایبەتی گەنجان دەکەین، چەک هەڵبگرن و ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو لە ناوچەکانی جزیرە و کۆبانێ. پێویستە بزانین کە لەبەردەم شەڕی مان و نەمانداین و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان، تاکە بژاردە بەرگریی گەلە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین