بەهۆی گەمارۆکانی سوپای سووریا چەندین منداڵ لە ڕۆژئاوا گیانیان لەدەستداوە کوردستانی

نوچەنێت

بەهۆی گەمارۆی هێزی حکومەتی سووریا دۆخی کوردان لە کۆبانێ و حەسەکە و حەلەب بە گشتی لە خراپی دایە و ڕێکخراوی مانگی سووری کورد داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن بە فریای کوردانی کۆبانێوە بچن، بە هۆی گەمارۆ و سەرما و بەفری ناوچەکە تا ئێستا پێنج منداڵ گیانیان لەدەست داوە.

ئەمڕۆ شەممە (24/1/2026) بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكە، دۆخی کۆبانێ لەوپەڕی خراپی دایە و خەڵک لە نێو مزگەوت و قوتابخانەکاندا نیشتەجێ کراون و تەنیا جلەکانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە، گەمارۆکانیش ڕێگر بوون لەوەی هیچ هاوکارییەکیان بەدەست بگات، کە لە هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانە دەکرێت، هاوكات هاووڵاتیان کارەبایان لەسەر بڕاوە و بێ ئاون و هیچ ئامێرێکی گەرمکەرەوەیان نییە.

بە گوێرەی زانیارییەكان تا ئێستا زیاتر لە (150) هەزار هاووڵاتیی لە كۆبانی گیریان خواردووە و بەشێکی دیکەش لە خێزانەکان بۆ ناوەندی شار زۆرێک لە ئاوارەکان ناچارن لەبەر سەرما و لە دەرەوە یان لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا بمێننەوە و چەندین منداڵیش بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەست داوە. هەروەها ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) دەڵێت، ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکان لە پارێزگەی حەسەکە گەیشتووەتە نزیکەی (134,803) کەس. نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند، تەنیا لە شاری کۆبانی، نزیکەی (1,647) کەس ئاوارە بوون و پێویستیان بە پێخەف و جل و بەرگ و گەرمکەرەوە هەیە. 

هاوکات ئەمڕۆ (24/1/2026) مانگی سووری کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی گەمارۆی سەر کۆبانی، تاوەکو ئێستا پێنج منداڵ کە تەمەنیان "دوو مانگ، سێ مانگ، دوو ساڵ و چوار ساڵ"ە گیانیان لەدەستداوە. مانگی سووری کورد دەشڵێت، داواکارین لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە فریای هاووڵاتییانی کۆبانێ بکەون و دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ شکاندنی گەمارۆکە و دابینکردنی سووتەمەنی و پێداویستییە فریاگوزارییەکان. 

ئەم ڕەوشەی شاری کۆبانێ لە کاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە (18/1/2026) ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، گەیشتنە رێککەوتنێکی (14) خاڵی بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لە ناو سوپای نیشتمانی سووریادا، بەڵام جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە رووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە و سوپای حکومەت گەمارۆی سەر شاری کۆبانێی داوە و هاووڵاتییانی شارەکە لە دۆخێکی یەکجار خراپدان.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین