بەشداریی ژنان لەنێو سوپای وڵاتانی ناوچەكەدا
نوچە نێت: تایبەت
ئا: هەڵگورد مەسعود
پێشەكی
ڕێژەی ژنان تاوەكو ئێستا لە ناو سوپای وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە جیاوازە، ئەگەرچی مێژووی وەرگرتنی ژنان بۆ ریزەكانی سوپا زۆر كۆنە، بەڵام هەندێ وڵات هێشتا بە تەواو بڕیاری یەكلایی كەرەوەیان نەداوە بە بەشدارییكردنی ژنان لە سێكتەری ئەمنی وەك هێزێكی سەرەكی، بە جۆرێك هێشتا ئەم پرسە جێگەی گفتوگۆیە و جێبەجێكردنی بڕیار و یاساكانی پەیوەست بە ئامادەیی ژنان لە سوپاكانیادا لە ئاستێكی لاوازە.
ژنان لە ڕێكخراوی هاوپەیمانی ناتۆ، وەك كۆنترین و گەورەترین دامەزراوەی سەربازیی لە جیهاندا، لە ساڵی (1961)دا، ژمارەیان لە (30) هەزار سەرباز تێنەدەپەڕی، بەڵام لە ساڵی (2001) ئەم ڕێژەیە بەرزبووەوە بۆ (288) هەزار، تا ساڵی (2008) ڕێژەی ژنان لە ناتۆ (40%)ـی تێپەڕاند.
یەكەم: ئامادەیی ژنان لەنێو سوپای وڵاتانی ناوچە
عێراق
بەشداریی ژنان لە سوپای عێراق دا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1977)، لە قۆناغە جیاوازەكانی ئەم وڵاتەدا، چەندین پلە و بەرپرسیاریەتیی سەربازیی جیاوازیان پێدراوە. دوای هەڵگیرسانی جەنگی عێراق و ئێران لە ساڵی (1980) دۆخێكی جیاواز لە ڕابردوو ڕووبەڕووی ژنان لە نێو سێكتەری ئەمنی عێراق بووەوە و وەرگرتنی ژن لە سوپادا بە تەواوی سنوودار كرا، هاوكات بۆ ماوەیەكیش وەستێندرا. دواجار ئەوانەی لە نێو سوپادابوون، دواتر بە مووچە و خزمەتی مەدەنی خانەنشین كران.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی بەعس و دروستكردنی حكومەتی نوێی عێراق، بە دیاریكراوی لە ساڵی (2005)دا، جارێكی دیكە دەرگای بەشداریی پێكردنی ژن لەسوپادا كرایەوە، بەڵام نەك لە هێزی ئاسمانی و یەكە سەربازییە هەستیار و چالاكەكاندا، بەڵكو زیاتر لە بەشی پزیشكی سەربازیی و كارگێڕی ڕۆڵیان پێدرا.
دوای ئەو هەموو ساڵە، بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆک وەزیران و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق لە (30/12/2022) رێژەى ژنان لە سوپا بەرزبكرێتەوە بۆ (25%)، بەتایبەت لە یەكە شەڕكەرەكاندا، كە ئێستا لە (200) سەربازیی ژن تێپەڕ ناکات.
تاوەكو ئێستا هەوڵەكانی حكومەتی عێراق بۆ بەرزكردنەوەی ڕێژەی ژنان لەسوپادا ئەنجامێكی دیاری نەبووە، بەڵام كۆمەڵێك هۆكار كە دەكرێت وەك بەربەست لە دەرەوەی ویستی حكومەت سەیر بكەین، ڕێگرە لە هاتنی ژنان بۆ نێو سوپا، هەروەك شارەزایان و بەرپرسانی سەربازیی عێراق باسی لێوە دەكەن، هۆکاربوونە بۆ کەمیى ڕێژەى ژنان لەنێو سوپادا، لەوانە: نەبوونی فێرگەی تایبەت بە مەشقپێکردنى ژنان لەنێو سوپاى عێراق، دابونەریتى کۆمەڵایەتى و مەترسی لە یەکە شەڕکەرەکان.
ئێران
لە دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی (1979)دا، بە گوێرەی سەرچاوەكان لە شەڕی ئێران - عێراق، ڕێژەی ژنان لە سوپای ئێران دا زیاتر لە (25) هەزار ژن بووە، كە تەنها لە سێكتەری پزیشكی و بەشی لۆجستی سەربازیی كاریان كردووە. بەڵام لە ئێستادا هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی نییە، ڕێژەی ژنان لە نێو سوپای ئێران ئاشكرا بكات.
پەرلەمانی تاران لە ساڵی (2024) هەوڵی كۆكردنەوەی واژۆی دا بۆ تۆماركردنی سەربازیی زۆرەملێی ژنان لە سوپادا و دواتر ئەم داوكارییە بۆ سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەرزكرایەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەم پێشنیارەیاساییە گفتوگۆی لەسەر نەكراوە، بۆ ئەوەی وەك یاساییەكی فەرمی جێبەجێ بكرێت.
لەبەرامبەردا سوپای پاسداران ماوەی دوو ساڵە دەستی داوەتەو پڕۆژەیەكی تایبەت بە ڕاكێشان و بەشداریی پێكردنی ژنانی كورد وەك بەسیج لە شار و گوندەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئەو ژنانەی دەبن بە ئەندامی بەسیج، هاوکاری ماددی دەکرێن، داواشیان لێدەکرێت، "ببن بە چاو و گوێی سوپا و هێزە ئەمنییەکان. لە هەر جوڵەیەک بەتایبەت چالاکی حیزبەکان ئاگاداریان بکەنەوە و دەنگوباسی نێو خەڵکیان بۆ بگوازنەوە. وەک ئاسانکارییەک، بەشێک لە ژنانی بەسیج لە گوند و گەڕەکەکانی قەراخ شارە سنوورییەکان تەلەفوونی دەستی زیرەکیان بۆ دابین کراوە." رێکخراوی بەسیج بەپێی رەگەز و پیشە، (22) بەشی هەیە. ئەو پڕۆژەیە سەرەتای کاری بەسیجی ژنان نییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بەپێی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە، لە ئیلام (275) هەزار، لە کرماشان (330) هەزار، لە سنە (178) هەزار و لە ورمێ نزیکەی (400) هەزار ژن ئەندامی بەسیجن.
توركیا
مێژووی بەشداریی ژنانی تورك لە بواری سەربازیی لەو وڵاتە ، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی سەربەخۆیی (1991-1922)، بەڵام لە ساڵی (1955) بۆ یەكەمجار سێ ژن لە كۆلیژی جەنگ ناوی خۆیان تۆماركرد، ئەمە بەرلەوەی لە كودەتاكەی ساڵی (1960) چوونی ژنان بۆ قوتابخانە و فێرگە و كۆلیژە سەربازییەكان قەدەغە بكرێت، بەڵام دوای (32) ساڵ و لە ساڵی (1992)دا جارێكی دیكە ڕێگە بە چوونی ژنان بۆ ڕیزەكانی سوپا و فێرگە سەربازییەكان درایەوە.
مێژووی سەربازیی توركیا چەندین ژنانی فڕۆكەوانی لێهاتووی بەخۆیەوە بینیوە، هاوكات جگە لە یەكە سەربازییەكان، ژنان لە توركیا ڕۆڵی بەرچاویان لە سلكی پۆلیس و ئاسایش هەیە. هاوكات ڕیژەی ژنان لە ڕیزی هێزەكانی پۆلیس و سوپاس ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەكات، كە بەپێی دوایین ئامار ژمارەیان دەگاتە (16) هەزار ژن. جگە لەوە ژنان چەندین پۆستی جۆراوجۆریان هەیە لە یەكە سەربازییەكاندا وەك، دژەتیرۆر، كۆماندۆ، هێزەكانی ئۆپراسیۆن، هێزی ئاسمانی و دەریاوانی، بەجۆرێك ژنان نزیكەی (4%)ـی رێژی سوپای توركیا پێكدەهێنن.
ئوردن
ئەم وڵاتە بەراورد بە وڵاتانی عەرەبی دیكە، لە بەشداریی پێكردنی ژنان لە سوپا، جیاوازی بەرچاویان هەیە، بەڵكو مێژوویەكی درێژی هەیە لە بەشداركردنی ژنان لە یەكە سەربازییەكاندا. لە ساڵی (2010)دا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، چەندین سەرباز و ئەفسەری ژنی ئوردنی لە جەنگی ئەفغانستان بەشدار بوون. ئوردن لە ساڵی (1950)دا ڕێگەی بە هاتنی ژن بۆ ڕیزەكانی سوپا داوە، هاوكات ساڵی (2019) بە فەرمی یەكسانی بوونی ژن و پیاو لە نیو سوپادا ڕاگەیاند.
بە گوێرەی پڕۆژەی ستراتیژبی نیشتمانی بۆ جێگیرکردنی جێندەر لە هێزە چەکدارەکانی ئوردن لە ساڵی (2021)، ئەم وڵاتە بۆ زیاكردنی ڕێژەی ژنان لەناو سوپادا بە ئامانجی بەرزكردنەوەی بەشداریکردنی ژنان لە (3%) وە بۆ (5%)، كە لە ئێستادا (650) ئەفسەری ژن لە سوپای ئوردن خزمەت دەكەن. جێگەی باسە بەشێك لە ژنانی بنەماڵەی شاهانەی ئوردن لە ڕیزی هێزی ئاسمانی و زەوینی ئەو وڵاتە كاردەكەن و وەك فڕۆكەوانی نوێترین فڕۆكەی جەنگی لەوانە (ئێف 16) خزمەت دەكەن.
سووریا
دوای نەمانی بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریا و هاتنی ئەحمەد شەرع و دیاریكردنی وەك یەكەمین سەرۆك كۆماری نوێی ئەو وڵاتە، تاكە هێزی كۆماندۆی ژنان لەسەر دەستی ئەو پیاوە هەڵوەشایەوە، كە لە دوای بەهاری عەرەبی لە (2011) دامەزرا لە چوارچێوەی هێزی كۆماری، كە ژمارەیان (800) ژنی كۆماندۆی ڕاهێندراوی تاقانەی سووریا بوو.
مێژووی بەشداریی ژنانی سووریا بۆ ساڵی (1920) دەگەڕێتەوە، كاتێك بۆ یەكەمجار ژنێك بە پلەی نەقیب لە سوپای ئەو وڵاتە دەستبەكاربوو. دوای دەستبەركابوونی حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع، تاوەكو ئێستا نازانرێت ئایا ژنان لە سوپای نوێی سووریای عەرەبی چە جۆرە ڕۆڵ و بەشدارییەكیان لە یەكە سەربازییەكانی سووریا دەبێت.
قەتەر
بەپێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، هاوشێوەی وڵاتانی عەرەبی ڕێژەی ژنان لە سوپای قەتەر زۆر كەم بووە، بەڵام میری قەتەر لە ساڵی (2018)دا، یاسایەکی دەرکرد بەناوی یاسای نیشتمانی، بەپێی یاسا نوێیەكە، ژنانی تەمەن (18) ساڵ و سەرووتر بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دەتوانن بەشێوەی خۆبەخشانە پەیوەندی بە یەكە سەربازییەوە بکەن، بۆیە لە ئیستادا ژمارەیەک ژن لە سوپای قەتەر خزمەت دەکەن و پۆستی سەربازی و ئیدارییان پێدراوە.
تونس
بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی لە هەوڵی ئەوەدان، بە پێی یاسا بەشداریی ژنان لەناو سوپادا بەرزبكەنەوە و ئاستی جیاكاریی جێندەری كەم بكەنەوە، تونیس یەكێكە لەو وڵاتانە. لە مێژووی سوپای ئەو وڵاتەدا، ژنان ڕۆڵی گرنگیان هەبووە. بە گوێرەی دوایین ئامار، فەرماندەی زیاتر لە (40) كەشتی سەربازیی تونس ژنن، كە ئەركیان پاراستنی سنوور دەریاییەكان و كەناراوەكانی تونسە، ئەمەیش بۆ كۆنتڕۆڵكردن و رێگریكردن لە كۆچی نایاسایی. هاوكات ژمارەیەك ئەفسەر و سەربازیی ژن بەشدارن لە هێزی ئاسمانی و هێزەكانی دژە تیرۆری تونس.
تونس لە ساڵی (1976)ـەوە كار بۆ بەشداریكردنی ژنان لە بواری سەربازیی كراوە، پسپۆڕانی سەربازیی دەڵێن، ئەم وڵاتە بە خێرایی كار دەكات بۆ كەمكردنەوەی جیاوازییە جێندەرییەكان لە بواری سەربازیی دا.
ئیمارات
یەكەمین فێرگەی سەربازیی بۆ ڕاهێنانی ژنان لە ساڵی (1990)دا لە ئیمارات كراوەتەوە. بەپێی یاساییەكی ئەو وڵاتە كە لە ساڵی (2016) دەرچووە، ڕێگە بە ژنان دەدات، خۆبەخشانە بۆ ماوەی (12) مانگ بچنە ڕیزەكانی سوپا و خزمەت بكەن، بە مەرجێك كەسی یەكەمی واتە دایك و باوكی ڕەزامەندی پێبدەن. كەواتە ڕێگرییەكی ئەوتۆ لە بەشداریی ژنان لە سوپای ئیماراتی بوونی نییە. لە ئێستادا ژمارەیەك ژن لە هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە ڕۆڵی سەرەكیان هەیە، بۆ نموونە مەریەم ئەلمەنسووری، یەكەم فڕۆکەوانی ژن بوو بەشداریی لە بۆردوومانكردنی گرووپە توندڕەوەكان و داعش لە سووریادا كرد.
لوبنان
بوونی ژنان لە سوپای لوبنان، بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت، ئەگەرچی دەرگای خزمەتكردنی خۆبەخشی بۆ ژنان لە بواری سەربازیی لە ساڵی (1991)ـەوە كراوتەوە، ئەم بڕیارەش بەپێی یاسا بووە. لە ساڵی (1991) ژمارەی سەربازانی ژن گەیشتە (100) ژن، بەڵام لە ماوەی (30) ساڵی ڕابردوو ئەو ژمارەیەش بەرەوە كەمی چوو، تا لە ساڵی (2017) وەزارەتی بەرگریی لوبنان بڕیاری دامەزراندنی ژمارەیەك ژنی لە سوپا دا، كە ئێستا ژمارەی ژنان زیاتر (3) هەزار سەرباز دەبێت.
جەزائیر
دامەزراندنی یەكەمین ژن لەناو سوپای جەزائیر دەگەڕیتەوە بۆ ساڵی (1978)، بەڵام دوای نۆ ساڵ واتە لە (1986) وەرگیرانی ژنان بۆ یەكە سەربازییەكان ڕاگیرا، ئەم بڕیارە تاوەكو ساڵی (2001) بەردەوام بوو. لە ساڵی (2006) حكومەتی جەزائیر بەپێی یاسایەك ڕێگەی بە هاتنی ژنان بۆ ناو سوپادا، وەك لە یاساكەدا هاتووە، ژنان دەك پیاوان پێگە و مافیان لە ماوەی خزمەتی سەربازییدا پارێزاو دەبێت. ئەمڕۆ ڕێژەی ژنان لەسوپا و دامەزراوە سەربازییەكاندا دەگاتە (17%)، لە چەندین بواری جیاواز كاردەكەن لەوانە: كەرتی تەندروستی سەربازیی، ڕاهێنەر و توێژەری سەربازیی.
میسر
تا ساڵی (2014) حكومەتی میسر ڕێگەی بە ژنان نەدەدا لە سوپادا خزمەت بكەن، ئەگەرچی دواتریش چوارچێوەی كاركردنی ژنانی سەرباز لەو وڵاتەدا زیاتر لە كەرتی تەندروستی، پەروەردە و كارگێڕی لۆجستی سەربازیی بووە. ئەمەیش وایكرد لە ساڵی (2014) ژنان دەست بە خۆپیشاندانێكی فراوان بكەن بۆ كردنەوەی دەرگای خزمەتی خۆبەخشانەی سوپا لەو وڵاتەدا.
جێگەی ئاماژەپێدانە، ژنانی میسری دوای شۆڕشی بەهاری عەرەبی، لە بوارە جیاوازەكاندا ڕۆڵی بەرچاویان بنیوە. لە ساڵی (2022) یەكەم ژنی میسر چووە بۆشایی ئاسمان.
كوەیت
ئەم وڵاتە بەفەرمی ناوی ژنان بە شێوەی خۆبەخش لە سوپادا وەردەگرێت، بەپێی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی كوێت ژنان دەتوانن لە ڕێگەی ماڵپەڕێكی تایبەتەوە ناوی خۆیان تۆمار بكەن، كە بۆ ماوەی سێ مانگ ڕاهێنانی سەربازییان پێدەكرێت، وەك جەخت كردنەوەیەك لە سوودوەرگرتن لە ڕۆڵی ئافرەت لە سوپای وڵاتەكەیاندا.
حكومەتی كوێت لە یەكەم هەنگاوی بەشداری پێكردنی ژنان لە ریزەكانی سوپا و پۆلیس، لە ساڵی (2008) ئاهەنگی یەكەم خولی دەرچوانی پۆلیسی ژن بەڕێوەچوو، هاوكات لە ساڵی (2016) ژمارەیەك ئەفسەری ژن لە سوپای كوێت دەستبەكاربوون.
سعوودیە
دوای دەستبەكاربوونی محەمەد بن سلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، لە ساڵی (2021)دا ئەو وڵاتە بە فەرمی رێگەی بە ژنان دا ناوی خۆیان لە سوپای سعودیە تۆمار بكەن، ئەم بڕیارەش لە ئەنجامی دیدگای محەمەد بن سلمان بۆ (2030) دەرچوو، لەو ڕوانگەوە خولێكی سەربازیی چەند هەفتەیی بۆ ژمارەیەك ژنان وەك هەنگاوی یەكەم بۆ بەشداریی پێكردنی ژنان لەگەڵ هێزە چەكدارەكان لە چەند بوارێكی دیاریكراوی سەربازیی دا. ئەگەرچی وڵاتی سعودییە پێشووتریش لە دەستپێشخەرییەكەدا، كە بۆ ساڵی (2018) دەگەڕێتەوە، بڕیاری دا، بەشێك لە پۆستەكانی فڕۆكە و دەروازە سنووری و دەریاییەكان بە ژنان پڕ بكاتەوە.
بەحرێن
ژنانی بەحرێن زیاتر لە (30) ساڵە لە سێكتەری پزیشكی و و كارگێڕیی سەربایزی كار دەكەن. لەساڵی (2009)ـدا دوو خانمی بەحرەینی پلەى سەربازیی روکنیان وەرگرت هاوكات ئەکادیمیاى پادشایەتى کراوەتەوەو بەردەوام کچانى ئەو وڵاتە بڕوانامەى تێدا وەردەگرن. لە ساڵی (2009) بۆ یەکەمین جار لە مێژووی هێزی بەرگری بەحرەین، دوو ژنی بەحرەینی لە کاتی دەرچوونیان لە کۆلێژی فەرماندەیی و ئەرکانی شاهانە پلەی "ئەفسەری ستاف"یان پێبەخشرا، هەروەها لە ساڵی (2018) شێخە عائیشە بنت ڕەشید ئەلخەلیفە بووە یەکەم فڕۆکەوانی ژنە فڕۆکەوانی جەنگی بەحرێن.
مەغریب
مێژووی بەشداریی ژنانی مەغریب دەگەرێتەوە بۆ ساڵی (1963)، كاتێ بۆ یەكەمجار وەك پەرستار و پزیشكی سەربازیی دەستیان بە خزمەتكردن كرد. ئێستا نزیكەی (6) هەزار ژن بەپلەی جیاواز لە بەشەكانی سوپای مەغریب خزمەت دەكەن، لەوانە هێزی ئاسمانی مەغریب.
ئیسرائیل
چوونە ریزەكانی سوپا بۆ ژنان لە ئیسرائیل نەك ئاساییە، بەڵكو بەپێی یاساییەك كە لە ساڵی (1949) دەرچووە، ژنان دەبێت لە تەمەنی (18) ساڵی خزمەت بكەن، بەڵام ئەگەر هاوسەرگیری، كەمئەندام بن ئینجا لە خزمەتی سەربازیی دەبخشرێن.
ماڵپەڕی جەزیرە ئاشكرای دەكات، بە گوێرەی ئامارێكی بەشی جێندر لە سوپای ئیسرائیل ژنان (21%)ـی سوپای ئیسرائیل پێکدەهێنن، نزیکەی (65) هەزار ژنە سەربازیی تەنها بۆ شەڕی غەززە بانگراونەتەوە، كە زۆربەیان لە هێزی ئاسمانی، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خزمەت دەكەن، هاوكات لە هەر پێنج سەربازی ئیسرائیل یەكیان ژنە.
دوووەم: ئایا سەربازانی ژن دەتوانن هەمان ڕۆڵی پیاوان ببینن؟!
شارەزایانی و پسپۆڕانی بواری سەربازیی و جێندەر بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی دروستكردنی سوپایەكی هاوبەش و تێكەڵ لە هەردوو ڕەگەز هەیە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی ناوەندی کارنگی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەرچی پرۆسەی دامەزراندنی ژنان لە سوپای وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەرەبی، پرۆسەیەكی تەواو لەسەرخۆیە، كە تائێستا پلە و بەرپرسیارییەتیی ژنان لە سوپا دیاریكراو و ڕێژەییە. لە بەرامبەردا ژنانی بێ دەوڵەت، هیچ كات چاوەڕێی ڕێگەپێدانی پیاوانیان نەكردووە بۆ پەیوەندی كردن بە لەشكر و سوپا، بەڵكو ڕۆڵێكی بەرچاویان لە ڕێزگرتنی وڵاتەكەیان و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەكانیان هەبووە، لەوانە ژنانی فەڵەستین و جەزائیر. هەروەها لەم دواییانەش ژنانی باشووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان چەكیان هەڵگرتووە پاراستنی خاكەكەیان.
بەشداریی پێكردن و تێكەڵكردنی ئافرەتان بە سوپا لە وڵاتانی عەرەبی، ڕووبەڕووی چەند بەربەستێك دەبێتەوە، لەوانە ئاڵنگاری سیاسی و كۆمەڵایەتیی. هاوكات بەپێی توێژینەوەكەی ناوەندی لێكۆڵێنەوەی کارنگی وڵاتانی عەرەبی هاتنی ئافرەتانی بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەكان، هێشتا بێ گرفت و كێشە نین.
ئەوانەی پیشگیریی لە سوپایەكی هاوبەشی ژنان و پیاوان دەكەن، پێیانوایە بەرجەستەكردنی یەكسانی بە نێو سوپادا، كاریگەریی ئیجابی دروست دەكات. لە بەرامبەردا بۆچوونێكی جیاواز هەیە، كە پێیوایە هەبوون ژن لە ناو سوپادا، بواری سەربازیی پێچەوانەی سروشتی ژنە، هەروەها شێوازی جووڵەی سەربازی و شەڕەكان دەگۆڕێت، چونكە ئەم كارە تایبەتە بە پیاوان.
ئەنجام:
لەگەڵ ئەوەی بەشداریی پێكردنی ژنان لەناو سوپای وڵاتانی عەرەبی و ناوچە، هێشتا پڕۆسەیەكە بە خێرایی بەڕێوە ناچێت، بە هۆی بوونی بەربەستی یاسایی، كۆمەڵایەتی و سیاسی. لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕانكاریی نوێ لە سیاسەت و یاسای ئەو وڵاتانەی بە هەموو شێوەیەك هاتنی ژنان بۆ ناو سوپا ڕەتكردەوە بە دی دەكرێت، لەوانە سعوودیە ڕێگە بە هاتنی ژنان بۆ ناو سوپا، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ڕاجیایی زۆر هەیە سەبارەت بە ژمارە و داهاتووی ژنان، شێوازی سوود وەرگرتن لێیان لە نێو سوپادا.
بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكەش، لە پرۆسەی ناونووسكردن و بە سەربازكردنی ژنان، زیاتر وەك هەنگاوێكی ڕووكەشانە بەرامبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبیندرێت.
سەرچاوەكان:
ــ رۆڵی ژنان و ئافرەتان لەنێو کایە سەربازییەکانى وڵاتانى عەرەبیدا
ــ رێژەى ژنان لە سوپاى عێراق زیاد دەکرێت
ــ سوپا پڕۆژەیەکی بۆ بەسیجکردنی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە
ــ المرأة العربية تكسر القيود والصور النمطية في جيوش الشرق الأوسط
ــ “المرأة في القوَّات العربيَّة المسلَّحة” ورقة بحثية من إعداد مركز كارنيغي للشرق الأوسط
ــ المرأة العربية تُعيد رسم الأدوار في القوات المسلحة في الشرق الأوسط- إيلينورا بانفي
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment