تۆم باراك بۆ سەرۆک بارزانی: داوا دەكەین لەدۆخی ئێستای عێراقدا ڕۆڵی بەرچاوی خۆی بگێڕیت کوردستانی

نوچە نێت: هەڵگورد مەسعود

سەرۆك بارزانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، "پشتیوانیی خۆیشی بۆ رێککەوتنی ئەمڕۆ هەینی 30ی کانوونی دووەم لە نێوان هەسەدە و دیمەشق لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی دەربڕی.

ڕۆژی هەینی (30/1/2026) سەرۆك بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی تۆم باراک نیردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ بۆ کاروباری سووریا ئەنجامدا و بارەگای بارزانی دەڵێت، لە پەیوەندییەکەدا تۆم باراک "بە ناوی خۆی و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو رۆڵ و هەڵوێستە بەرچاوانەی لە هێنانەدی ئاگربەست و پشتیوانی دیالۆگ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا خستویانەتەڕوو. هەروەها رۆڵی سەرۆک بارزانی لە هێنانەدی رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکوومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرز نرخاند."

لە ڕاگەیێندراوەكەی بارەگای بارزانی هاتووە، "هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆک بارزانی وێڕای سوپاس و پێزانینی تایبەتیی خۆی بۆ سەرۆکی ئەمریکا و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە رۆڵیان هەبووە لەوەی لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، پشتیوانیی خۆیشی بۆ رێککەوتنی ئەمڕۆ هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026 دەربڕی، ئەویش لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی. هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ بەڕێز تۆم باراک هەبوو بۆ ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی کە بۆ گەیشتن بە رێکەوتن و ئاشتی لە ناوچەکە بە گشتی و سووریا بە تایبەتی هەیەتی."

هاوكات پەیوەست بە بارودۆخی عێراقیش تۆم باراک "داوای لە سەرۆک بارزانی کرد کە لە دۆخی سیاسی ئێستای عێراقدا رۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆی بگێڕێت." 

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە "مەرجی سەرەکیی سەقامگیری و چارەسەری کێشەکان، جێبەجێکردنی دەستور و پابەندبوونە بەوەی پێکهاتەکانی عێراق خۆیان بڕیار لە چارەنوسی عێراق بدەن و سەروەری عێراق بپارێزن."

جێگەی ئاماژەپێدانە، ڕۆژی دووشەممە (26-1-2026) تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییمان ئەنجامدا و جەختمان لە گرنگیی پاراستنی ئاگربەست لەسووریا و "دڵنیابوونەوە لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەوانەی پێویستیانە، بەتایبەتی لە کۆبانی" كردەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین