سەرۆكی هەرێمی كوردستان: شەهیدانی یەكی شوبات سیمبۆلی پێكەوە ژیان و یەكڕیزی خوێنی رۆڵەكانی كوردستانن کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بە بۆنەی كارەساتی یەكی شوبات بڵاوكردەوە، لە پەیامەكەی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، " شەهیدانی ١ی شوبات، سیمبۆلی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی ڕۆڵەکانی كوردستانن لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا."

ئەمرۆ یەكشەممە (2026/2/1) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵیادی كردەوە تیرۆرستییەكەی یەكی شوبات لە پەیامێك دەڵێت، ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی نەمری مەرگەساتی ١ی شوباتی ٢٠٠٤ دەکەینەوە، ئەو ڕۆژەی تیرۆریستانی تاریکپەرست لە بەیانییەکی جەژندا، بە ڕق و کینەیەکی ڕەشەوە، دوو بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە هەولێر کردە ئامانج و کۆمەڵێک سەرکردە و تێکۆشەری دیار و هاووڵاتیی بێتاوانیان شەهید و بريندار کرد.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دەڵێت، شەهیدانی ١ی شوبات، سیمبۆلی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی ڕۆڵەکانی كوردستانن لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا. ئەوان لە کاتێکدا شەهید بوون کە خەریکی پیرۆزبایيی جەژن و بەهێزکردنی تەبایی و خۆشەویستی بوون، بۆیە یادکردنەوەیان تەنها وەبیرهێنانەوەی ئازارێک نییە، بەڵکوو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو بەهایانەی ئەوان لەپێناویدا گیانیان بەخشی.

باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی ١ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. دەبێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوويه‌كى گەشتر بۆ نەوەکانمان کە شایستەی قوربانیدانی شەهیدانمان بێت.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ١ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. سڵاو و سەربەرزی بۆ کەسوکاری سەربەرزیان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین