لە هەولێر (6) هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرا کوردستانی

نوچەنێت

پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا قۆناغێکی تری پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی خانەنشین و پێشمەرگە ڕاگەیاند و وەزیری شارەوانیش دەڵێت، پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (4/3/2026) پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار "لە ڕێورەسمێکدا بە تیروپشک دەستکرا بە دابەشكردنی (6 هەزار و 400) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانى سنوورى سەرۆکایەتیی شارەوانى هەولێر." هەر لە مەراسیمەکەدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە تاکو "ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر  پڕۆسەكە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت. بۆ ئەو مەبەستەش دەستخۆشی لە سەرۆكایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی کرد."

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو گوتیشی، خۆشبەختانە تا ئێستا "لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆرترین فەرمانبەران سوودمەند بوونە لە وەرگرتنی زەوی و  سوپاسی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار" و سوپاسی "مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و دەستبەركردنی مافەكانیان" فەرمانبەرانیش دڵنیا دەکەینەوە کە بەڕێوەچوونی "پرۆسەکە بەردەوامە تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینانەى کە بڕیارەکەی حکومەت دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن لەوەرگرتنی زەوی."

بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بە شەش قۆناغدا تێپەڕیوە و بەردەوامیش دەبێت تا هەموو پێشمەرگە و فەرمانبەرانی خانەنشین کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە سوودمەند ببن لەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران کە "بەخشینی (200) مەتر زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین