مەسرور بارزانی بۆ بەغدا: سنوورێک بۆ هێرشكەرانی سەر هەرێمی کوردستان دابنێن کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "بە هیچ جۆرێک قبووڵ ناکەین ئەم هێرشانە بەردەوام بن و خوێنی شەهیدانی ئێمە بە فیڕۆ بڕوات، هەموو هەوڵێک دەدەین کوردستان لە شەڕ و ئاژاوە بەدوور بگرین."

ڕۆژی یەكشەممە (8-3-2026) مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، بەشداری لە پرسەی شەهید وڵات تاهیر کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرد کە لە ئەنجامی هێرش و پەلامارەکانی سەر هەولێر شەهید بوو.سەرۆکی حکومەت پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاری گەیاند. 

پاشان سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی شەهید وڵات تاهیر کرد و گوتی بێگومان ئەمە یەکەم شەهیدی کوردستان نییە و دوا شەهیدیش نابێت.

سەرۆکی حکومەت سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەو پەلامارانە هیچ پاساوێک هەڵناگرن و تەنیا لەبەر ڕق و کینەیەکی زۆرە بەرامبەر بە کوردستان و گەلەکەی. جەختیشی کردەوە کە "ئەو شۆڤێنیانە پێویستە ئەوە بزانن کە ئەم هەڵوێستە دوژمنکارانەی ئێستا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گرتوویانەتە بەر، لەبیری خەڵكی کوردستان ناچێت."

مەسرور بارزانی داواشی لە حکوومەت و پەرلەمانی فیدراڵ کرد، "هەڵوێستیان هەبێت و سنوورێک بۆ ئەم تاوانبارانە دابنێن، چونکە بەداخەوە تا ئێستاش ئەو گرووپانەی ئەم کارانە دەکەن، لەلایەن حکوومەتی بەغداوە پارەدار دەکرێن و مووچە و چەکیان پێدەدرێت."

هاوكات سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی، "بە هیچ جۆرێک قبووڵ ناکەین ئەم هێرشانە بەردەوام بن و خوێنی شەهیدانی ئێمە بە فیڕۆ بڕوات، هەموو هەوڵێک دەدەین کوردستان لە شەڕ و ئاژاوە بەدوور بگرین، بەڵام وەک جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی هەموو شتێک سنووری هەیە، هیوادارین حکوومەتی فیدراڵیش بێنە سەر هێڵ و سنوورێک بۆ تاوانباران دابنێت و چیتر پشتیوانییان نەکات."

سەبارەت بە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە ناوچە ئاماژەی بەوەكرد، "هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک جێگەی مەترسی نەبووە و نابێت بە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ."

مەسرور بارزانی گوتیشی، "چەندین پەیوەندیم لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهانەوە پێگەیشتووە، هەمووان پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و هاوڕاین کە دەبێت یارمەتیی یەکتر بدەین بۆ گەڕانەوەی ئاشتی."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین