نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كاره‌ساتى ئێزدییه‌كان به‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

سه‌رۆكى تیمى لێكۆڵینه‌وه‌ى سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تایبه‌ت تاوانه‌كانى رێكخراوى تیرۆریستى داعش له‌ وتارێكى بۆ ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ڵێ، "به‌ڵگه‌كان روون و رازیكه‌رن له‌وه‌ى ئه‌و تاوانانه‌ى ده‌رهه‌ق به‌ ئێزدییه‌كان كراوه‌ جینۆسایدن".

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ شه‌وى رابردوو 10ى ئایار به‌شێك له‌و وتاره‌ى بڵاوكردووه‌ته‌ كه‌ كه‌ریم خان سه‌رۆكى لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى تاوانه‌كانى داعش پێشكه‌شى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى كردووه‌.

كه‌ریم خان كوشتار و تاوانى ده‌رهه‌ق به‌ ئێزدییه‌كان به‌ جینۆساید وه‌سف ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ڵگه‌ى روون و رازیكه‌ر بۆ ئه‌مه‌ هه‌یه‌. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات كه‌ لیژنه‌كه‌ى له‌ ساڵى 2018 وه‌ كار ده‌كات و ته‌نانه‌ت ئه‌و تاوانبارانه‌یشى دیارى كردووه‌ كه‌ به‌رپرسیارێتى تاوانه‌كان ده‌رهه‌ق به‌ كۆمه‌ڵگاى ئێزدى له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌زار و 444 كه‌س تاوانه‌كانیان جێبه‌جێ كردووه‌.

كه‌ریم خان كه‌ پارێزه‌رێكى به‌ناوبانگى به‌ریتانیایه‌ و مانگى داهاتوو پۆستى داواكارى گشتى له‌ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى وه‌رده‌گرێت، له‌ وتاره‌كه‌ى بۆ ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى باس له‌وه‌ ده‌كات رێكخراوى تیرۆریستى داعش ئامانجى ئه‌وه‌ بوو ئێزدییه‌كان له‌ رووى جه‌سته‌یى و بایۆلۆژییه‌وه‌ له‌ناوبه‌رێت، ئه‌مه‌یش به‌ڕوونى له‌ هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌كانى ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ گونده‌كانى عێراقى ده‌كات و داوا له‌ ئێزدییه‌كان ده‌كات له‌نێوان ئیسلامبوون و مردن یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن.

رێكخراوى تیرۆریستى داعش له‌ ساڵى 2014 هێرشى كرده‌ سه‌ر شنگال و ناوچه‌كانى تر، كچان و ژنانى ئێزدى رفاند و وه‌ك كه‌نیزه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كردن. دواى نه‌مانیشى 200 گۆڕى به‌ كۆمه‌ڵى جێهێشتووه‌، به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان 12 هه‌زار ته‌رم له‌خۆ ده‌گرن.

حوڕه‌ ده‌ڵێ ژماره‌ى ئێزدییه‌كان له‌ ناوچه‌كانى شنگال به‌ 550 هه‌زار كه‌س مه‌زنده‌ ده‌كرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین