نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بیر له‌ سزادانى ئێران ده‌كاته‌وه‌

نوچه‌نێت

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا ئەگەر ئێران پارەی ئەندامییەتی خۆی نەدات، مافی دەنگدانی ئەو وڵاتە لە کۆڕبەندی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵدەپسێردرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوی کردەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتیریش، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنی چوارشەممە هەڕەشەی کرد پێنج وڵات و لەوانە ئێران لە مەترسی لە دەستدانی مافی دەنگدانی خۆیان لە کۆڕبەندی گشتیی ئەو ڕێکخراوەیەدان.

بە گوتەی گۆتیریش، هەڵپەساردنی مافی دەنگدانی ئێران بەهۆی دواخستنی پێدانی پارەی ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە پێی مادەی ١٩ی په‌یڕه‌وى كارى نەتەوە یەکگرتووەکانە.

گەمارۆکانی ئەمریکا و ڕێگانەدانی ئەو وڵاتە بە گواستنەوەی پارە لە لایەن ئێرانەوە لە ڕێگای سیستەمی بانکی نێودەوڵەتییەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی نەدانی پارەی ئەندامییەتی ئێران بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

بە پێی مادەی ١٩ی په‌یڕه‌وى ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر وڵاتێک بۆ ماوەی دوو ساڵ پارەی ئەندامییەتی خۆی نەدات، لە مافی دەنگدان لە کۆڕبەندی گشتیدا بێبەش دەکرێت.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو لە ڕێگای ئەو پارەوە کە لە بانکەکانی کۆریای باشوور دەستی بەسەردا گیراوە، سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەیە.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشووریش لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ گوتبووی، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئازادکردنی ئەو داراییەی ئێران کە لە بانکەکانی کۆریا دەستی بەسەردا گیراوە بە مەبەستی دانەوەی قەرزەکانی ئێران بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەو زووانە دەگەنە ئەنجام.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ڕابردوو بە هۆی نەدانی پارەی ئەندامیەتی لە لایەن چەند وڵاتێکەوە ڕووبەڕووی کورتهێنانی بودجە ببووەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتێدپرس نیسانی ٢٠٢٠ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە گۆتیریش لە نامەیەکدا بۆ ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتبووی ئەو ڕێکخراوەیە ڕووبەرووی کێشەی کورتهێنانی بودجە بە بڕی دوو ملیار و ٢٧٠ ملیۆن دۆلار بووەتەوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین