سێنتکۆم ئاماری زیانەکانی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێران ڕادەگەیێنێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا "سێنتکۆم" نوێترین ئاماری زیانە گیانی و ماددییەکانی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ململانێ چەکدارییەکانی دژ بە ئێران بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکان تا ئێستا (13) سەربازی ئەمریکی کوژراون و (12) فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووش تێکشکێندراون.

ڕۆژی سێشەممە (2026/3/17) تیم هاوکین گووتەبێژی سێنتکۆم، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (ڕۆیتەرز) ڕایگەیاند، لە دەستپێکی ململانێکانەوە لە 28ـی شوبات (13) سەربازیان گیانیان لەدەستداوە. سەبارەت بە بریندارەکانیش ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی (200) سەرباز بریندار بوون؛ لەو ژمارەیەش (180) سەربازیان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان، لە کاتێکدا (10) سەربازیان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

هاوکات بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، ئەو سەربازانە لە بنکە سەربازییەکانی وڵاتانی (کوێت، سعوودیە، ئیمارات، ئوردن، بەحرەین، عێراق و ئیسرائیل)، بوونەتە ئامانجی هێرشەکان. هاوکین ئەمەشی خستەڕوو، هێرشەکانی ئێران تەنها بنکە سەربازییەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو نێردە دیپلۆماسییەکان، فڕۆکەخانەکان و ژێرخانی وزەی وڵاتانی ناوچەکەشی کردووەتە ئامانج.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە، سوپای ئەمریکا زیانێکی تەکنیکی گەورەی بەرکەوتووە و تا ئێستا (12) فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی جۆری (MQ-9)  تێکشکێندراون.

جێگەی باسە، ئەم جۆری فڕۆکەیە (MQ-9) بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی سیستەمی هەواڵگریی ئەمریکا دادەنرێت، چونکە توانای هەیە لە بەرزی (50,000) پێ بۆ ماوەی (27) کاتژمێر چاودێری وردی ئامانجەکان بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین