​ وەزارەتی ڕۆشنبیری: تەنیا پشت بە زانیاری و لێدوانی فەرمی گوتەبێژانی دامەزراوە ئەمنییەکان ببەسترێت کوردستانی

نوچە نێت

وەزارەتی ڕۆشەنبیر و لاوان چەند ڕێنماییەک ئاراستەی تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکارانی هەرێمی کوردستان دەکات  و تیایدا دەڵێت،  "پێویستە گوتاری میدیایی ئاوێتەی ستراتیژی ئاشتیخوازیی هەرێم بێت و ڕێگە نەدرێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی."، هەروەها داواش دەکات، "تەنیا پشت بە زانیاری و لێدوانی فەرمی گوتەبێژانی دامەزراوە ئەمنییەکان ببەسترێت."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2026/3/19) وەزارەتی ڕۆشەنبیرو لاوان ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە رایگەیاندووە، "بابەت ڕێنمایی فەرمی بۆ ڕووماڵی میدیایی لە بارودۆخی نائاساییدا، سەرەتا بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، پیرۆزبایی لەتەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکارانی هەرێمی کوردستان دەکەین و خوازیارین لەم بارودۆخە نەخوازراوەدا هەموو لایەک پارێزراوبن."

هەروەها دەشڵێت، "جێگەی خۆیەتی لەم بۆنەیەداو ​بەهۆی هەستیاریی دۆخی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، جارێکی تر داوا لە سەرجەم دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی سۆشیال میدیا دەکەین پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:

​بەرپرسیارێتی نیشتمانی:

پێویستە گوتاری میدیایی ئاوێتەی ستراتیژی ئاشتیخوازیی هەرێم بێت و ڕێگە نەدرێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی.

​سەرچاوەی زانیاری:

تەنیا پشت بە زانیاری و لێدوانی فەرمی گوتەبێژانی دامەزراوە ئەمنییەکان ببەسترێت؛ خۆتان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکار و بێبنەما بپارێزن.

​ڕووماڵی شوێنی ڕووداو:

بڵاوکردنەوەی دەستبەجێی وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەکان قەدەغەیە. نابێت میدیا ببێتە هۆی کۆبوونەوەی خەڵک و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.

​بەرپرسیارێتی یاسایی لە وەرگێڕان: وەرگێڕانی پەیامی ژەهراوی و شێوێندراوی میدیا بیانییەکان، بڵاوکار لە بەرپرسیارێتی یاسایی نابەخشێت.

​پاراستنی نهێنییەکان: 

بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەکی وردی سەربازی و ئەمنی کە سەقامگیری کۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە، بە توندی قەدەغەیە.

​ڕێزگرتن لە حەرەمی ماڵ و تاک: 

لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا (وەک کەوتنەخوارەوەی درۆن یان موشەک)، نابێت کێبڕکێ لەسەر پەخشی ڕاستەوخۆ و شکاندنی شکۆی خێزانە زیانبەرکەوتووەکان بکرێت.

​داواکارین هەموو لایەک بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمی کوردستان.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین