زوبەیدا ساڵح: چاوەڕوانی یەکيتی ژنان و ئافرەتان نیم کلتور بجوڵێنن دیمانە و راپۆرت
نوچەنێت

بەهرە ‌حەمەڕەش

زوبەیدا سەید ساڵح، بڕوانەمەکانی  دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرای لە وڵاتی فەرەنسا لە بواری سۆسیۆلۆژیا بە دەستهێناوە، ساڵانێکی زۆر لە بواری راگەیاندن و وەرگێڕان کاری کردووە و ئێستا مامۆستای زانکۆیە. 

لە گفتوگۆیەکی نوچە باس لە کێشەکانی هەڵاواردنی جێندەری دەکات، بە تایبەتیش هەڵاواردن لەسەر بنەمای نێر و مێ؛ ئەو دەڵێت، کێشەکانی ئێمە قوڵن و تا ئێستا زانکۆ نەبووەتە مەڵبەندی بەرهەمهێنانی هزر، هەروەها حکومەتیش رۆڵێکی ئەوتۆی لەم بوارەدا نییە.

نوچە: هەموو ئەو چەمکانەی زۆر باسیان دەکەین، لە جیاتی بەرەو پێشچوون هەست دەکەین دژوارتر دەبن. بۆ نموونە باڵانسی جێندەری، بە چی دەگوترێت باڵانسی جێندەری؟

د. زوبەیدا: ئەگەر سەیری دوایین تیۆرییەکان بکەین لەسەر یەکسانی جێندەری و هەتا بزووتنەوەی فیمینیزمی، ئالان تورێن و ئەوانەی لە ئاستی هزری ئەودان، زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێ ئێمە وەک مرۆڤ باس لە کێشەکانمان بکەین، کە دەڵێین یەکسانی جێندەری تەنیا گوزارشت لە مافی ژن و پیاو نییە، واتە مافی مرۆڤ بە گشتی، واتای یەکسانییە لەنێوان ژن و پیاو، لە نێوان مەزهەب و ئاینەکان، لە نێوان نەتەوە جیاوازەکان، واتە یەکتر قبوڵکردنە، ئەگەر بمانەوی لە فەلسەفەی یەکسانی رەگەزی تێبگەین واتە یەکتر قبوڵکردن، کەواتە با جیاوازییەکان هەبن، بەڵام با لەو سنورە لە تێگەیشتن و دنیابینی بین کە مافی یەکتر پێشێل ناکەین. 

نوچە: کەواتە مرۆڤی ئێمە هێشتا سنوری ماف و ئەرکی خۆی نازانێ بۆیە هی بەرامبەر پێشێل دەکات؟

د. زوبەیدا: نازانم، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە ئەو بزاڤانەش کە هەمانن لەو ئاستەدا نەبوون کە گۆڕانکاری هزری بکەن.

نوچە: رێکخراوەکانی ژنان گەیشتووەنەتە ئەو ئاستەی لە رووی فکرو فەلسەفەی جێندەرییەوە بەرگری لە مافەکانی ئافرەتان بکات؟

د. زوبەیدا: دەبێ بزانین کە بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان نییە، ئەوەی هەیە کۆمەڵێک رێکخراون بە جۆرێک لە جۆرەکان حزبیین. واتە حزب ئاراستەیان دەکات. 

پێشتریش ئەم رێکخراوانە زیاتر بە فکری نەتەوایەتی تێکەڵبوون، واتە بە بزاڤە نەتەوایەتییەکان و زیاتر ئایدۆلۆژیای سیاسی؛ دەتوانین بڵێین، ئامانجیان هەبوو، بەڵام بۆ ئەوەی بەشداریان پێبکەن لە پرۆسەی سیاسی نەک بۆ ئەوەی بەشدارییان بکەن لە پڕۆژەی رزگارکردنی ژنانی چەوساوە و بێن لە لایەنی هزری و فەلسەفییەوە ئەو خاڵانە دەستنیشان بکەن، کە لە ناو کلتوری ئێمەدا هۆکارن بۆ چەوساندنەوەی ژن.

پێویستە بزانین کە باڵانسی جێندەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا نییە، بە تایبەت باڵانسی نێوان نێر و مێ، ژن دەچەوسێنرێتەوە.

حکومەتی سەرکەوتوو 
نابێ 
جیاکاری جێندەری تێدا بێت

نوچە: مێژووی دروستبوونی رێکخراوەکان کەم نییە، بەڵام تا ئێستا خەڵک هەیە کە تەنانەت بە چەمکی جێندەر هەستیارە و پێیوایە واتە لە دین دەرچوون. کەواتە بەرهەمی کاری رێکخراوەکان و نوخبە تا ئێستا چییە؟

د. زوبەیدا : شێوازی کاری ئەم رێکخراوانە بۆ قۆناغێک باشبوو، بەڵام بۆ قۆناغی ئێستا پێوستی بە گۆڕانکارییە.

بۆ گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە دەبێ کار لەسەر دەستکاریکردنی کلتور بکرێت، کلتوریش بە ئاسانی دەستکاری ناکرێت، بابەتێکی قورس و هەستیارە، پێویستی بە کاری کەسانی شارەزایە. 

ئێمە لە کوێ فیری کۆدە کۆمەڵایەتییەکان دەبین؟ لە کوێ فێر دەبین کە من و براکەم جیاوازیمان هەیە. بێگومان لە خێزانەوە، کلتوریش لە داب و نەریتەوە دێت. ئەویش لە ئاین و مەزهەبەوە. بۆیە دەبێ بزانین چۆن لەسەر ئەم یەکەیە کاردەکەین.

نوچە: ئایا سەرمایەی مرۆیی رێکخراوەکانی ئافرەتان، لەو ئاستەیە کە ئاشنای فکر و فەلسەفەی فیمینیزم بن و لەسەر ئەو بنەمایە لێرە کاربکەن؟

د. زوبەیدا: لە ئێستادا لەو ئاستە نین. بەداخەوە بزاڤەکانی ژنان لە هەموو حزبەکان دابەشی ئەو ئایدۆلۆژیە سیاسییە بوون، ئەو ململانێ سیاسییەی کە لە ناو بزاڤە سیاسییەکاندا هەیە هاتووەتە ناو رێکخراوە جەماوەرییەکانیش و کەواتە ناو رێکخراوەکانی ئافرەتانیش.

ناڵیم ئیش ناکەن بە دڵنیاییەوە هەندێ دەستکەوتیان هەبووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا کە حکومەتیش بەشداربووە، ئەوەبووە کە ژنان بێنە ناو کایەی کار و زیاتر بڕۆنە بەر خوێندن، چونکە هەر بە هاتنی ژنان بۆ ناو سیاسەت و راگەیاندن و بوارەکانی تر هەندێ کۆدی کلتوری دەشکێن، ئامادەبوونی فیزیکی نزیکەی رێژەی باشە. لە زانکۆکان ئەگەر ژمارەی کچەکان زیاتر نەبن لە کوڕان کەمتر نین، بەڵام لایەنی هزری و واتایی، کە ژن بتوانێ لە رووی عەقڵەوە ئازاد بێ، هێشتا زۆر لە دواوەین.

لە رووی پێگەو ئاستی بەرپرسیارێتییەوە وێڕای هەبوونی ئەم هەموو ژنە، لە پێگەی بەرپرسیارێتیدا زۆر کەمن. بۆ نموونە لە لە دهۆک پێنج زانکۆمان هەیە کە هەریەکەیان کۆمەڵێک کۆلێژی تێدایە، بەڵام یەک زانکۆمان نییە سەرۆکەکەی ژن بێ یان راگر بێت؛ پێموایە بە گشتی لە سەر ئاستی خوێندنی باڵا و بوارەکانی دیکەش هەروایە. 

پێویستە بزانین کە لە هەر کۆمەڵگەیەک زانکۆ نوخبەیە، ئەو هزر و بزاڤ دروست دەکات و کلتور دەجوڵێنێ، بەڵام ئایا زانکۆکانی ئێمە لەم ئاستەدان؟

بۆیە من چاوەڕێ نیم  یەکێتی ئافرەتان و یەکێتی ژنان و رێکخراوەکانی تر کلتور بجوڵێنن، ئەوانە بزاڤی سیاسین ئەوەی کە دەبێ عەقڵ و کلتور بجوڵێنێت زانکۆکانن. دەبێ بپرسین ئایا لە ماوەی ئەو سی ساڵەدا زانکۆکانی ئێمە بوونە شوێنێ هزر دروست   ؟ یان جوڵانی شتی پێویست، خەلەل ئەوەیە زانکۆکان نەبوونە ئەو مەڵبەندەی کە هزر دروست دەکەن. هەتا بەتەواوی ئەو هزرەش کە لە زانکۆکانی وڵاتان هەیە، بە سەقەتی لێرە دەگەیەنرێت. 

نوچە: بۆچی ژنانی تێگەیشتوو و خاوەن فکر، لە بواری جیاجیا بەرگری لە خۆیان ناکەن و شەڕی دروستبوونی ئەو باڵانسە جێندەریە ناکەن، بۆچی هەمیشە رازی دەبن بەڕێوەبەریان هەبێت و پیاوێک سەرۆکایەتییان بکات؟

د. زوبەیدا: پێدەچێ زۆر هۆکار هەبن بەڵام خاڵێکی بنەڕەتی ئەوەیە کە ژن خۆی نەیتتوانیوە تا ئێستا هەندێ شەڕ بکات. راستە ئەو بوارەی بۆ پیاو هەیە و ئەو دەرفەتەی دەدرێت بە پیاو، نادرێ بە مامۆستایەکی ژن یان لە بوارێکی تردا. هەروەها ئەو قۆناغەی کە کەسایەتی مرۆڤی تێدا دروست دەبێت لە خێزانی ئێمەدا پەروەردەی پێویستی نەبووە. قوتابخانەکانیش ناتوانن مرۆڤ پەروەردە بکەن، ١٢-١٧ ساڵی قۆناغێکی گرنگی دروستبوونی کەسایەتییە، کە لە کۆمەڵێ ئێمە گرنگی پێنادرێت. بۆیە کەسایەتییەکانیش لەرزۆکن.

 تاک تاکی ژن هەیە کە شەڕ بۆ مافەکانی دەکات، بەڵام ئەم ژمارەیەش پەرش و بڵاون؛ جیا لەوەی کە هەندێ ژن لە ناو خودی رێکخراوەکان دژایەتی یەکتر دەکەن. بۆیە دەبێ ئەو تاک تاکە پەرش و بڵاوە ببنە گروپ، بەشێک لە رێکخراوەکان کاریان بووەتە ئەوە کە کار بۆ بەدەستهێنانی پۆست و پلە دەکەن، نەک بۆ راگرتنی جیاکاری جێندەری.  

لایەنی دووەم ئەوەیە کە دەبێ پیاوانی ئازادیخواز بەشدار بن لە پرۆسەی راگرتنی چەساندنەوەی ژن.

نوچە: کەواتە دەتەوێ بڵێی تا عەقڵیەتی پیاو ئازاد نەبێ ژنان ناتوانن ئازاد بن؟ 

د. زوبەیدا: بە دڵنیاییەوە. لە خوێندنی باڵاش جیاکارییەکی بەرچاو هەیە، ئەو ململانێ سیاسییە بە داخەوە هاتووەتە ناو زانکۆکانیش و ئەقڵ و توانا و هزرمان دابەش دەکات. بۆیە کرداریشمان دابەش دەکات، چونکە رەنگدانەوەی هزرمانە. 

 نوچە:  کەواتە دەبێ چیبکەین؟ لە کوێوە دەست پێبکەین؟

د. زوبەیدا: دەبێ لە قۆناغی پەروەردەی سەرەتاییەوە دەست پێبکەین. دەبێ لە مەنهەجی خوێندندا یەکسانی جێندەری هەبێ، تەنانەت لەو وێنانەی کە لەناو کتێبی قوتابیاندایە. هەروەها پلان و ستراتیژیەتێکمان هەبێ کە لە فکر و فەلسەوە هەڵهێنجرابێت، بۆئەوەی فێربین جیاوازییەکان قبوڵ بکەین و پرەنسیپە مرۆییەکان بەرجەستە بن، بەمجۆرە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا دروست دەبێت. ئەگەر دەوڵەتێک هەبێت پرەنسیپە مرۆییەکانی تێدا بەرجەستە بن بە بێ جیاوازی، بێگومان سەرکەوتوو دەبێ. ئەگەر سەیر بکەین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو هەموو دەوڵەتە شکستخواردوو و پڕ لە کێشەیە هەیە لە ئەنجامی ئەوەیە کە جیاوازی جێندەری پیادە دەکرێت و پرەنسیپە مرۆییەکان جێگیر نەکراون، جیاوازییەکان لەسەر ئاستی دین، رەگەز، نەتەوەی، تا ئەو رادەیە خراپن کە کوشتاری لە سەر دەکرێت. 

نوچە: چۆن دەتوانین لەسەر بونیاد کاربکەین؟ لە کوێوە دەست پێبکەین؟ کێ ئەوە بکات؟ 

د. زوبەیدا: هەمیشە ئێمە دەبێ بگەڕێینەوە سەر کلتور، ئەوانەی بونیادی کۆمەڵگەیان لەسەر دروستکراوە جیاوازن، بونیادی کۆمەڵایەتی/کلتور دەستکاریکردنی لە هەموان زەحمەتترە. 

ئێمە یاسای باشی باری کەسیمان هەیە کە هەموار کرانەوە، بەپێی یاسا فرەژنی سنوردارکراوە بەڵام دەچن لە مەخمور گرێبەست دەکەن، کەواتە پێویستمان بە گۆڕانکاری هزری هەیە.

نوچە: کاتێک بە یاسا بارێکی کۆمەڵایەتی زیانمەند قەدەغە دەکرێت، بەڵام خەڵك لەسەری بەردەوامە هۆکارەکەی چییە؟ ئایا پاڵپشتێکی ئاینی بۆ ئەو کلتورە نێر سالارییە هەیە کە مافی ئەوە بە خۆی دەدات یاساش پێشێل بکات؟

د. زوبەیدا: لە کۆمەڵگەیەی ئێمەدا ئاین بناغەی کلتورە. ئێمە ناسنامەمان لەسەر ئاین دابەشبووە، مەبەستم هەموو ئاینەکانە؛ کەواتە دەبێ کار لەسەر هەموو ئاینەکان بکرێت کە یەکتر قبوڵ بکەن. بۆ نموونە دەڵێن فڵانە ماڵی شێعە یان ئێزدی یانیش کاکەیی، مەسیحی. ئەوە مەترسیدارە و دەبێ بەر لە ئاین هەست بە مرۆڤبوون بکەین. 

ئاساییە لە جیاتی دۆڵمە، پیتزا بخۆین، ئەم جلە لە جیاتی جلی کوردی بپۆشین، بەڵام کە دێیە سەر دین کێشە دروست دەبێ، دەبێ بزانین ئەو کلتورەی کە پێشتریش پارێزراوە وەکو زمان و جل، باپیرانمان کردوویەتی نەک ئێمە؛ بۆیە دەستدان لە دینیش زەحمەتە، بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵگە دەبێ بێین دین مۆدێرنیزە بکەین، ئەمەش دەبێ کەسانی شارەزا بیکەن.

نوچە: پێتوایە سستمێکی وەک سیکۆلاریزەیشن دەتوانێ جێی سستمی دینی بگرێتەوە؟ 

د. زوبەیدا: بەڵێ سیکۆلاریزەیشن سیستمێکی نەرمە و دەتوانێ ببێتە چەترێک بۆ ژیانی هەموو پێکهاتە و بیرورا جیاوازەکان. کۆمەڵگەی ئێمە مەزهەبی رادیکالیستن، دەبێ بزانین چۆن دەتوانین ئەم سیستمە پراکتیک بکەین. هیچ قەوارەیەکی ئابوری یان سیاسی سەربەخۆمان نییە. بۆ نموونە ناکرێ لە هەولێر سیکۆلار بی بەڵام لە سلێمانی بخرێتە چوارچێوەی حزبی و بڵێن ئێمە ئەم سیستمەمان ناوێت و دەچێن یاساکانی شیعە جێبەجێ دەکەین. یان بە پێچەوانەوە. بۆ گۆڕێنی سیستم دەبێ یەکدەنگی هزری هەبێت.

نوچە: کەواتە بۆ چەسپاندنی سستمی سیکۆلار پێویستمان بە چی جۆرە ناسنامەیەکە؟

د. زوبەیدا: ئێمە لە کۆمەڵگەیەک دەژین کە پێناسەکان بۆ هەموو شتێک ئاینییە. لە ناوچەیەکی جوگرافی دەژین کە ناسنامەکەمان ئاینییە. بەتایبەت لە کوردستان کە هێشتا ئیسلامی رادیکاڵ هەیە. هاوسێکانیشمان بە هەمان شێوە، کە بێینە سەر حەقیقەتیش پابەندییەکی تەقلیدی بۆ ئەوە هەیە. 

لە جیاتی ئەوە با ئێمە دیانەت بە شێوازی خودایی تەفسیر بکەین، خودا مرۆڤی دروستکردووە. لە هیچ تێکستێکدا نەیگوتووە سپی لە رەش باشترە یان ئەم زمانە لەویتر باشترە. بەپێی ئایەتیش مرۆڤێک باشترە کە بە تەقواترە. 

نوچە: پێتوایە کلتوری کۆمەڵگەی عەرەبی تێکەڵی ئاین کراوە؟ 

د. زوبەیدا: بێگومان بە دڵنیاییەوە. چونکە دەقەکان و تەفسیر و جێبەجێکردنەکان جیاوازن. من کەسێکم باوەڕدارم بە خودا و ئەو باوەڕدارییە ئاسودەییم دەداتێ، خودا هی هەموو ئاین و مرۆڤەکانە ئەو خودایەی کە دەڵێ مرۆڤەکان جیاوازییان نییە. دەبێ ئەو مانا رەسەنە بدەینەوە دین. 

لە کۆمەڵگەی ئێمە کاردانەوەی زۆر قورس دەبێ کە ئاوا بەردەوام بین، بۆچی کەمال ئەتاتورک کە دوای خەلافەتی عوسمانی دەسەڵاتی گرتە دەست، کە لە سایەی ئەم خەلافەتەدا مرۆڤەکان دەچەوسێنرانەوە، ژنان سوکایەتییان پێدەکرا، خەلیفەیەک سێسەد ژن لە حەرەمسەراکەی هەبوو لەگەڵ هەمووشیان دەخەوت، بەڵام کەمال ئەتاتورک هات بە یەک یاسا مافی دەنگدانی ژنانی جەسپاند.

لە ١٩٤٧ لە فەرەنسا و دوای جەنگی جیهانی دوو، سیمۆن دوبۆڤوار و ئەوان داوای مافی ژنیان دەکرد، بەڵام رێژەیەکی زۆریان بە مافەکانی خۆیان ئاشنابوون، دەیانزانی ئەوەی بەرامبەریان دەکرێت جیاوازی جێندەرییە. بۆیە سەرکەوتوو .بوون. 

بۆیە کەمال ئەتاتورک بە یاسایەک عەلمانیەتی چەسپاند، بەڵام دوای هەشتا ساڵ حزبێکی ئیسلامی هات دووبارە داوای گۆڕێنی یاساکانی کرد کەواتە دەبێ کار لەسەر گۆڕینی هزر بکەین بەر لە یاسا.

نوچە: کەواتە دەڵێێ سرووشتی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایە، ئەگەر لە شوێنێک عەلمانیەتی چەسپا ئەگەر لە رووی هزرییەوە کار لەسەر تاکەکان نەکرێت جارێکی تر دەخولێتەوە و پاشەکشێ دەکات؟

د. زوبەیدا: بەڵێ، ئەوە تورکیا نموونەیەکی نزیکە. ئایا کۆمەڵگەیەک کە سیمۆن دوبۆڤوار و دەیانی وەک ئەوی تێدابێ پێشکەوتوتر نابێ لە کۆمەڵگەیەک کە خەلافەتی عوسمانی حوکمی کردووە؟ 

“هەندێ کەناڵ گرنگی بە ژن دەدەن،
 دەڵێم ئەگەر 
ژنبوون ئەوەیە نامەوێت"

کارکردن لەسەر کلتور کاری یەک کەناڵ و دوان نییە، ناوچەی ئێمە پڕە لە ململانێیی سیاسی و دینی، کە کۆمەڵایەتی، زمان، هاوڵاتیبوون بزر دەبێت. یەکەم یەکە بۆ کارکردن دەبێ زانکۆکان و میدیاکان و لایەنی دینی بن، 

نوچە: بەڵام هەموو ئەو دەزگایانەی باست کرد عەقڵیەتی پیاوسالاری بەڕێوەیان دەبات، چیبکەین بۆ شکاندنی ئەو بەربەستانە؟ ئیرادە هەیە بۆ ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە؟

د. زوبەیدا: ئەو کایانەی کە فکر و فەلسەفە بەرهەم دێنن. دەبێ هەر تەفسیرێکی نوێ بۆ دین بکرێت. مۆدێرنیزە بکرێت. دەبێ تەفسیری دینی لەو شێوازە رادیکاڵە رزگار بکرێت دەبێ پەروەردە و زانکۆکان گرنگی بە دروستکردنی پرەنسیپی مرۆیی بدەرێت.

 نوچە: ئایا ئیرادەیەکی سیاسی بۆ ئەو چاکسازییە کلتورییە هەیە کە ئێمە باسی دەکەین؟ 

د. زەبەیدا: قەوارەی سیاسی ئێمە زۆر لاوازە، ئەگەر بشیانەوێ رەنگە نەتوانن دەست لە زۆر شت بدەن چونکە خۆی لەرزۆکە، ئەگەر لەماوەی ئەو سی ساڵە لە بنچینەوە دەستیان پێکردبا جیاوازیمان زۆر دەبوو لەگەڵ ئێستا، پێیانوابوو سەرەتا کە پەرلەمانتاریان لە نەتەوە و ئاینی جیاواز هەبوو یان ژن لە پۆستی باڵادا هەبوو ئەوا ‌حکومەتيکی دیموکراتییان هەیە، کەواتە دەبێ هەر لە بنەڕەتەوە دەست پێبکرێت، راگەیاندن خاڵيکی زۆر گرنگە، ئەگەر بپرسین ئایا میدیای ئێمە حەزی من تێر دەکات وەک ژنێک؟ بێگومان نەخێر، هەندێ کەناڵ گرنگی بە هەندێ ژن دەدەن، من لەبەرخۆمەوە دەڵێم ئەگەر ژنبوون ئەوەیە نامەوێت. 

"هەڵبژاردنی زۆرێک لە ژن
 بۆ پەرلەمان
 لە سەر بنەمای رواڵەتە"

نوچە: دوو تیم هەیە لە پیاوان، یەکیان ژن تەنیا بە جەستەی رووت دەبینێت و نمایشیان دەکات. یەکیان ژنان دەکات بە کەرەستەی ریکلامی سیاسی و باڵاپۆشیان دەکات و نمایشیان دەکات، ژنانی راستەقینە یان خاوەن فکرە ونن یان لە کوێی ئەم تابلۆیەدان؟

د. زوبەیدا: ژنانی خاوەن فکر ونن، چونکە ئەوان ئەم مۆدێلەیان بە دڵە، حەزناکەن گۆڕانکاری بنەڕەتی هەبێ، دەسەڵاتی سیاسی، مامۆستای زانکۆ، پیاوانی ئاینی حەز ناکەن ژنانی خاوەن فکرە دەرکەون.

 نوچە:  کەواتە دەیانەوێ ژنان تەنیا وەک جەستە نمایش بکرێن و لەم چوارچێوەیەدا بیانهێڵنەوە؟

د. زوبەیدا: ئەگەر تەماشای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بکەین کە ٣٠٪ ئەندامەکان ژنن، زور جار لە سەر بنەمای رووکەش و رواڵەت ھەڵدە بژیردەدرێن... زور جار پەرلەمان دەبێتە شوێنی ململانێ و کێشە ھەڵواسراوەکانی حزبەکان و ژنەکانیش بە ھزری پیاوانە دەبنە بەشێک لەم ململانێیە. بە داخەوە تاکو ئێستا نە بوونە ئەم ھێزە کە کاریگەرەی کە کاریگەرییان ھەبێت لە سەر کەمکردنی چەوساندنی ژنان و باش کردنی ھەزاران پرس کە ژنان لە کوردستان لە ھەموو ئاستەکان روبەرووی دەبنەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین