سەرۆکی هەرێمی کوردستان: دەبێت سنوورێک بۆ گرووپە لە یاسا دەرچووەکان دابندرێت کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "سوپاسی هەموو لایەک دەکات، ئەم پشتیوانییە هێزێکی گەورەیە بۆ ئێمە، ئەوەی دەبیندرێت پشتیوانی هەموو گەلی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، گەرمیان و زاخۆ، ئەمە جێگەی رێز و پێزانینە و سوپاس و خۆشەویستی هەیە بۆ هەموو لایەک".

ڕۆژی شەممە (2026/3/28) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی لە دهۆک قسەی بۆ ماڵپەڕی (رووداو) کرد، رایگەیاند، سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات لە زاخۆ تاوەکو خانەقین، بابەتەکە بابەتێکی کەسی نییە، هەنگاوەکە پێشهاتێکی زۆر ترسناکە بۆ عێراق بە گشتی. بە دەرفەتیشی دەزانێت سەرەخۆشی لە کەسوکاری هەموو شەهیدەکان بکات کە لەم ماوەیە شەهید بوون و هیوای چاکبوونەوەی بۆ هەموو بریندارەکان خواست.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، سوپاس بۆ خودا هیچ کەسێک لەوێ نەبووە، تەنیا ئەوانەی بەرپرس بوون لە خاوێنکردنەوەی ماڵەکە لەوێ بوون و هەموو لایەک سەلامەتن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، دەبێت سنوورێک بۆ گرووپە لە یاسا دەرچووەکان دابندرێت، ئەم مافە بە خۆیان دەدەن هەموو شوێنێک بکەنە ئامانج نموونەش شوێنی ئەمڕۆیە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا نیگەرانی خۆی دەربڕی و سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، ئەم هەنگاوانە دووپاتی دەکەنەوە کە بەڕاستی پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بیرێکی زۆر جیدی لەم بابەتە بکاتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین