وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: بە توندی سەركۆنەی هێرشه‌كەى سه‌ر ماڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین کوردستانی

نوچە نێت

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، هێرشە درۆنییەكەی سەر ماڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەركۆنە كرد و "هاوكارى و پشتگیرییەکانی" وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

ئێواره‌ى ئەمڕۆ یەکشەممە (29-3-2026) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە خاتوو ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت. بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە پەیوەندییەکەدا، كووپه‌ر "بە توندی هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و هێرشه‌ درۆنییه‌كەی دوێنێى سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؛ لە دهۆک سه‌ركۆنه‌ كرد، هەروەها هاوخه‌مى و هاوسۆزیی خۆی بۆ بەڕێزیان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دوایییەی سەر هەرێمی کوردستاندا شەهید و بریندار بوون."

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا هه‌روه‌ها جەختیشی کردەوە کە "وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پابەندیی بەردەوامیی هاوكارى و پشتگیرییەکانی بەریتانیای بۆ دووپات کردنەوە."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لای خۆیەوە، "سوپاسی پەیوەندیی خاتوو کووپەر و پشتگیری و هاوکارییەکانی بەریتانیای بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌رگیز به‌شێك نه‌بووه‌ و نابێته‌ به‌شێك له‌ جه‌نگ."

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، وەك لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە، "پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و جیهانه‌وه‌، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ هەردوولا جەختیان لە گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ کردەوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین