نەرمین عوسمان: بەهۆی نەبوونی بودجەوە رێکخراوەکان چالاکیان زۆر کەم بووە دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش

نەرمین عوسمان، کەسایەتییەکی سیاسی، وەزیری پێشوی ژنان لە حکومەتی ناوەندی و سەرپەرشتیاری سەنتەری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی نارین، لە گفتوگۆیەکی نوچە دەڵێت: ئێستا لە کوردستان سیاسەت پێش هەموو بوار و بابەتێک خراوە، هەتا پێش پرسە نەتەوەییەکانیش، بۆیەش توندوتیژی دەرهەق بە رەگەزی مێ زیادی کردووە. هۆکارێکی تر بەوە لێکدەداتەوە کە حزبەکان برەو بە مۆدێلی عەشیرەتگەری دەدەن، دیسان ئەم مۆدێلە ژن دەکاتەوە مرۆڤێکی بێ ئیرادە و بێ توانا. 

نوچە: لەگەڵ ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ئافرەتان زیاد دەبن، گرنگیدان بە کێشەکانیان کەم دەبێتەوە؟ هۆکاری چییە؟

نەرمین عوسمان: لە کاتی ناکۆکی و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری، زیان لێکەوتە سەرەکییەکان ژن و منداڵن ئەمەش بەهۆی لاوازی دەسەڵات لای هەردوو لا،  رووبەڕوی توند و تیژی کۆمەڵایەتی دەبنەوە و ئازادی جوڵە و چالاکیان لێ کەم دەکرێتەوە. هەندێ جاریش قەدەغە دەکرێ. جامی توڕەیی پیاوان لەو ئاڵۆزیەی ژیان، بەسەر ئەوان دادەڕێژن و ئۆباڵەکان دەخەنە ئەستۆی ژن، ئەمەش بە هۆی کەم دەسەڵاتی پیاوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، دەبینین بەشداری ژنیش لە چارەسەری ناکۆکیەکان بوونی نییە و نابینرێن، لە کاتی بێکاریش دیسانەوە ژن زیان لێکەوتووی سەرەکییە ئەوساش هەلی کار زیاتر بۆ پیاوان دەڕەخسێ وەک بۆ ژنان.

بۆیە بوونی ژن لە ناوەندی بڕیار پێویستە، بەمەرجێ ژنەکان بتوانن داکۆکی سەرسەختبن لە پرسە گرنگەکانی ژنان، کاتێ شیرازەکان هەمووی ئاڵۆز دەبێ کۆمەڵگاش کە دەسەڵاتی پیاو تێیدا زیاترە، زیاتر دەبنە هوکار بۆ هەڵکشانی توندوتیژی، دەوڵەت کەمتەرخەمە بە هۆی ئەوەی زۆربەی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت پیاون و ژنان کەمینەن، لە لایەکیترەوە بەدواداچوون و لێپێچینەوەی نییە بەرانبەر ئەو هەموو ناهەقیانەی بەرانبەر ژن دەکرێن و بە پرسی سەرەکی دانانێن، بەڵکو پرسیتریان بەلاوە گرنگترە لە پرس و کێشەکانی ژنان.

"رێکخراوەکانی ژنان زیاتر 
گرنگی بە پارە دەدەن"

نوچە: ئایا پرسی ژن دەکرێت وەکو رووداوێکی رۆژ سەیری بکرێت، کە روویدا، قسەو باس لەسەری گەرم ببێت و کە رووداوەکە کۆن بوو بێ دەنگی لەسەر بکرێت تا رووداوێکی تر ؟

نەرمین عوسمان: وەک هەموو بابەتە گرنگەکان، دەبێ پرسی ژن رۆژانە ببێتە تەوەرێکی گرنگ، ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نەتەوەی بە ژنەوە بەستراوە نەک تەنها بە پیاوەوە.

نوچە: وێڕای هەبوونی کێشەکان و سەرهەڵدانی فۆرمی جیاوازتر لە توندوتیژی، بێدەنگییەکی زۆر لەناو چالاکان و رێکخراوەکانی ژنان هەیە، بۆچی ژنان بێدەنگن؟ یان بۆچی ئێستا باس کردن لە پرس و کێشە کۆمەڵایەتییەکان کپکراوە؟ جگە لەو کاتەی لە ژنێک دەکوژرێت و هەڵمەتێکی عاتیفی لە سۆشیال میدیا دەست پێدەکات، نەک هەوڵی چارە. پێتوایە هۆکارەکەی چییە؟

نەرمین عوسمان: بە کۆی گشتی زۆربەی رێکخراوەکان کەم چالاکن، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، هەم نەبوونی بودجە و کەم کردنەوەی بایەخپێدانیان. هەروەها زۆربەی رێکخراوەکان نەیانتوانیوە بچنە ناو قوڵایی کۆمەڵگاوە و پیاوان بەلای کێشە و پرسەکانی ژن راکێشن، زۆربەی زۆری چالاکییەکانیان لە ناو نوخبەن و هەمان دەموچاو دووبارە دەبنەوە، ئەو بوارەش کە بایەخی پێدەدەن تەنها پارەیە.

پرسی ژن وەک هەموو پرسە گرنگەکان، بەردەوامی دەوێ؛ زۆری ماوە تا دەگەینە جێ و هەموو ساردبوونەوەیەک کاتەکە درێژ دەکاتەوە و زۆر درەنگتر دەگەین بە کەمترین ئامانج. لەگەڵ ئەوەشدا کاری خۆ بەخشی بە کەسێک دەکرێ، کە لە لایەکیترەوە سەرچاوەی بژێوی ژیانی هەبێ و ئامادەیی تیابێ و رێگری نەبێ لە لایەن خێزانەکانیانەوە.         

لە هەموو شتێ گرنگتر دەوڵەت و دام و دەزگا فەرمیەکانی بۆ ژن دامەزراون و وەک ئەوەی ئاگادارم ستراتیژ و پلانیان هەیە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بە جددی بخرێتە بەرنامەی کارەوە و کاری لەسەر بکرێ و ئەرکەکان لەگەڵ رێکخراوەکان دابەشبکرێن و بەدواداچوون هەبێ لە لایەن پەرلەمانەوە و بە ئەرکی خۆیانی بزانن، چونکە ئەرکی ئەوان زیاتر بەدواداچوونە.

رێکخراوە تایبەتەکانی حزبەکان، رەنگە هەندێ کار و چالاکیان هەبێ، بەڵام لە ئاستی پێویست نییە و دەبێ لەسەر پرسە گرنگەکان هەموویان بەیەکەوە کاری هاوبەش بکەن نەک هەر لایەنە و بە تەنها، چونکە پرسی ژن هی هەموو ژنانە لەو پەڕی پارتە کۆنسەرڤەتیڤەکان تا ئەو پەڕی چەپ و ئیسلامییەکانیش. 

سیاسەت لە کوردستان بۆتە کاری هەموو کەسێک بەداخەوە، سوشیال میدیا خەڵکی رۆشنبیریشی راکێشاوە و کەوتوونەتە ژێر گاریگەرییەوە، بۆیە دەبێ بایەخ بە میدیای بێ لایەن و میدیای ژن بدرێت، زۆر کەم دەبینین میدیایەک هەبێ تەنها بۆ ژنان و پرسەکانی پەیوەندی بە ژن و کۆمەڵ، ژن و ئابووری و ژن و زانست و ...هتد هەبێ، نابێ تەنها چاومان لەوەبێ بپاڕێنەوە تاکو بەرنامەیەک یان کەیسێکمان بۆ بوروژێنن.

"هەر مەلایەک قسەی بە ژن گوت
 پێویستە  سزای  توند  بدرێت" 

نوچە: ئایا دەکرێ لەبەر ئەوەی لە کاتی خۆی حکومەت، یان ناوەندە تایبەتمەندەکان بەدەمەوە نایەن، ساردبوونەوە لە پرسەکان رووبدات یان خەباتێکی بەردەوامی دەوێ، کە خەباتی بەردەوامی دەوێ، بۆچی دەبێ بەدەنگ بین لەسەر رووداوێک تا کۆن دەبێت دواتر بێ دەنگ بین تا رووداوێکی تر روودەدات؟

نەرمین عوسمان: لە ئێستای کوردستان سیاسەت لە پێش هەموو پرسەکانیترەوەیە، تەنانەت پێش پرسی نەتەوەیشە، هەموو کەسێکیان سەرقاڵی بابەتی رۆژ کردووە. پلان و پرسە گرنگەکانی دواڕۆژ لەبیر خەڵک براوەتەوە. ئەمە نەک تەنها لەسەر ژن رەنگی داوەتەوە، بەڵکو لەسەر هەموو بابەتە گرنگەکانیتریش. وایان کردووە کورت بینی لە نێوان گەنجان دروستبێ، ژنانیشان سەرقاڵی بەدواداچوونی شتە لاوەکیەکان کردووە و خەریکی چاندنی بێ هیوایی و کورت بینینن لە ناو کۆمەڵگا، ژنانیش پشکی سەرەکیان بەردەکەوێ و لە لایکیترەوە خەریکن مۆدێلی عەشیرەتگەری و خێڵەکی زیندوو دەکەنەوە پاش ئەوەی ئیفلیج ببوو؛ ئەمەشیان رەنگدانەوەی لەسەر پرسی ژن زۆر مەترسیدارە، هەر بۆیەشە دەبینین توندوتیژی و کوشتن زیاتربووە.

نوچە: ئەرکی حکومەت چییە کەواتە؟

نەرمین عوسمان: ئەرکی حکومەت جێبەجێکردنی ئەو یاسایانییە کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە و پەیوەستن بە پرسی ژنەوە، هەروها چاودێری ئەو دەزگا حکومیانە بکات کە خۆی دایمەزراندووە بۆ پرسی ژن، لەگەڵ دابین کردنی بودجەیەکی باش هەم بۆ ئەو دەزگایانە و هەمیش بو رێکخراوە ناحکومییەکان، ئەوانەی کار بۆ ژن دەکەن لەسەر پرۆژەی پەسندکراو. هەروەها رێژەی ژن لە دام و دەزگا حکومییەکان زیاد بکات، پشتیوانی پرۆژەی وەبەرهێنان بێ کە لە لایەن ژنەوە بەڕێوە دەبرێن بە مەبەستی پەیداکردنی سەرچاوەی ئابووری سەربەخۆ. هەروەها لە وەزارەتەکان دەزگایەک هەبێ بۆ ئەوەی چاودێری ئیدارەدان و نەهێشتنی جیاوازی لە نیوان ژن و پیاو لەناو دەزگاکانی حکومەت. 

نوچە: ئەرکی رێکخراوەکان لە وەها دۆخێکدا دەبێ چیبێت؟

نەرمین عوسمان: ئەو رێکخراوانەی پەیوەستن بە کاروباری ژنانەوە، پێویستە چالاکانە بکەوەنە کار و بچنە ناو کۆمەڵ و گەرەکە هەژار و ناوچە دوورە دەستەکان و پەیداکردنی پشتیوانی پیاوان بۆ ئەرکەکانیان و پرسەکان. هەروها تۆڕێکی فراوان بەیەکەوە دروستبکەن و کاربکەن بۆ ئەوە کارەکان دووبارەی تێدا نەبێ و تواناکانیان یەکبخەن و هاوکاری یەکتریبن و لە میدیاکان بە هەمان گوتار بدوێن کە لە بەرژەوەندی ژنە. 

ئەو رێکخراوە ژنانەی سەر بە حزبەکانن ئازادن لە بیروباوەڕیان، بەڵام بۆ پرسی ژنان هەمان ئەو کێشانەی کە ژن هەیەتی رووبەڕووی ئەوانیش دەبێتەوە، بۆیە گرنگە هەماهەنگبن و توانا و گوتاریان رێکبخەن بۆ ئەوەی بتوانن فشار بخەنە سەر حزبەکانیان بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان و زیاترکردنی رێژەی ژنان لە ناوەندی دەسەڵات. هەروەها لە دام و دەزگاکانی حزبەکانیان و بەشداری پێکردنیان لە گفتوگۆی نێوان حزبەکان و پەراوێز نەخستنیان.

پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین، کە لە شوێنی کار، زۆر جار ژنان رووبەڕووی هەندێ گرفت دەبنەوە، وەک تەحەڕوش و پەراوێزخستن، ئەمە بە بوونی دەزگایەکی ناو حکومەت و سزای توند بە ئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێت.

“تا ئێستا میدیایەکی 
تایبەت بە ژنمان نییە”

نوچە: گوتاری پیاوانی ئاینی کاریگەرە، هەندێکیان مینبەری مزگەوتەکان دژ بە رەوتی ژنان بەکاردەهێنن. ئەمە چۆن رێکبخرێت؟ یان پێتوایە رێکدەخرێت؟     

نەرمین عوسمان: پێویستە هەر یەکێک لە پیاوانی ئاینی کە دژ بە ژن دەدوێ، دەبێ سزای توند بدرێ. هەروەها ئەم هەموو لێدوانە نەشیاوەی کە بڵاوی دەکەنەوە قەدەغە بکرێت و چاودێری بکرێن، لە کاتی روودانی هەر توند و تیژیەک دژ بە ژن و یان کوشتنی ژن، دەبێ وتاری ئامادەکراو بدرێ بە مزگەوتەکان، بۆ ئەوەی باسی بکەن و دژی بوەستن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین