ڕۆژانە زیاتر لە (200) حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەرەکان لە عێراق تۆمار دەکرێت هەواڵ

نوچە نێت:

ڕێژەی تەڵاق لە عێراق بەردەوام لە ڕێژەی بەرزبوونەوە دایە، بە جۆرێک کە حاڵەتە ڕۆژانەییەکان بەربەستی (200) حاڵەتی تێپەڕاندووە. بەگوێرەی شارەزایانە ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پەرەسەندنی قەیرانێکی کۆمەڵایتی، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر سەقامگیریی خێزان و پێکهاتەی کۆمەڵگا بە گشتی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە لەبارەی ڕێژەی جیابوونەوە لە عێراق ئامادەکراوە باس لەوە دەکات و دەڵێت، ئامارەکان ئاماژە بە تۆمارکردنی زیاتر لە پێنج هەزار حاڵەتی تەڵاق لە مانگێکدا دەکەن، لە بەرامبەردا ڕێژەی هاوسەرگیری لەم ماوەیەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. هاوکات باس لە هۆکارەکە فرە ڕەهەندییەکانیش دەکات کە دیارترینیان ئەوانەن، فشارە ئابوورییەکان، هاوسەرگیریی پێشوەختە، کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ کێشە خێزانییە ئاڵۆزەکان کە لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی تێدا تێکەڵ بووە.

بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستا دا، لە ناوەندەکانی دادگادا، ڕۆژانە دەیان هاوسەر چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی داواکانی تەڵاق دەکەن. لە بەرانبەردا، یاساناسان جەخت لەوە دەکەنەوە کە زۆربەی کێشەکان پەیوەستن بە کێشەی دارایی، توندوتیژیی خێزانی و ناکۆکیی نێوان هاوسەران، جگە لە خیانەت و ئەو پەیوەندییانەی لە ڕێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانەوە دروست دەبن، لەگەڵ لاوازیی هۆشیاری لە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیادا، بەتایبەت لای هاوسەرە تەمەن گەنجەکان. 

هەر سەبارەت بە ڕێژەی تەڵاق لە دادگاكان، پارێزەر رەفعەت زەینەدین، ڕایگەیاند کە، زۆرێک لە کێشەکان بە ناکۆکییەکی سادە دەست پێ دەکەن، بەڵام بەهۆی دەورووبەر و دەستوەردانی کەسوکار و توڕەیی و خراپیی بەڕێوەبردنی کێشەکان گەورە دەبن.

شارەزایانی ئەم بوارە، پێیان وایە تەڵاق چیتر تەنها حاڵەتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی ڕوو لە زیادبوونە، کە زۆربەی جار پەیوەندی بە نەبوونی لێکتێگەیشتن و لاوازیی توانای چارەسەرکردنی کێشەکانەوە هەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین