خانمە پسپۆڕێکی کورد چەندین ساڵە توێژینەوە لەسەر دروستکردنی مێشکی ڕۆبۆتی دەکات هەواڵ

نوچە نێت:

خانمێکی پسپۆڕی کورد لە ئیتاڵیا، وەک توێژەرێکی کاریگەر ئەم ساڵ پێشەنگی ڕێزبەندییەکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا، کە کار لەسەر بەرهەمهێنانی مێشکی ڕۆبۆتی "مێشکی دیجیتاڵی" دەکات بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنییان. هەروەها دەشڵێت، "پسپۆڕانی کورد بە بەراورد بە پسپۆڕانی بیانی بەرگریان زیاترە و رژدترن لەسەر کارەکانیان".

ڕۆژی یەکشەممە (2026/10/04) د. پاوان سیروان دزەیی، پسپۆڕی فیسیۆلۆژی جەستە و توێژەری مێشکی ڕۆبۆتی لە ڕیزبەندی نێودەوڵەتیی (Top 1000 Scholar) دا پلەی (28)ـەمینی لە بواری (کەناڵ و وەرگرەکانی ئایکۆنەکان لەنێو پەردەی خانە) "lon Channels and Receptors" لە جیهاندا بەدەستهێناوە.

د. پاوان دزەیی، لەم هەڵسەنگاندنە جیهانییەدا، پێشەنگی توێژەرانی بوارەکەی گرتووە و نمرەی (94.34)ـی بەدەستهێناوە، بە پشتبەستن بە توێژینەوەکان، بونیاتنانی بیرۆکەی نوێ و چارەسەری خێراتر، بەردەوامیدان بە کاری زانستی و ڕۆڵی توێژەر لە بەرەوپێشچوونی زانست لە ماوەی ساڵەکانی (2021 – 2025) سەرچاوە دەگرێت.

لەبارەی بەرەوپێشچوونی زانست بەو خێراییە، د. پاوان دزەیی ڕایگەیاند، "پڕۆژەی دروسکردنی مێشکی ڕۆبۆتی لە ساڵی (2013)ـەوە دەستی پێکرد و تاوەکو ئێستاش کارکردن تێیدا بەردەوامە، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپی (600) ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە".

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات و گوتی، "چەندان وڵاتی جیاواز لەو پڕۆژەیە بەشدارن، تاوەکو بەردەستبێت بۆ زۆرترین وڵاتی جیهان لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان و لە داهاتووشدا پزیشکان دەتوانن لەبری تاقیکردنەوەی کاریگەری دەرمانەکان لەسەر نەخۆشییەکانیان، پشت بە ژیریی دەستکرد ببەستن".

ئەو توێژەرە خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت کە وەکو پسپۆڕێکی کورد شانبەشانی پسپۆڕانی بیانی لە نوێترین و وردترین پڕۆژەی جیهانیی ژیریی دەستکرد بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی بەشدارە، دووپاتی دەکاتەوە و دەڵێت، "پسپۆڕانی کورد بە بەراورد بە پسپۆڕانی بیانی، بەرگریان زیاترە و رژدترن لەسەر کارەکانیان و بە پێویستی دەزانم کە لەنێو هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتی دارایی توێژەران بکرێت و ئامێری پێویستیان بۆ دابینبکرێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین