دیرۆکی سیاسی کورد لەسەر بەرگی کتێبی "پەرتەوازەیی و یەکڕیزی"یە
نوچە نێت: تایبەت
ئا: ئەحمەد زرار
پێشەکی:
مەبەستمانە بە نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە ڕەنگدانەوەی بەرهەمە شوێنەوارییە کلتوورییەکان بدوێین و کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ڕوشنبیری و چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی سەردەم بە گشتی و کتێبی (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی) بە تایبەتی بۆ وەرگران بخەینەڕوو، بۆیە دەشێت خوێنەرێکی کتێبی (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی) بپرسێت: بەشی پێشەوەی بەرگی ئەم کتێبە گوزارشت لە چی دەکات؟ ئێمەش بەپێی توانا لە بەشەکانی دواتردا وەڵامی ئەم پرسیارە و ڕەنگدانەوەی لە سیاسەت و کاریگەری شوێنەوار لەسەر کۆمەڵ بۆ خوێنەران ڕووندەکەینەوە.
هەڵبەتە شوێنەوارەکان ناسنامەی زیندووی شارستانییەت و کلتووری گەلانن کە پەیامی ڕابردوو بۆ ئێستا دەگوازنەوە. لێرەوە دەکرێ بڵێین: مێژووی کوردستان دەوڵەمەندە بەم شوێنەوارانەی کە پێگەی ستراتیژی و کلتوورییانەی ڕیشەی نەتەوەیی ئێمە دەسەلمێنن. لەم ڕاپۆرتە شیکارییەدا تیشک دەخەینە سەر یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارەکانی سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ماد، ئەویش (ئەشکەوتی قزقاپان)ە؛ کە وەک بەرگی پێشەوەی کتێبی (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی) بەکارهاتووە، ئێمە بە ئامانجی ناساندنی پێکهاتەی هونەریی شوێنەوارەکە و لێکدانەوەی ڕەهەندە سیاسی و هێماییەکانی لە بەرگی کتێبەکەدا و بەتایبەت ئەو کاریگەرییەی کە تا ئەمڕۆش بەسەر ناسنامە و بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستانەوە ماوە، هەوڵمان داوە لە چەند ڕەهەندێکی جیاوازەوە لەم شوێنەوارە بکۆڵینەوە و پەیوەندی کلتووری و سیاسییەکەی بە کایەی ئەمڕۆی ڕۆشنبیری و بواری چاپ و سیاسیدا ببەستینەوە.
بۆیە شوێنەوارەکان بە پاشماوەیەکی ڕۆشنبیری یان سیاسی و کلتووری دادەندرێن کە تەمەنیان لە (٢٠٠) ساڵ کەمتر نەبێت و مرۆڤێک لە ڕابردوودا بەرهەمی هێنابێت؛ دەشێت بەرهەمەکە پەیکەرێک یان بینایەکی نیشتەنی کۆن یان تاتە قوڕێکی نووسراو بێت کە شارستانییەتی سەردەمێکی کۆنمان بۆ بگوازێتەوە. شوێنەوارەکان بە بەشێک لە تایبەتمەندیی کلتووری ناوچەیەک دادەندرێن و گرنگییان پەیوەستە بە مانەوە و لێکۆڵینەوە لەبارەیان، دەشێت لە سەردەمانی کۆندا شوێنەوارەکان وەک کەرەستەیەک بۆ گواستنەوەی پەیام یان شارستانی و ئاستی ڕۆشنبیری توێژێک بەکارهاتبێ، بێگومان خەڵکانی بەر لە ئێمە بۆ زیندوومانەوەی ئەوەی پێی گەیشتوون لە زانین و پەی پێ بردنی سروشت هانایان بۆ دروستکردنی شوێنەوارەکان بردووە. بۆیە دەکرێت بڵێین: دۆزینەوە شوێنەوارییەکان نیشانەی پاشماوەی شارستانییەتی هەر گەلێکە، دەشێت بەهۆی شوێنەوارێکی مێژووییەوە، گەلێک بەڵگەی مێژووییمان لەمەڕ کۆمەڵێکی دیاریکراوەوە چنگ کەوێت، کە پێشتر خۆشیان درکیان پێ نەکردبێ. لەبەر ئەم هۆکارە بەرچاوڕوونی لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ وان شوێنەواران پێویستە و ئەرکی هەر تاکێکی ئەو کۆمەڵەیەیە بۆ زیندوومانەوەیان تێبکۆشێت. یەکێک لەم ڕێگایانەی کە دەتوانین بە هۆیەوە خزمەت بە کلتوور و بەرهەمی ڕابردوومانەوە بکەین، چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبە، دەتواندرێت بەهۆی وێنەی سەر بەرگی کتێبێکەوە؛ شوێنەوارێکی کلتووری لە نەمان ڕزگار بکەین و بیخەینەوە بەرچاوی وەرگران، لەمەوە دەپرسین: نووسەران تا چ ڕادەیەک لە هەڵبژاردنی بەرگی کتێبە مێژوویی و سیاسییەکانیان تابلۆی شوێنەوارەکانیان بەکارهێناوە؟
بەرگی کتێبی پەرتەوازەیی و یەکڕیزی
شوێنەوارەکان جێدەستییان لە گواستنەوەی شارستانییەتی کۆمەڵێکی دیاریکراوەوە هەیە و دەشێت لە ڕێگەیانەوە چەندین پەیامی سیاسی و ڕۆشنبیری و نەتەوەیی بگەیەندرێت، خۆشبەختانە ئەمڕۆ لە کایەی ڕۆشنبیریدا و بە دیاریکراوی ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم شوێنەوارانە وەک وێنەیەکی ڕووپۆشکراوی پەیامدار بۆ سەر بەرگی کتێبەکان بەکاردێنن و لەگەڵیدا پەیامی تایبەت بەم وێنەیەش دەگەیەنن. هەروەک دەزگای نوچە کە لە چوارچێوەی توێژینەوەی سیاسی و پەرەپێدانی کلتوری، کار دەکات؛ لە بەرهەمێکی چاپکراوی خۆیدا بەناوی (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی) کە (ڕزگار ڕەزا چووچانی) نووسیویەتی؛ هێمای شوێنەواری ئەشکەوتی قزقاپان و بە دیاریکراوی خۆری دەسەڵاتی مادەکانی وەک وێنەیەک بۆ سەر بەرگی کتێبەکە دیاریکردووە و لەگەڵ ناوەڕۆکی کتێبەکەدا کە لەمەڕ هەردوو چەمکی (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی) دەسەڵاتی سیاسی کوردیدا دەدوێ گونجێندراوە، لە بەشی سەرەوەی کتێبەکە سەرەتا وێنەی نەخشەی کوردستانی گەورە و پاشان هەموو سەرکردە سیاسییەکانی هەر چوار پارچە بە دیاریکراوی (شێخ مەحمودی نەمر، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، شێخ سەعیدی پیران، شێخ ئەحمەد بارزانی، جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، ئیدریس بارزانی، مەلا مستەفا بارزانی، پێشەوا قازی محەمەد، کۆسرەت ڕەسوڵ، بەرهەم ساڵح، د. فوئاد مەعسووم، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی) دەبیندرێت، کە هێمایە بۆ بەردەوامی سیاسەت لە ناوچەکە و واتای هەوڵ و کۆششی نەبڕاوەی دۆزی نەتەوەی کورد دەگەیەنێت. جگە لەمانەی باسکران؛ دەشێت وەرگر لە هۆکاری دانانی شوێنەواری قزقاپان بپرسێت و بڵێت: لەبەرچی نووسەر ئەم شوێنەوارەی بۆ بەرگی کتێبەکە هەڵبژاردووە؟
تابلۆ شوێنەوارییەکە
لە بەرگی پێشەوەی کتێبی (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی)دا وێنەی شوێنەواری ئەشکەوتی قزقاپان داندراوە، کە لە بنەڕەتدا ئەم شوێنەوارە لەسەر دوندی یەکێک لە شاخەکانی (سەرسەد)ی ناحیەی (سورداش)ی سەیرانگای (چەمی ڕێزان)ی شاری سلێمانی بنیات نراوە و دەکەوێتە نزیک ئەشکەوتی (زەرزی) و مێژووەکەی بۆ (٦٠٠-٥٠٠ پ.ز) دەگەڕێتەوە، ئەم شوێنەوارە بە یەکێک لە پاشماوەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی گەورەی ماد دادەندرێت، بە گوێرەی بەڵگە مێژووییەکان دەسەڵاتی ماد؛ یەکەمین دەسەڵاتی یەکڕیزی کوردەکانە کە لەلایەن شەش هۆزی جودای مادەوە پێکهات و توانییان بە یەکڕیزییان بۆ ماوەی (١٥٠) ساڵی تەواو دەسەڵاتی خۆیان بەسەر هێزەکانی ناوچەکەدا بسەپێنن.
بەرزی شوێنەوارەکە بە دامێنی شاخی سەرسەدەوە بۆ (٨) مەتر درێژ دەبێتەوە و وەک تاقێکی درێژداهۆڵ وایە کە (٢) مەتر چووەتە بنجی شاخەکە و شێوەی وەک تەلارێکی بڵند دەردەکەوێت، کە ڕووی دەرەوەی بە دەرگایەکی گەورە داپۆشراوە. کە بە دەرگاکەیدا تێدەپەڕیت؛ دوو کۆڵەکەی بەرزی (٢) مەتری دەبینیت، لە بەشی سەرەوەی هەر یەکێکیان تاجێکی گەورەی شێوە یۆنانی چێکراوە. پەیکەری دوو کەس کە بەدیار یەکدییەوە وەستاون و پشتییان بە کۆڵەکەکانی پشتییان داوە دەبیندرێت و ئاگردانێکی شێوە بازنەییش لە ناوەڕاستییان داندراوە. لە سەرووی ئەوانیشەوە هێمایەکی شێوە گۆیی هەیە کە خۆرێکی لەناوەڕاستدا هەیە و (١١) تیشکی لێ بووەتەوە و بەسەر تەواوی شوێنەوارەکەدا بڵاوبووەتەوە، بەڵگە مێژووییەکان ئەم خۆرە بە نیشانەی توانا و دەسەڵاتی خواوەند ئەشتار (عەشتار) ناودەبەن و پێیان وایە مەبەست لەم هێمایە نوێنەرایەتی خواوەندەکەیە بۆ تەواوی خواوەندەکانی تری دەسەڵاتی ماد.
بە بروای ئێمە ئەم خۆرەی لە ناوەڕاستی بەشی سەرەوەدا دەبیندرێت (عەشتار) یان (ئەشتار) خواوەندی خۆشەویستی و جوانی و جەنگە، شێوەی ئەم خواوەندە لە شارستانییەتەکانی وەک: (میزۆپۆتامیا، فینیقییەکان، گریک، ڕۆمانییەکان) دەبیندرێت و بەزۆری خەڵکی بۆ جەنگ و بەدیهێنانی ئاواتەکانیان پشتیان پێ بەستووە و لە ڕۆژئاوایش زێتر بە خواوەندی جوانی ناسراوە وەک لای ڕۆمییەکان خواوەندی جوانییە (ڤینۆس)، لەلای گریکەکانیش خواوەند (ئەفرۆدێت)ە. بەڵام لای گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین وەک خواوەندی جەنگ و هێز پشتی پێ بەستراوە و زۆرێک لە دەسەڵاتە زلهێزەکانی ئەوکاتە وەک هێمای ئازایەتی و جەنگ پەرستوویانە.
وەک لەمەوپێشیش لێی دواین، بەشێک لە پەیجووران (لێکۆلەران) پێیان وایە؛ شوێنەواری قزقاپان لەلایەن دەسەڵاتی ڕەهای مادەوە دروستکراوە و ئامانجیش لە چێکردنی پیشاندانی هێزی بێ بڕانەوەی ئەو ئیمپڕاتۆرییەتە بووە لە ناوچەکە، لە بەشی پێشەوەی شوێنەوارەکە وێنەی دوو کەس دەبیندرێت کە سەکۆیەکیان لە نێواندایە، "بە پێی بۆچوونی شوێنەوارناسان وێنەی دەستە چەپ (پاشا کەیخوسرەوی ماد ٦٢٥-٥٨٥ پ.ز)ە، وێنەی دەستە ڕاستیش (پاشا ئەنیتای لیدیا)یە، وەک لە رووداوە مێژووییەکاندا هاتووە شەڕی کەیخوسرەوی پاشای مادەکان و لیدیەکان پێنج ساڵی خایاندووە و هیچ لایەنێک نەیتوانی بەسەر لایەنەکەی دیکەدا سەربکەوێت، وەک مێژوونووسان دەڵێن؛ لە کاتی شەڕەکەدا لە ناکاو دیاردەی خۆرگیران ڕوویدا و ڕۆژی ڕووناک لە ناکاودا بوو بە شەو، هەر بۆیە هەردوولا ترسان و ئەمەیان وەکوو هێمایەک لەلایان خواوەندەوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ ناساند و بڕیاری ئاشتیان دا. بە پێی ئەم پەیمانە پاشای لیدی کچێکی خۆی بەناوی ئارینیسی بە ئیخۆتووگوی کوڕی کەیخەسرەو دا و ئاشتی بەرقەرار بوو."[1] وەک لە شوێنەوارەکەشدا دەردەکەوێت؛ هەردوو پاشا بە دەستی راستییان سڵاوی ئاشتی لە یەکتری دەکەن و چەکەکانیان لە پەنا خۆیان داناوە، کە مەبەست لێی وەستانی جەنگ دەگەیەنێت لە نێوانیاندا.
هەرچەندە تا ئێستا خاوەنی بەرهەمە کلتوورییەکە ئاشکرا نییە و نازاندرێ ئەم شاکارە هونەرییە بە دەستی چ هونەرمەندێک دروستکراوە؛ بەڵام ڕوونە هونەرمەندەکە ویستوویەتی خۆری دەسەڵاتی مادەکان بەسەر تەواوی گەلانی ژێردەسەڵاتیدا بچەسپێنێ و ڕایبگەیەنێت؛ ئەو ڕووناکییەی لە جەنگ و هێزی دەرەکی دەتانپارێزێت، هێزی سیاسی و بازووی سەربازەکانی ئیمپڕاتۆری گەورەی مادە. کەواتە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم شوێنەوارە پەیوەندی بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە هەیە، وەک هێمایەک بۆ یەکڕیزی سیاسی و بیروڕا جیاوازەکان بیری لێ کراوەتەوە. سەرەڕای وابەستەبوونی ئەم شوێنەوارە بە ڕابردووەوە تۆبڵێی پەیوەندی بە سیاسەتی ئەمڕۆی هێزە سیاسییە کوردییەکانیشەوە هەبێت؟
پەیوەندیی خۆری خواوەند عەشتار و سیاسەتی ئەمڕۆی ناوچەکە:
شوێنەواری قزقاپان تەنیا وەک پاشماوەیەک لە هێزی ئیمپراتۆری ماد مابوویەوە، تا ئەوکاتەی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە (٢/٢/٢٠٢٦) جەنگی مووشەکییان دژی ئێران ڕاگەیاند، لەمێوە هێزێکی سیاسیی لە ناوچەکە دژ بە ئێران بەناوی (هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران) دروستکرا و خۆری خواوەند عەشتاریان وەک هێمایەک بۆ پارتە سیاسییەکەی خۆیان هەڵبژارد، پارتەکە لە پێنج پارتی سیاسیی پێکهاتووە کە ئەوانیش بریتین لە: (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، حیزبی دیموکرات، حیزبی دیموکراتی کوردستان، سازمانی خەبات، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان). پارتەکە کار بۆ ڕاگارکردنی کوردانی ڕۆژهەڵاتی ئێران دەکات و ئامانجیشیان جیابوونەوەی یەکجارییە لە ڕژێمی کۆماریی ئیسلامی ئێران. بۆیە شوێنەوارە دێرینەکان لەگەڵ هەموو ئەم پارت و ڕێخراوە سیاسییانەی کار بۆ یەکڕیزی و مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد دەکەن؛ پەیوەندی هەیە، بە تایبەت لەڕووی دەرکەوتنی هەڵوێست و ئامانجە سیاسییەکانیان، هەروەها هەموو ئەو لۆگۆ و هێمایەی کە تایبەت بۆ پارتەکانی خۆیان دیارییان کردووە؛ جێپەنجەی شوێنەواری قزقاپانی بەسەرەوە دیارە، وەک ئاڵای پارتی بەرەی گەل، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ خۆری شوێنەوارەکەوە هەیە، هەڵبەتە مەبەستی دانانی ئەم هێمایە لەلایەن بەرپرسانی بەرەی گەلەوە وەک هێمایەک بۆ ئاشتی و ڕووناکی و زیندووکردنەوەی کەلەپووری مێژوویی ناوچەکە بەکارهێندراوە.
دیاریکردنی ئەم هێمایە لەلایەن پێشەوا قازی محەمەد وەک خۆری ناوەڕاستی ئاڵای کوردستان پەیوەندییەکی ئاشکرای دیکەی ئەم شوێنەوارەیە لەگەڵ سیاسەتی تازەدا. تەنیا جیاوازی خۆری ئەم شوێنەوارە لەگەڵ خۆری ئاڵای کوردستان لە ڕێژەی تێشکەکاندایە، تیشکەکانی خۆری شوێنەواری قزقاپان (١١) تیشکە، بەڵام ڕێژەی تیشکی خۆری ئاڵای کوردستان (٢١) تیشکە و مەبەستیش ئاماژەدانە بە شۆڕشی خاکەلێوەی کاوەی ئاسنگەر بەرانبەر زۆردارییەکانی زوحاکی پاشای پێشدادی.
ئەنجام:
لە کۆتایی ئەم ڕاپۆرتەدا، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە شوێنەوارەکان ناسنامەی زیندووی نەتەوە و شارستانییەتەکانن، بۆیە شوێنەواری قزقاپان وەک نموونەیەکی باڵا، چەند ئەنجامێکی گرنگمان بۆ دەردەخات، وەک:
ــ دوای ڕوونکردنەوەی پەیوەندییەکان؛ دەتوانین بڵێین: تابلۆی شوێنەواری قزقاپان کە بۆ بەرگی کتێبی (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی) بەکارهاتووە؛ گوزارشت لە هەموو هەڵوێستە یەکڕیزییەکانی سیاسەتی کورد دەکات، لە دیرۆکەوە تا ئەمڕۆ و پیشانیشی دەدات: کە یەکەمین هەڵوێستی یەکڕیزی لە ئیمپراتۆرییەتی مادەوە دەستپێدەکات.
ــ شوێنەواری قزقاپان بەڵگەیەکی ڕوون و دیارە لەسەر شکۆ و دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی ماد وەک یەکەمین دەسەڵاتی یەکڕیزی کوردەکان، کە نیشانی دەدات مێژووی سیاسیی ناوچەکە پەیوەستە بە قووڵاییەکی مێژوویی (٦٠٠-٥٠٠ پ.ز).
ــ وێنەی پاشای دەوڵەتی ماد و دەوڵەتی لیدیا لە کاتی واژۆکردنی پەیماننامەی ئاشتی، پەیامێکی مرۆیی و جیهانییە کە نیشان دەدات مرۆڤی ئەم ناوچەیە لە دێرینەوە جەنگی وەک بژاردەیەک بۆ ئاشتی و سەقامگیری بەکارهێناوە، نەک بۆ وێرانکاری.
ــ بەکارهێنانی هێمای خۆر وەک سەرچاوەی هێز و ڕووناکی، لە قزقاپانەوە دەست پێ دەکات و تا ئەمڕۆش لە ناوەڕاستی ئاڵای کوردستاندا وەک ڕەگی زیندووی ئەو کلتوورە ماوەتەوە.
ــ وەک لە ڕووداوە نوێیەکانی ساڵی (٢٠٢٦)دا بینرا، هێماکانی قزقاپان بوونەتە هەوێنی یەکڕیزی بۆ پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دروستکردنی هاوپەیمانییە نوێیەکان.
ــ بەکارهێنانی ئەم شوێنەوارانە لەسەر بەرگی کتێبە گرنگەکانی وەک (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی)، نیشانەی هۆشیاریی نەتەوەی کوردە لە تێگەیشتن لە ڕابردوو بۆ داڕشتنی دیرۆکی ڕۆشنبیری.
سەرچاوەکان:
کتێب:
مارف، عومەر ئیسماعیل (2010) دەوڵەتی ماد، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەیوەند، سلێمانی.
ئەلیکترۆنی:
- کەلاری، نەوزاد (2011) تۆمارێکی تایبەت
- گوڵان میدیا (2024) شوێنەواری کۆنترین دەسەڵاتی کوردی
- حەسەن، فەرزین (2017) دۆکیۆمێنتاری ئەشکەوتی قزقاپان (میکرۆفیلم):
- ڕووداو (10-04-2026) هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران:
[1] - مارف، عومەر ئیسماعیل (٢٠١٠) دەوڵەتی ماد، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەیوەند، سلێمانی، ل٨٠.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment