عێراق قوربانییەکی بێدەنگی دەستی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران ناوخۆیی

نوچە نێت: تایبەت

ئا: ژیوار سلێمان سەلكە

عێراق پێنجەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت و شەشەمین وڵاتی هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا، داهاتی دەوڵەت (90%)ی پشت بە نەوت دەبەستێت، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران کاریگەریی ڕاستەخۆی کردە سەر عێراق بەهۆی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکەو پشت بەستنی  تەواوەتی عێراق بە گەرووی هورمز بۆ هەناردەکردنی نەوت، داخرانی گەرووەکە بوو بەهۆی کەمبوونەوەی یەک لەسەر پێنجی دابینکردنی نەوتی جیهانی.

سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە پشت بەستن بە داتاکانی کۆمپای نەوتی بە بازاڕکردنی سۆمۆ، بەراوردکاری لە نێوان پێش هەڵگیرسانی جەنگ و دوای هەڵگیرسانی و کاریگەییەکانی جەنگ بەسەر عێراقەوە  بە تەواوەتی دەردەکەوێت.

بەر لە دەستپێکی جەنگەکە بڕی بەرهەم‌هێنانی  ڕۆژانەی نەوتی عێراق بۆ مانگی شوبات، چوار ملیۆن و (300) هەزار بەرمیل  نەوت بوو لە ڕۆژێکدا کە بە نزیکەی دەکاتە (129) ملیۆن بەرمیل نەوت لە مانگێکدا، بڕی هەناردەی نەوتی ڕۆژانە سێ ملیۆن و (300) هەزار بەرمیل نەوت بووە دەکاتە(99) ملیۆن و (872) هەزار و (220) بەرمیل نەوت لە مانگێکدا، لەو بڕەش پێنج ملیۆن و (551) هەزار و (610) بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بووە، داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی شوبات شەش ملیار و (814) ملیۆن و (585) هەزار و (690.38) دۆلار بووە. 

بڕی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت بۆ مانگی ئادار  دابەزی بە تێكرای بۆ  یەک ملیۆن و شەش سەد و بیست و پێنج هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، بە بەراورد بەمانگی شوبات ئاستی بەرهەمهێنان بە ڕێژەی (62%) کەمیکردەوە، هەروەها هەناردەی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئادار(18) ملیۆن و (604) هەزار و (951)   بەرمیل نەوت بووە  لە مانگێکدا، لە بڕەش یەک ملیۆن و (271) هەزار و (200) بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بووە، ئەمەش بە بەراورد بە مانگی شوبات بڕی هەناردە نزیکەی (81) ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە و دەکاتە ڕێژەی دابەزینی (80%)ی هەناردەی نەوت، داهات یەک ملیار و (957) ملیۆن و (121) هەزار و (189.87)  دۆلارە.، لێرەدا بۆ مانگی  ئادار عێراق رێژەی (71%) کورتهێنانی لە داهاتی نەوتیدا هەیە.

سەبارەت بە مانگی نیسان بە پێی نوێترین ڕاپۆرتی کۆمپانیای سۆمۆ، بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ خوار یەک ملیۆن و (300) هەزار  بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دابەزی، بە بەراورد بە مانگەکانی  ئادار و شوبات ڕێژەی بەرهەمهێنان بە (80%) کەمیکردەوە، بڕی هەناردەی نەوت لە مانگێکدا گەیشتە نۆ ملیۆن و (884) هەزار و (130) بەرمیل، لە بڕەش (339) هەزاری هەناردەی نەوتی کوردستان بووە، ئەمەش دەکاتە ڕێژەی دابەزینی هەناردەی نەوتی عێراق بە (90%)، داهات بۆ مانگی نیسان یەک ملیار و (87) ملیۆن و (82) هەزار  و (481) دۆلارە، ئەمەش  کورتهێنانی داهاتی نەوتی بۆ مانگی نیسان گەیاندە ڕێژەی (84%)، کە ئەمەش بۆ دەوڵەتێکی وەک عێراق وەک دارمانێکی ئابووری هەژمار دەکرێت.

بەپشت بەستن بە داتا فەرمییەکان ئەوە دەردەکەوێت کە لە ماوەی تەنها دوو مانگی جەنگدا داهاتی نەوتی عێراق ڕێژەی (90%( کەمیکردووە، کەمبوونەوەی بەرهەم‌هێنانی نەوت بە هۆکاری هێرشە درۆنییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی بووە لە کێڵگە نەوتیەکانی عێراق  هەروەها کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت بۆ نەبوونی ڕێرەوێکی دیکەی ئاویی دەگەرێتەوە، هەرچەندە جێگرەوەی گەرووی هورمز بۆ عێراق بۆڕیی نەوتی کوردستان- تورکیایە لە ئێستادا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەناردەی نەوت بەو بۆڕییە دەتوانێت ڕێژەی (10%) هەناردەی نەوتی عێراق دابین بکات بەهۆی توانای بڕی هەناردەکردنی بۆڕییەکە.

عێراق لە ڕووی ئابوورییەوە باجی جەنگێک دەدات کە هیچ ڕۆڵێکی نەبووە لە هەڵگیرسانی جەنگەکەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت جەنگ ببێت بە دەرفەتێک بۆ دووبارە ریفۆرمکردنەوەی ئابووری عێراق و کەمکردنەوەی پشت بە ستن تەنها بە داهاتی نەوتی، فرەچەشنکردن سەرچاوەکانی ئابووری دەتوانێت دەوڵەت لە شۆکی ئابووری بپارێزێت، هەروەها لە لایەکی دیکەوە فرەچەشنکردنی ڕێگەکانی هەناردەکردنی نەوت دەتوانێت وابکات وڵات ڕووبەرووی هەموو تەحدەییەکان ببێتەوە بتوانێت لەهەر ئەگەرێکدا سەرجاوەکانی دیکەی دابینکردنی داهات بەکاربهێنت.

 

سەرچاوەکان:

SOMO Oil

Iraq’s oil output stands at 1.3 million barrels per day - Iraqi News

مانگی رابردوو بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین