کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان، هۆکار و کاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان ناوخۆیی

نوچە نێت: تایبەت

ئا: چرا کوردستانی

 

پێشەکی 

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان دانیشتنی یاسایی خۆی ئەنجام نەداوە، لە کاتێکدا لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای هەڵبژاردن، پێویستە هەڵبژاردنی خولێکی تری پەرلەمانی بەڕێوەبچێت، کە ماوەکەی کەمتر نەبێت لە مانگێک. خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی(20/10/2024)، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە ماوەی (10) ڕۆژدا و لەڕۆژی چوارشەممە (30/10/2024) ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ڕاگەیاند لەماوەی پێنج خولی ڕابردووی پەرلەمان، وادەی دەستبەکاربوونی پەرلەمان هاوشێوەی خولی شەشەم درێژ نەبووە.

مێژووی خولەکانی پەرلەمان

خولى یەکەمی ساڵی 1992، ڕۆژی (19\5\1992) هەڵبژاردن ئەنجامدرا، ڕۆژی (4/6/1992)دانیشتنی دەسپێکی خول بەڕێوەچوو، واتا (15) ڕۆژی خایاند تا دانیشتنی دەسپێک بەڕێوەچوو. لەهەمان دانیشتن سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا بە تەزکیە، چونکە یەک پالێوراو بۆ هەر پۆستێک هەبوو. خولى دووەم 2005 ڕۆژی 30/1/2005 هەڵبژاردن ئەنجامدرا، ڕۆژی (4/6/2005) دانیشتنی دەسپێکی خولی دووەم بەڕێوەچوو واتا (4) مانگی خایاند تا دانیشتنی دەسپێک بەڕێوەچوو. خولى سێیه‌م (2009) ڕۆژی(25/7/2009) هەڵبژاردن ئەنجامدرا، ڕۆژی (20/8/2009)  دانیشتنی دەسپێکی خولی سێیەم بەڕێوەچوو، واتا (25) ڕۆژی خایاند تا دانیشتنی دەسپێک ئەنجامدرا. خولى چوارەم 2013 ڕۆژی(21/9/2013)هەڵبژاردن ئەنجامدرا، ڕۆژی (6/11/2013)دانیشتنی دەسپێکی خولی چوارەم بەڕێوەچوو، واتا (45) ڕۆژی خایاند تا دانیشتنی دەسپێک بەڕێوەچوو. خولی پێنجەم 2018 ڕۆژی (30/9/2018) هەڵبژاردن ئەنجامدرا، ڕۆژی (6/11/2018) دانیشتنی دەسپێکی خولی پێنجەم بەڕێوەچوو، واتا (36) ڕۆژی خایاند تا دانیشتنی دەسپێک بەڕێوەچوو. خولی شەشەم 2024  لە ڕۆژی (2024/10/20) هەڵبژاردن ئەنجامدرا، تاوەکوو ئەمڕۆش هیچ دانشتنێکی خۆی ئەنجام نەداوە. 

بۆچی پەرلەمان تاوەکو ئێستا کارا نەبووە؟ 

هەڵپەساردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەپێی پەیرەوی ناوخۆ، پێویستە لە یەکەم دانیشتندا پرۆسەی دەنگدان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی لە (سەرۆک و جێگر و سکرتێر) بەرێوەبچێت. بەڵام ڕێکارەکان دوای ڕاگەیاندنی بەربژێرەکان ڕاگیران و دانیشتنەکە بەکراوەیی مایەوه. فوئاد ئەحمەد، بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، "لە فه‌سڵی سێیه‌م و مادده‌ى (12) یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا هاتووە؛ له‌ (15) ڕۆژ پاش ته‌واوبوونى ماوه‌ى په‌رله‌مان یان كاتێك پەرلەمان خۆى به‌ بڕیارێك هه‌ڵدەوە‌شێنێته‌وه‌، واده‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ بڕیارى سه‌رۆكى هه‌رێم دیارده‌كرێت و به‌ر له‌و واده‌ دیاركراوه‌ له‌ ڕێگاى ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ هاووڵاتییانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە، به‌ ماوه‌یه‌ك له‌ مانگێک كه‌متر نه‌بێت." 

هەروەها گووتیشی " بەپێی ماددەی (20)ی یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن کە لە (3) بڕگە پێکهاتووە، لە بڕگەی یەکەمیدا ماوی (3) ڕۆژی دیاری کردووە تا بەربژێر و حزبە سیاسیەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن، تانە لەبڕیاری کۆمسیۆن بدەن، کە بەپێ ئەو بڕیارە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنیان ڕاگەیاندووە. لە بڕگەی دووەمدا، ئەوەی دیاریکردووە کە ئەنجومەنی کۆمسیاران، وەڵامی داواکاری و پرسیارەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان سەبارەت بەتانەکان دەداتەوە لە ماوەیەیەک کەحەوت ڕۆژی کارکردن تێپەڕ نەکات لە بەرواری وەرگرتنیانەوە. لەبڕگەی سێهەمیشدا ئەوە دیاریکراوە، کە دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان بڕیار لەسەر تانە پێشکەشکراوەکە دەدات بەمەرجێک نابێت لەماوەی (10) ڕۆژی کارکردن تێپەڕبکات لە بەرواری وەڵامی دەستەی کۆمیسیارانەوە بۆ تانەکان". 

نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ نووچەنێت، کارانەبوونی پەرلەمان دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆکاری سیاسی و دەڵێت،" کارانەبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری سیاسی نەک هۆکاری یاسایی لە نێوان یەکێتی و پارتی بەگوێرەی پەیڕەوی ناوەخۆ و یاسا بەرکارەکان دەبوایە سوێند خواردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش ئەنجام بدرایە بەبێ دەستەی سەرۆکایەتیش پەرلەمان کارانابێتەوە بە بەڵگەیەکی لاواز کۆبوونەوەی  یەکەمیان بەکراوەیی بەجێهێشتووە". هاوکات تاریق جەوهەر، وتەبێژی پێشووی پەرلەمان و ڕاوێژکاری ئێستای ڕاگەیاندنی پەرلەمان، لە لێدوانێکدا بۆ نووجە نێت بۆچوونەکانی دەخاتەڕوو و لای وایە وایە هۆکاری کارا نەبوونی پەرلەمان دەگەڕیتەوە بۆ ڕێکنەکەوتن و نەسازان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بە گشتی و بە تایبەتیش لە نێوان هێزی یەکەم و دووەمی پارتی و یەکێیەتی و دەڵیت، "تا ئیستا هیچ ڕێکەوتن و سازانێکیان لەسەر پیکهێنانی حکوومەت و دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان وە شیوازی حکومرانی بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە نیوان خۆیان لەسەری ڕێکنەکەوتوون، بۆیە ئەم بابەتە هەرچەندە چەندین دانیشتنیان کردووە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕیکەوتنیکی کۆتایی بۆ چارەسەرکردنه و دەستبەکاربوونی کاراکردنەوەی پەرلەمان". 

کاریگەرییەکانی كارانەبوونی پەرلەمان لەسەر هەرێمی کوردستان 

نیعمەت عەبدوڵڵا ڕای وایە "بە کارانەبوونی پەرلەمان کاریگەری یاسایی و سیاسی و کاروبارەکانی کۆمەڵگەو  حکوومەت و نێودەوڵەتیشی هەیە سەرەڕای ئەرکەکانی ئەسڵی پەرلەمان وەک مەرجەعی بنەڕەتی ئەویش تەشریعات و پەسند کردنی بودجە و بە دوواداچوون و چاودێری حکوومەت لە کۆتاییدا بەم کارانەبوونە وڵات لە بۆشایی یاسایی دا دەمینێتەوە بۆیە ئەرکی هەمووانە ئەم دۆخە تێپەڕێین لەسەرەتا دەتوانرا بە شێوەی کاتی یان وەک خولی پێشوو دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرابووایە بە ڕێککەوتن". لەگەڵیشدا تاریق جەوهەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمان، کاریگەری نەرێنی کارانەبوونی پەرلەمان دەردەخات و پێی وایە جیا لەوەی کاریگەری نەرێنی زۆر دەکاتە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها کاریش دەکاتە سەر هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، کە " وای لێ دەکات حکوومەتی کار بەڕێکەر نەتوانێت بە شێوەیەکی باش و بەهێز بچێتە سەر مێزی دانووسان لەگەڵ لایەنی عێراقی، هەروەها ناتوانێت چاودێرییەکی تەواوی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکات، ئەمەش بۆشاییەکی گەورە لە دامەزراوەکانی پەرلەمان دروست دەکات وە هەروەها پەرلەمان، کە مەرجەعی بڕیارە چارەنوسسازە سیاسییە یەکلاکەرەوەکانی گەلی کوردستانە، لە غیابی پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێکی دیکە نییە بتوانێت ئەو بڕیارە وەربگرێت، بۆیە بۆشاییەکی گەورە هەم لە ناوەخۆی هەرێمی کوردستان زیان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، هەم پێگەی هەرێمی کوردستانیش لە ئاست ڕەوتی ڕووداوەکان و لە ئاست گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا و وڵاتە دراوسێکان و ناوچەکە لاواز دەکات" 

لە بارەی چارەنووسی خوولی شەشەمی پەرلەمان بە بۆچوونی تاریق جەوهەر، دەبێت لە ماوەی داهاتوودا لایەنە سیاسییەکان کار لەسەر چەند خاڵیک بکەن، لەوانە "دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان، رێکەوتن لەسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکانی گەلی کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و چارەسەرکردنی گرفتە هەڵپەسێردراوەکان و هەموو ئەو دۆسیانەی لەبەر دەست دان، و لە پیش هەموویانەوە، مەسەلەی بودجە نەوەک مووچە، چونکە هەرێم دەبێت بگاتە ڕێکەوتنێکی یەکجارەکی لەگەڵ بەغدا لەسەر گێڕابەوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانکە لە نێویدا کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کورستان چارەسەر دەکرێت، ئەگینا ئەم ڕێکەوتنە کاتییانەی کە ئەم مانگە بەگدا مووجە دەنێرێت و دوای دوو مانگی دیکە کێشە دروست دەبێتەوە لەسەر نەوت و غاز، لەسەر داهاتی ناوەخۆ، پێویستە هەرێمی کوردستان  یەکەمجار لە نێو ماڵی خۆی، کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێم، پەرلەمانی داهاتووی هەرێم، سەرۆکایەتی هەرێمی داهاتوو، لەسەر چەند خاڵ و ستراتیژیەتێکی تازە ڕێکبکەون، بۆ ئەوەی هەم لەسەر دۆسیەی نەوت، هەم لەسەر داهاتی ناوەخۆ، هەم لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە یەکدەنگی و بەهێزەوە داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کورردستان بکەن". 

کارکردنی نایاسایی حکومەتی کار بەڕێکەر: هەرچەندە دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر سنووردارە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە (9ی تشرینی یەکەمی 2022)ەوە، کەپێناسەی حکومەتی کاربەڕێکەری بەسەردا جێبەجێ دەبێت، بەردەوام بووە لە (دەرکردنی بڕیار، پرۆژەو گرێبەستی ستراتیژی…هتد).

 

کارانەبوونی پەرلەمان دەبێتە هۆی: 

ــ هێشتنەوەی دانیشتن بەکراوەیی

ــ بەردەوامیی حکومەتی کاربەڕێکەر

ــ گەرانەوە بۆ دەستووری عێراق و بریارەکانی دادگای فیدڕاڵی.

ــ ڕاگرتنی کاری تەشریعی و چاودێری پەرلەمانی

ــ لاوازبوونی ڕۆڵی دامەزراوە چاودیرییەکانی دیکه

ــ لاوازبوونی متمانەی نێوەخۆیی و نێودەوڵەتی

ــ بەهەدەردانی سامانی گشتی؛ لەو کاتەوەی سوێند خواردنی پەرلەمانتارانی خولی شەشەم لەمانگی 12)ی ساڵی رابردوودا، مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام بە هیچ کارێک هەڵنەستاون. ئەمەش دەچێتە خانەی بەهەدەردانی سامانی گشتی، چونکە مووچە پێویستە لەبەرامبەر ئەنجامدانی ئەرک بدرێت.

 

دەرئەنجام:

- بە پێی بەدواداچوونی ئێمە، گرفتی سەرەکی کارانەبوونی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، خۆی بوونی پەرتەوازەیی دەبینێتەوە کە تاوەکو ئەمڕۆش لە لایەنە سیاسییەکان بوونی هەیە، وایکردووە لایەنەکان لەسەر یەک ئامانج و ڕوانگەیەکی هاوبەش کۆک نەبن. 

ــ دواکەوتن لە کاراکردنی پەرلەمان، متمانەی نێوەخۆیی و نێودەوڵەتی لاواز کردووە و کاریگەریی لەسەر دامەزراوە یاساییەکانی کوردستان لەسەر ئاستی ناوەخۆیی و ناوچەیی داناوە.

 

سەرچاوەکان

ــ ڕزگار ڕەزا چووچانی، پەرتەوازەیی و یەکڕیزیی مێژووی پڕ لە کەوتن و هەستانەوەی گەلێک،ب.1، دەزگای نووچە، هەولێر، 2025. 

ــ ڕزگار ڕەزا چووچانی، متمانە و بونیادنان، کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای نووچە، هەولێر، 2022

لێدوانی تایبەت

ــ نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان.

ــ تاریق جەوهەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان.

ــ فوئاد ئەحمەد، خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کەی دەست بەکار دەبێت، ماڵپەڕی نووچەنێت.

خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کەی دەست بەکار دەبێت؟

ــ سەروەر عەبدولرەحمان، لە هەرێمی کوردستان پەرلەمانتارە هەیە، بەڵام پەرلەمان بوونی نییە، ، دامەزراوەی پەی.

ــ لە هەرێمی کوردستان پەرلەمانتار هەیە، بەڵام پەرلەمان بوونی نییە.

ــ قەیرانی پەککەوتنی پەرلەمان، پێکنەهێنانی کابینەی نوێ، ڕێکخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدان.

قەیرانی پەککەوتنی پەرلەمان، پێکنەهێنانی کابینەی نوێ

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین