پڕۆسەی دەستگیرکردنی بەرپرسان بە تۆمەتی گەندەڵی لە عێراق تاكەی بەردەوامە؟! ناوخۆیی

نوچە نێت:

بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، هێزە ئەمنییەکان لە قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا (47) تۆمەتبار لەناوچەی سەوزی بەغدا دەستگیردەکەن و دوای فراوانبوونی پڕۆسەکەش لە قۆناغەکانی دواتردا ژمارەی دەستگیرکراوان ڕوو لە زیادبوون دەکات و تا ئێستاش بڕی ئەو سامانەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە ملیۆنان دۆلاری تێپەڕاندووە.

ئا: ئەحمەد زرار

بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، هێزە ئەمنییەکان لە قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا (47) تۆمەتبار لەناوچەی سەوزی بەغدا دەستگیردەکەن و دوای فراوانبوونی پڕۆسەکەش لە قۆناغەکانی دواتردا ژمارەی دەستگیرکراوان ڕوو لە زیادبوون دەکات و تا ئێستاش بڕی ئەو سامانەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە ملیۆنان دۆلاری تێپەڕاندووە. 

 

دەستگیرکردنی بریکاری پێشووی نەوتی عێراق؛

دوای ئەوەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن ناسراو بە "حووتی نەوت"، لە کۆتایی مانگی ئایاری (2026) بە تۆمەتی گەندەڵییەکی گەورە لەلایەن هێزێکی تایبەتەوە دەستگیرکرا و لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی یەکجار زۆری پارەدا گرت سەدان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلاری نەختینە بوون و بەشێکیان لە ژێر زەوی و لەناو باخەکانی شاردرابوونەوە. جگە لەوەش دەست بەسەر دەیان ڤێلا، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێکی زۆر زێڕدا گیرا.

 

سەرەداوی بردنی سامان و پارە و دەستپێكردنی پرۆسەكە

دوای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی لە زیندان، لە هەڵمەتێکدا بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە (28/6/2026) دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هەڵمەتێکی فراوانیان ئەنجام دا و تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر کران؛ هەر هەمان ڕۆژ لە کاتی بەڕێوەچوونی هەشتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لە عێراق، عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کە ئەو هەڵمەتەی لە بەرەبەیاندا بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران جێبەجێ کرا، قۆناغی یەکەمی پڕۆسەکە بوو، لەمەودوا قۆناغی دیکەی لەڕێدایە و حکوومەت بەردەوام دەبێت لە چەسپاندنی یاسا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل، هیچ کەمتەرخەمییەک لە بەرپرسیارێتی پاراستنی سامانی گشتیدا قبووڵ ناکرێت، چیتر بێدەنگی بەرامبەر گەندەڵی ناکرێت، بۆیە هەر لەم کۆبوونەوەیەدا دەزگا چاودێرییەکانی ڕاسپارد کە بە وردی چاودێری ئەدای وەزارەتەکان بکەن و لە چالاکییەکانیان بکۆڵنەوە، عەلی زەیدی لەم کۆبوونەوەیە گووتیشی، عێراق سەردەمی شەڕ و پەککەوتنی تێپەڕاندووە و ئێستا کاتی ئەوەیە دەوڵەت پاوانی هێز و چەک بکات و رێگا نەدات گەندەڵکاران لە ناو جەستەی دەوڵەتدا بمێننەوە. هاوکات ژمارەیەک سەرچاوەی باڵا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییان ڕاگەیاند، لەم هەڵمەتەدا (47) تۆمەتبار لە پەرلەمانتاران و بەرپرسان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون.

 

ناو و پێگەی بەشێک لەوانەی لە هەڵمەتی ئەو ڕۆژەدا دەستگیرکران

ئەو بەرپرسانەی تاوەكو ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون بریتین لە: موسەننا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، زیاد جەنابی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەها نووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، محەممەد کەربوولی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، عالیە نوسەیف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، محەممەد جەمیل میاحی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، حەسەن خەفاجی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، عەبدولڕەحمان لوێزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، موزەڕ کەروی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، هیند عەباسی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، محەممەد فەرمان جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بوشرا قەیسی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، محەممەد سەیهوود ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، عەلی مەعاریج بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، ئیبراهیم سومەیدەعی.

 

تا ئێستا چەند پارە و سامانی عێراق گەڕێندراوەتەوە؟

ڕۆژی دواتر (29/6/2026) دەرکەوت کە چەند تۆمەتبارێک بە مەبەستی هەڵاتن لە هێزە ئەمنییەکان چوونەتە هەرێمی کوردستان؛ ڕاستەوخۆ دوو تیمی دەستەی دەسپاکیی عێراق لە پارێزگای هەولێر و تیمێکی دیکە لە پارێزگای کەرکووک؛ دوای ئەوەی دەستگیرکراوەکانیان لە بازگەی پردێ لەلایەن ئاسایش و دژە تیرۆری کوردستانەوە وەرگرتەوە، ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان کردن، بەگوتەی سەرچاوەکەی دەسپاکیی عێراق، دەستگیرکراوەکان پێکهاتوون لە سێ پەرلەمانتار و پێنج پاسەوان و فەرمانبەر. لە کاتی دەستگیرکردنیاندا بڕی (10) ملیۆن دینار و (15) چەکی جۆری دەمانچە و ئێم فۆڕیان پێبووە.

لەگەڵ بەردەوامیدان بە پڕۆسەکە هێزە ئەمنییەکان رایانگەیاند، کە (21) بەرپرس و پەرلەمانتار دەستگیرکراون، کە (13) یان پەرلەمانتاری ئەم خولەن و ئەوی دیکەیان پەرلەمانتاری خولی ڕابردووە و دوو بریکاری وەزارەتی نەوتیش لە نێو دەستگیرکراوەکاندان، هەر لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری تەنیا لەنێو ماڵی پێنج تۆمەتباردا دەست بەسەر زیاتر لە (22) ملیۆن دۆلار و (124) ملیار دیناری دیکەدا گیراوە.

 

هەڵوێستی لایەنەکان لەبارەی پڕۆسەی دەستگیرکردنی بەرپرسان

ڕۆژێک دوای هەڵمەتەکە، لە (29/6/2026) عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لە پەیامێکدا سەبارەت بە هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵا و پەرلەمانتاران ڕایگەیاند، پێشوازی لەو ڕێکارانە دەکەم کە هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن لە چوارچێوەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دا گرتوویانەتە بەر، بۆیە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا، پاراستنی ماڵی گشتی و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت. 

هەر هەمان ڕۆژ تیتۆن میترا، نوێنەری پڕۆگرامی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیش گووتی، ئێمە پشتگیریی هەوڵەکانی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا دەکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر کەیسەکانی دژە گەندەڵی بدەنە دادگا، چونکە ئەمە پرسێکی یەکجار گرنگە بۆ عێراق ئەگەر سەیری پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی گەندەڵی بکەیت، بەداخەوە عێراق لە کۆتایی هەموو ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانەدایە، لێرەوە خەمڵاندنەکان لەلایەن شارەزایانی نێودەوڵەتی و تەنانەت بەرپرسانی حکومەتیش باس لەوە دەکەن کە لەوانەیە (20%)ی پارەی گشتی بەهۆی گەندەڵییەوە بەفیڕۆ بچێت. سەبارەت بەو سامانەی کە براوەتە دەرەوەی عێراقیش یان لە هەر شوێنێکی ترە و ناتوانرێت وەربگیرێتەوە، ئەوە دەکرێت لە نێوان (150) بۆ (450) ملیار دۆلار بێت. ئەمە زیانێکی گەورەیە لە ڕووی گەشەپێدان و بۆ گەلی عێراق.

 

ئەنجام: 

بە گوێرەی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئەمنییەکان ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا دەستگیرکراون گەیشتووەتە (75) کەس، کە لەناویاندا پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵای عێراق دەبیندرێن، پێشبینیش دەکرێت دوای دانپێدانەکانی عەدنان جومەیلی ژمارەی دەستگیرکراوان بگاتە (200) کەس. هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی دەزگای دادوەری لە عێراق تا ئێستا زیاتر لە (250) ملیۆن دۆلار و (375) کیلۆگرام زێڕ و خشڵ و زیاتر لە (100) خانوو و کۆشک و دەیان ئۆتۆمبێلی گرانبەها و سەدان پارچە چەکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا گیراوە. 

هەروەک لە دەقی بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقیشدا هاتووە، تا ئێستا هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەردەوامە و حکومەت بە شێوەیەکی جددی کار بۆ دۆزینەوە و دەتسبەسەرداگرتنی سامانەکانیان دەکات. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین