ڕۆڵی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان لە بەرزكردنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان ناوخۆیی

نوچە نێت: تایبەت

ئا: ژیوار سلێمان سەلکە

هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە (2026-2-28) لێکەوتەی خراپی کردە سەر جیهان و ناوچەکە،  لە دەرئەنجامی هێرشەکان بۆسەر ئێران، هەرێمی کوردستان کەوتەبەر هێرشی مووشەکی گرووپە میلیشیاکانی عێراق، بەدیاریكراوی هێرشكرایەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا بیانیەکانی لەبەرامبەردا پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتییان. نەبوونی سیستەمی بەرگری لە کێڵگەکاندا کاریگەری ڕاستەوخۆی کردە سەر کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و تەنانەت لە بەشێک لە کێڵگەکاندا بەرهە‌مهێنان وەستا، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت وایکرد بۆ ماوەیەکی کاتی هەناردەی نەوت بوەستێت.

بەوپێیەی کە گەرووی هورمز تاکە ڕێڕەوی ئاوییە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق داخرانی گەرووەکە بوو بەهۆی پەکەوتنی داهاتی نەوتی عێراق، هەر بۆیە عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کرد کە بەزووترین کات هەناردەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆڕیی نەوتی کوردستان-تورکیا دەست پێبکاتەوە، یەکێک لە مەرجەکانی هەرێم بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت پاراستنی ئەمنی کێڵگە نەوتییەکان بوو بۆ بەردەوامبوونی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت، دوای گفتوگۆیەکی دوور و درێژ هەناردەی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی کوردستان-تورکیا لە (2026-3-30) دەستیپێکردەوە بە بڕێکی دیاریکراوی ڕۆژانە بە ڕیککەوتن نێوان هەردوولا، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق مەرجەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات لەگەڵ دامەزراندنی حکومەتی نوێی عێراقدا.

 

ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی  نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان

سەبارەت بە گەیشتنە رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی پرسی نەوت، حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی لە (2026-6-3) پێشوازیکرد لە شاندێکی حکومەتی هەرێم کوردستان بە سەرۆکایەتی دکتۆر کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت و نوێنەری کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تاووتوێی دۆخی کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و بەغدا داوایکرد  بڕی (200) هەزار بەمیل نەوتی کوردستان لە رێگەی سۆمۆ هەناردە بکرێت، هاوكات کۆمپانیا نەوتییەکان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە لە هەرێمی کوردستان.

لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا،  لە (2026-6-10) حەیدەر عەبودی گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر داوایەکی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرزدەکرێتەوە.

 

داواکاریی کۆمپانیا نەوتییەکان 

ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، سەبارەت بە دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان کۆمەڵێک مەرجی پێشوەختەیان دانا بۆ دەست پێکردنەوەی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت.

مەرجی سەرەکی کۆمپانیاکان دابینکردنی ئەمنیەت و پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان بوو لە هێرشی درۆنی لە پێناو پاراستنی گیانی کارمەندان و ئەندازیارانی بیانی، هەروەها یەکێکی تر لە  مەرجەکان  دانانی میکانیزمێکی ڕوون و شەفافە بوو بۆ وەرگرتنی بەردەوامی شایستە داراییەکانیان لە ئێستادا بە گوێرەی هەمواری یاسای بودجەی حکومەتی فیدراڵی، کۆتا مەرجی کۆمپانیاکانیش پێدانەوەی قەرزە کەڵکەبووەکانی پێشووی کۆمپانیاکان بوو، چونکە بەشێک لە کۆمپانیا بیانییەکان بەهۆی ئەو قەرزە کۆنانە ڕەتیدەکەنەوە دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە، ئەمەش کاریگەریی دەکاتە سەر سستبوون لە پرۆسەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.

 

وەڵامی حکومەتی عێراق بۆ کۆمپانیاکان

لەبەرامبەر ئەو داواکارییانەی کە  کۆمپانیا نەوتییەکان پێشکەشی عەلی زەیدییان کرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق  لە پێناو پاراستنی پێگەی ئابووری عێراق، بەڵێنی دا لە دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان بە ئامانجی دووبارە دەستپێکردنەوە و بەرزکردنەوەی  ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دابینکردنی هەموو پێداویستیەکان بۆ بەردەوامیدان بە کاری ئەو کۆمپانیایانە لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان، حکومەت هەموو هەوڵێک دەدات رێگری لە هێرشەکان بکات، ئەگەر رووش بدەن، ئەواحکومەت پابەند دەبێت بە قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکان، سەرەئەنجام هەولێر بەغدا گەیشتنە ڕێککەوتن.

 

میکانیزمی دابینکردنی پێویستیە ئەمنییەکانی کێڵگە نەوتییەکان

بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە حکومەتی عێراق لەکاتی کۆبووەنەوە سێ قۆڵییەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان  و کۆمپانیا بیانیەکان، لە ڕۆژی (2026-6-14) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی عێراقی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر یارەڵڵا سوپاسالاری سوپای عێراق کرد، لە کۆبووەنەکەدا لە تەوەرەی پەیوەندیدار بە پرسی نەوتەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لە بە داواداچوونی ورد کردەوە سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە پێناو دابینکردنی گەرەنتی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت، هەروەها هەوڵەکانی بە هەنگاوی گرنگ دانا بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی عێراق و کوردستان، لە هەمان ڕۆژدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  پێشوازی لە هەمان شاند کرد، سوپا سالاری عێراق  ئامانجی سەردانیکردنیانی ڕوونکردەوە کە لەسەر داوای عەلی زەیدی سەرۆکی حکومەتی عێراق بووە بۆ بەداواچوونی ورد بۆ دۆخی کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی سەر کۆمپانیاکان و بەئامانجگرتنیان لە هێرشی گروپە چەکدارەکان.

سەبارەت بە میکانیزمی دەستپێکردنی کارەکان سەباح نوعمان  گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە (2026-6-15) ڕایگەیاند، لیژنەیەک سەردانی هەولێر دەکات و هەڵسەنگاندنێک پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، دوای ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر راپۆرتەکە، بەپێی رووپێویێک پێویستییە مەیدانییەکان دیاری دەکرێن.هەروەها ئاماژەی بەوەدا، سەردانی کۆمپانیا و کێڵگەکانی نەوت دەکرێت و چی پێویست بێت بۆ پاراستنیان دابین دەکرێت، لە دژە درۆن و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و هەر پێداویستییەکی دیکە.

 

سەرچاوە:

ــ نێچیرڤان بارزانی: هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت کاریگەرە بۆ بووژانەوەی ئابووری .

ــ بە هەماهەنگی هەولێر و بەغدا؛ کێڵگە نەوتییەکان لە هێرشی درۆن دەپارێزرێن

ــ مەسرور بارزانی: پێویستە هاوئاهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەهێزتر بکرێت

ــ نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێتەوە

ــ گوتەبێژی حکوومەتی عێراق: دەمانەوێت هەناردەی نەوتی کوردستان زیاد بکەین.

ــ کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە بەغدا: هەنگاوەکان بۆ چارەکردنی کێشەی نەوت چڕ دەکرێنەوە

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین