​کۆمیتەی ناوەندی پارتی: پێویستە شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە کاتی خۆیدا ڕەوانە بکرێت کوردستانی

نوچە نێت:

بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە تیایدا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە سێبەری دەستووری عێراق و پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان کرایەوە، هەروەها داواش کرا شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە کاتی خۆیدا ڕەوانە بکرێت.

​ڕۆژی شەممە (2026/6/13) کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوانی بە بەشداری سەرۆک مەسعود بارزانی ئەنجام دا. بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی ئەو کۆمیتەیە لە تەوەری یەکەمی ئەو کۆبوونەوەکەدا باس لە، "دەرهاویشتەکانی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران کرا و ئاماژە بەوە درا کە سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەو شەڕە، بەڵام زیانی زۆری بەرکەوتووە و هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم و دامەزراوە نەوتییەکان بەردەوامە، کە ئەمەش بووەتە هۆی دڵەڕاوکێی خەڵک و سستبوونی جووڵەی بازرگانی."

​هەر لەو ڕاگەیێندراوەدا ئاماژە بە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە کراوە و جەخت لە،" پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کردەوە و پشتگیریی خۆی بۆ کابینەکەی عەلی زەیدی دەربڕی. پارتی داوای کرد شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە کاتی خۆیدا ڕەوانە بکرێت و دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ڕاگەیاند."

​هاوکات لە تەوەری سێیەمدا، دەستپێشخەرییەکەی بارزانی بۆ کێشە سیاسییەکان بەرز نرخێندرا و ئاشکرا کرا کە لیژنەیەکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی دەستیان بە پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنەکان کردووە بۆ ڕزگارکردنی پڕۆسەی سیاسی لەو چەقبەستووییەی تێیکەوتووە.

​هەروەها لە تەوەری چوارەمی کۆبوونەوەکەدا ئەمەش خراوەتە ڕوو، پارتی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا دەربڕی. لە تەوەری کۆتاییشدا، باس لە کاروباری ناوخۆیی و ڕێکخستنەکانی پارتی کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئەو پێشنیار و ڕاسپاردانەی لیژنەی تایبەت ئامادەی کردووە، دەبنە نەخشەڕێگای هەنگاوەکانی داهاتووی پارتی.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین