سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە کوردستانی

نوچە نێت:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق و سووریا کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا، "هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە نزیکترین کاتدا."

ڕۆژی سێشەممە (2026/6/16) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتی باڵیۆز تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق و سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا کرد .بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی حکومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا کە جۆشوا هاریس هەڵسورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و جەنەراڵ کێڤن لامبێرت فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادەی بوون، "دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا."

لایخۆیەوە سەرۆکی حکومەت، "سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە".

لەبەرامبەردا باڵیۆز تۆم بەڕاک ، وێڕای ستایشکردنی کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان ، ئاماژەی بەوە دا کە، "سەرۆک ترەمپ ڕێزێکی تایبەتی بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە" .

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە هەردوولا، "هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی بازرگانیی لە نێوان ئەمەریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان و چالاکی و بەشداریی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ، بە تایبەتی لە بواری وزەدا."

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە هەردوولا جەختیان لە، "پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران عەلی ئەلزەیدی کردەوە لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتکردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بە یەکسانی و بێ جیاوازی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور."

هاوکات دەشڵێت هەردوولا، "هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە نزیکترین کاتدا."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین