کاریگەریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی وزەی عێراق و کوردستان
نوچە نێت:
ئا: ژیوار سلێمان سەلکە
نەوت و گاز کۆڵەکەی سەرەکی ئابووریین لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم دوو سەرچاوە سروشتییە ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر دەبینن لە بنیاتنانی ژێرخانی وزە و ئابوورییەکی بەهێز بۆ وڵاتێك. عێراق خاوەنی (145) ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە، قەبارەی گاز لە عێراقدا بە بڕی (131) ملیار مەتر پێ سێجا دەخەمڵێنرێت، هەروەها هەرێمی کوردستان یەدەگی نەوتەکەی دەگاتە (45) ملیار بەرمیل نەوت، عێراق (90%) داهاتی ئابوورییەکەی پشت بە کەرتی وزە دەبەستێت، هاوكات ئەم کەرتە لە هەرێمی کوردستانیشدا سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە.
پەرەپێدان و پاراستنی ئەم یەدەگە زۆرە پێویستی بە دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایشێکی بەهێزە، کە گرنگترینیان دانانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و چاودێریکردنی ئەلیکترۆنییە، کە ئەمەش ئەرکی دەوڵەتە دەستەبەری ژینگەیەکی سەقامگیر بکات لە پێناو بەردەوامیدان بە ئابوورییەکی بەهێز، بەڵام دۆخی ناسەقامگیریی عێراق و کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، ئاسایش و ئەمنی کەرتی وزەی خستوتە بەردەم مەترسییەکی گەورە، بەتایبەت لە ناوەڕاستی ساڵی (2014) و سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی مووسڵ لەلایەن داعشەوە، بەڵام هێشتا هاتنی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکارییەکی بەهێز بوو بۆ پاراستنی کەرتی وزەی وڵات.
بەپێی ئەو وادەیەی پێشتر لەسەری ڕێككەوتبوون، ڕۆژی (2026/9/30) عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕێوڕەسمێکدا بە فەرمی کۆتایی هێنانی ئەرکی هێزی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند، لە پەیامێكدا سوپاسی تەواوی هێزی هاوپەیمانانی کرد لە شەڕی دژ بە داعش، هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ عێراق بەرهەمی قوربانیدانی گەورە و هەوڵی قارەمانانەی چەندین ساڵە دەچنێتەوە، دەزگا ئەمنییەکانمان بە هەموو بەشەکانیانەوە توانییان کۆنترۆڵی دۆخی ئەمنی و مەیدانی لە سەرانسەری عێراقدا بکەن.
شایەنی باسە ئەمریکا لە ساڵی (2003) هاتە ناو خاکی عێراق و ڕژێمی سەدام حسێنیان کۆتایی پێهێنا، عێراقێکی نوێ بە سەرکردایەتیی ئەمریکا دەستیپێکرد، ئەرکی ئەمریکا بەرگریکردن بوو لە دەوڵەتی عێراق، تاوەکو ساڵی (2011) لە سەردەمی باراک ئۆبامادا ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی هات، دوای سێ ساڵ لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی (2014)دا هێزێکی هاوپەیمانان، کە زیاتر لە (80) وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی تیایدا بەشدرابوون، لەلایەن ئەمریکاوە سەرۆکایەتیکرا بۆ هاوکریکردنی عێراق لە جەنگی دژ بە داعش، جارێكی تر گەڕانەوە ئەو وڵاتە، جەنگەکە ماوەی سێ ساڵی خایاند، هێزی هاوپەیمانان بە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق لە ساڵی (2026) ئەرکیان بە فەرمی کۆتایی هات.
ڕۆڵی هاوپەیمانان لە پاراستنی ئاسایشی وزە و ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان
لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی (2014)، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، بوونە هێزێكی کاریگەر لە پشتیوانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ تێکشکاندنی تیرۆر، جگە لە پشتیوانییە سەربازییەکەی ئەم هێزانە ڕۆڵێکی کارایان لە پاراستنی ژێرخانی وزە و بەردەوامییدان بە وەبەرهێنانی کۆمپانیا بیانییەکان لە وڵاتدا گێڕاوە.
لە کاتی شەڕی داعشدا، هاوپەیمانان ڕاستەوخۆ پارێزگارییان لە کەرتی وزە کرد، لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و پەکخستنی هێرشە درۆنییەکان، هاوکات لە پرۆسەی ڕزگارکردنی ناوچەکانی دەوروبەری مووسڵ، هاوپەیمانان هاوبەشێکی سەرەکی بوون لە کۆتاییهێنان بە دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان لەلایەن داعشەوە.
لە لایەکی ترەوە، لە نێوان ساڵانی (2017-2014) هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە ڕێگەی چاودێریی ئاسمانی و هێرشی درۆنەوە ڕێگرییان لە قاچاخچێتی و بەتاڵانبردنی نەوت لەلایەن داعشەوە کرد، كە بووە هۆی وشكبوونی سەرچاوەی دارایی تیرۆریستان و ڕێگری لە لاوازبوونی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. ئەم هەنگانەوانە ئامادەیی و پشتیوانیی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سەردەمی قەیرانەکاندا، ژینگەیەکی ئارامتر و باوەڕپێکراوتری بۆ کۆمپانیا جیهانییەکانی وزە ڕەخساند، تا لە وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان نەوەستن، کە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو لە پاراستنی گەشەی ئابووری لە ناوچەکەدا.
دۆخی ئێستای کەرتی وزەی عێراق و کوردستان
لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، بازاڕەکانی وزەی جیهانی تووشی شۆکێکی گەورە بوون، بەتایبەت دوای داخرانی گەرووی هورمز، کە بووە هۆی پچڕانی (20%) دابینکردنی وزەی جیهانی، ئەم ڕووداوە ئابووریی عێراقی خستە بەردەم مەترسیەکی گەورە، چونکە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکە لە ڕێگەی ئاوییەوە بە تەواوەتی وەستا و گەیشتە ئاستی سفر، هاوکات بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی عێراق لە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیلەوە بۆ ڕۆژێک دابەزی بۆ تەنها یەک ملیۆن بەرمی لە ڕۆژێکدا.
لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا، حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی داهات لە کاتی قەیرانەکەدا، گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد. دوای ڕێککەوتنی هەردوولا لەسەر چەند مەرجێک، بۆڕی نەوتی کوردستان-تورکیا وەک ڕێڕەوێکی ئاوی جێگرەوە بەکاربهێنرا و نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە گەیێندرایە بازاڕەکانی ئەوروپا.
لەهەمان کاتدا کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کەوتنە بەر هێرشی بەردەوامی درۆنیی میلیشیاکان، نەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێویست، کۆمپانیا بیانییەکانی ناچار کرد وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی کارەکانیان بوەستێنن، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ خوار (200) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
هاوکات وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئابدا ڕایگەیاند کە کۆمپانیا بیانییەکان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتۆتەوە زیاتر لە(230) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، کە پێشبینی دەکرێت قۆناغ بە قۆناغ بەرز بێتەوە.
سەرەنجام وێڕای دروستبوونی ئاڵناگرییە جیۆپۆلیتیکەکان لە مانگی تەمووزدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی چەندین ڕێککەوتنی ستراتیژیی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ کرد بۆ گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان، هاوکات لە مانگی ئەیلول وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، کە ئاستی هەناردەکردنی نەوت گەیشتۆتەوە چوار ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، ئەمەش دوای ئەوەی عێراق سەرکەوتوو بوو لە فرەچەشنکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری بانیاس لە سووریا، هەروەها بەندەری جەیهان لە تورکیا لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی کوردستان-تورکیاوە، هاوکات بە ڕێگەی وشکانی لە وڵاتی ئوردنەوە، کە پشتبەستنی بە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.
مەترسیە پێشبینکراوەکان لەسەر کەرتی وزە
لە دیارترین ئەو مەترسییانەی کە لە کشانەوەی هێزی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ کەرتی وزە دروست دەبێت بریتییە لە نەمانی بەرگریی ئاسمانی و تەکنەلۆژیای چاودێریی هەواڵگری، ئەمەش ژێرخانی ئابووری و نەوتی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەو ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکییان دەکاتەوە، لەگەڵ دروستبوونی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئامادەیی نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆمپانیا بیانییەکان، ئاسمانی هەرێم توانای وەڵامدانەوەی هێڕشە درۆنییەکانی بۆسەر کێڵگە نەوتییەکان نییە، لە ماوەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لەو وڵاتەوە بە موشەک و درۆن کرانە ئامانج، لە بەرانبەردا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان و پاراستنی ئاسمانی ناوچەکە بەکارهێنران، بەوپێیە مەترسییەکە تەنیا کەمبوونەوەی ژمارەی سەرباز نییە، بەڵکو کەمبوونەوەی توانای دۆزینەوە و ئاگادارکردنەوە و رێگرییکردنە لە هێرشە ئاسمانییەکان.
کشانەوەی هێزی هاوپەیمانان لە دۆخێکی هەستیاردایە لە ئێستادا جیهان لە ژێر کاریگەری جەنگێکی ناڕووندایە نازانرێت کەی بە تەواویی کۆتای دێت، لە عێراقیشدا سەرهەڵدانەوەی گرووپی چەکدار داعش و چالاکبوونەوەی شانە نوسستووەکان مەترسییەکی زۆرە، کشانەوەی ئەو هێزانە بۆشاییەکی ئەمنی دروست دەکات بە تایبەت لە بوارەکانی، چاودێری ئاسمانی و بەرگری ئاسمانی، عێراق دەبیت بە زووترین کات چارەسەری ئەم بۆشاییە ئەمنییە بکات.
عێراق لە ئێستادا هێلەکانی گواستنەوەی نەوتەکەی بۆ گەیاندن بەبازاڕەکانی ئەوروپای فرەچەشنکردووە. جگە لە بەندەری جەیهان، لە ڕێگەی بەندەری بانیاسی سووریاوە نەوت هەناردە دەکات، بەو پێیەی داعش لەو ناوچانە جارێکی دیکە دەتوانن چالاک ببنەوە بۆیە تەنکەرە نەوتییەکانی عێراق و بۆڕیی نەوتی کەرکوک-بانیاس کە بە ناوچە بیابانییەکانی سووریادا تێدەپەرێت دەکەونە بەر مەترسی شانە نووستووەکانی داعش.
ڕێککەوتنی بەغدا و هەرێم وەك مەرجی کەمبوونەوەی مەترسییەکان
کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر گوشارێکی بەردەوامی ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەکاندایە، بە تایبەت مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش بە تایبەت لەو ناوچانەی کێڵگە ستراتیژییەکانی نەوتی لێیە، بۆ کەمکرنەوەی مەترسییەکانی کشانەوەی هێزە ئەمنیەکان لە دەوروبەری كێڵگە نەوتییەکان و هێلەکانی گواستنەوە پێویستە بەغدا و هەرێم ڕێککەوتن بکەن لە بواری وزە لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەش، چونکە هەر زیان کەوتنێک بە ژێرخانی وزە، زیان کەوتنە بە داهاتی گشتیی عێراق و هەرێم.
دۆخی ئەمنی عێێراق دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، وا پێویستە هەماهەنگیەکی هاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی پاراستنی نەوت دروست بکرێت بۆ چاودێریکردن و هەواڵگری بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هێرشە درۆنییەکان.
هاوکات لە ڕووی بۆشایی یاساییشەوە، گۆڕانکارییە ئەمنی و دەرەکییەکان دەبنە جۆرێك لە فشار بۆ خێراکردنی پرۆسەی دەرکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نەمانی پشتیوانیی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانان، عێراق دەبێت چوارچێوەیەکی یاسایی دابڕێژێت، کە دەکرێت ببێتە مەرجی سەرەکی بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و دروستکردنی سەقامگیری بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، سەرەڕای بەردەوامی ناکۆکییەکان لەسەر وردەکاریی دەسەڵاتی ئیدارەدانی کێڵگەکان و دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنان لە نێوان عێراق و هەرێـمی کوردستان، بەڵام هاوبەشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکاندا دەرفەتێک دەبێت بۆزیاتر نزیک بوونەوەی بەغدا و هەرێـم لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان پێیویستە بە زووترین کات یاسای نەوت و گازی عێراق دەربکرێت و دەسەڵاتەکان دیاربکریت و بەرپرسیارێتیەکان بە پێی یاسا جێبەجێبکرێت.
سەرچاوەکان:
ــ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا؛ عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم کام مەترسی و سیناریۆدایە؟
ــ عێراق ھەناردەکردنی نەوتی بۆ سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزکردەوە
ــ "بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم زیادی کرد و ڕۆژانە گەیشتە ٢٣٠ هەزار بەرمیل"
ــ راپۆرتی کاپیتوڵ بریفینگ تایبەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا
ــ زەیدی دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە عێراق رادەگەیێنێت: ئەرکی هاوپەیمانان کۆتاییهات
ــ عەلی زەیدی: قۆناخی سەروەریی لە عێراق دەستپێدەکات
ــ عێراق و سووریا رێککەوتنی نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی نێوانیان واژۆ کرد
پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق کۆتایی هات
حکومەتی عێراق سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پێشمەرگە و کێڵگە نەوتییەکان دابین دەکات
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment