كاریگەرییەكانی کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق
نوچە نێت:
ئا: ئەحمەد زرار
ئەمڕۆ چوارشەممە (30/9/2026) ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت) بڵاویکردەوە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (23) ساڵ و خەرجکردنی (1.7) تریلیۆن دۆلار ئەمەریکا دوایین بنکە سەربازییەکانی لە عێراق داخست، چونکە لە کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە واشنتۆن سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێمە وەک ئەمەریکا پێمان وانییە چیتر پێویستمان بە بوونی سوپا لەوێ بێت، لەبەر ئەوەی ئێستا پاڵەوانێکی نوێ و نایاب لە عێراق هەیە.
مەترسییەکانی کشانەوەی ئەمەریکا
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە بێت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا گرووپە چەکدارەکان تێیدا پێگەی خۆیان بەهێزتر دەکەن، چونکە تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی جەنگدا زیاتر لە (600) هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەروەها ئێستا دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا پشتیوانییەکی زۆری لێ دەکرێت، کەچی بەشێک لە بەرپرسانی عێراق نیگەرانن لەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە لەلایەن ئەمریکاوە مەشق و پارەیان بۆ دابین کراوە، هێشتا نەتوانن پارێزگاری لە وڵاتەکە بکەن، بەتایبەت کە لە ماوەی زیاتر لە (20) ساڵی جەنگدا (4,500) سەربازی ئەمریکی لە عێراق کوژراون.
ڕاستەوخۆ دوای دەرکردنی بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکاش باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا هۆشداری ئەمنی بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی و کەسانی دیکە دەرکرد، کە هەندێکیان پەیوەستن بە مەترسیی رفاندن لەلایەن چەکدارانەوە.
یەکێکی تر لە مەترسییەکان ئەوەیە کە تاران پشتیوانیی خۆی بۆ گرووپە چەکدارەکان نوێ کردووەتەوە. بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، هاتنی چەکی سووک، درۆن و مووشەکی کورتهاوێژ لە ئێرانەوە لە سەرەتادا کەم ببووەوە، بەڵام ئەم هاوینە دیسانەوە زیادی کردووە. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکانی ئەم دواییە مووشەک و درۆنی مەوداداریشیان لەخۆگرتووە، کە نیشانەی گەشەسەندنی پێوانەیی جبەخانەی چەکدارانە. تەنانەت ئەم مانگە، هێرشێکی درۆن لە عێراقەوە لە نزیک سنووری ئێران کرایە سەر سعوودیە و بووە هۆی داخستنی کاتیی هێڵی بۆڕیی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا. هەروەها هێرشەکانی دیکەش زیانیان بە سەنتەرێکی دیپلۆماسی و لۆجستی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی بەغدا گەیاندووە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە بۆشایی ئەمنی دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت.
چارەنووسی گرووپە چەکدارەکان چی دەبێت؟
دوای سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن، ئیدارەی ترەمپ بە هەموو شێوەیەک پشت بە زەیدی دەبەستێت بۆ ڕادەستکردنی چەکی ئەو گرووپانە کە ژمارەی چەکدارەکانیان بە دەیان هەزار دەخەمڵێنرێت. هەرچەندە لیوا سەعد مەعن، گوتەبێژی سوپای عێراق لە دیمانەیەکدا دەڵێت، ئێستا هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان ڕادەست کردووە و ئەوانی دیکەش پلانیان بۆ ئەوە هەیە، لە کاتێکدا زەیدی و جێگرەکانی ئێستا باسی دواخستنی وادەی رادەستکردنی چەک بۆ ساڵی داهاتوو دەکەن.
کەواتە بە پشتگیریکردنی دۆناڵد ترەمپ بۆ عەلی زەیدی بۆمان دەردەکەوێت، ئەمەریکا هێشتا نایەوێت گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان ڕادەست بکەن کە بۆی هەیە، بیەوێت ئاسایشی ناوچەکە لە پەلاماری گرووپەکانی تری وەک داعش بە هۆیانەوە بپارێزێت.
بۆچی دۆناڵد ترەمپ پشتگیری کشانەوەی هێزەکانی دەکات؟
هێزەکانی ئەمەریکا ساڵی (2003) عێراقیان داگیر کرد و حکومەتێکیان بە رابەرایەتیی هێزە شیعەکان دانا. ئەمەریکا بۆ ماوەی چەند ساڵێک جەنگی دژی نەیارانیان کرد، سەرەتا دژی لایەنگرانی سەدام حوسێن و دواتر دژی رێکخراوی قاعیدە، تاوەکو کۆتایی ساڵی (2011) کشانەوە. دوای کەمتر لە سێ ساڵ، هێزەکانی ئەمریکا گەڕانەوە بۆ یارمەتیدانی هێزە عێراقییەکان لە تێکشکاندنی رێکخراوی داعش لە جەنگێکی گەورەدا کە لە (2014) تا (2017)ی خایاند. هەروەها لە "پرۆسەی ئازادیی عێراق"یشدا نزیکەی دوو هێندەی ئەو ژمارە ئەمریکییە کوژران کە لە جەنگی هاوتەریب لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستدا، ئەو جەنگەی بە کشانەوەی چاوەڕواننەکراوی ئەمریکا لە (2021) کۆتایی هات. لە جەنگی ئەمساڵی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران، لە عێراق (7) سەربازی ئەمریکی لە کۆی (18) سەرباز کوژراون. دوایینیان سەربازێک بوو بە پلەی سێرجێنت لە تەممووزی رابردوودا لە کاتی تەقینەوەی درۆن لە بنکەیەک لە نزیک هەولێر گیانی لەدەستدا.
کەواتە یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی پشتگیری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق بۆ ئەو زیانە گیانی و ماددییە بێ سنوورانە دەگەڕێتەوە کە لەو ماوەیەی لە عێراق بووە، هاتووەتە ڕێی.
مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش
بە گوێرەی لێدوانی هەندێک لە بەرپرسانی ئەمنیی عێراق لە حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، کشانەوەی ئەمەریکا مەترسیی ئەوەی تێدایە دەرفەتی نوێ بە چەکدارانی داعش بدات بۆ چالاکبوونەوە، چونکە هێشتا تۆڕێکی شانەی نوستوویان هەیە. لە لووتکەی دەسەڵاتیدا، بەر لە سەرکووتکردنیان لەلایەن پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان ڕێکخراوەکە یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی کۆنترۆڵ کردبوو و هەزاران کەسی کوشت، لەنێویاندا سەدان کەس کە لەلایەن چەکدارەکانی خۆیەوە لەنێو بنکەیەکی سەربازیی پێشووی ئەمەریکادا لە سێدارە درابوون.
هەر لەم بارەیەوە پێشتر هێزەکانی ئەمەریکا زانیاریی هەواڵگریی یەکلاکەرەوەیان لەسەر جووڵەکانی داعش و هەروەها چاودێریی ئاسمانی و زانیاریی ئاسمانییان پێشکەش بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکرد. محەممەد جبووری، جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی سوپای عێراق گوتی: گرنگترین پرسیار ئێستا ئەوەیە ئاخۆ دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق پلانی جێگرەوەی گونجاویان بۆ قۆناغی دوای هاوپەیمانی هەیە یان نا؟ چونکە لە خراپترین سیناریۆکاندا ئەوەیە کە ڕەنگە دوای کشانەوەی ئەمەریکا ڕێکخراوەکە دەستی بگات بە درۆنی چەکدار و بۆردوومانی ناوچەکەی پێ بکات، لە کاتێکدا عێراق هێشتا توانای بەرگریی ئاسمانیی پێویستی نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییانەی ئەو هەڕەشانە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment