بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و لێکەوتەکانی ناوخۆیی

نوچە نێت: تایبەت

ئا: ئەحمەد زرار

دوای سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، ئەمەریکا پشتگیری خۆی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکە دەربڕی و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئەم بڕیارە بە ئاسایی وەسف دەکات و دەشڵێت، ئێمە سوپاسی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەین بۆ پاڵپشتییان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. 

سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن:

لە ڕۆژی (14/7/2026) عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە، بە گوێرەی زانیارییەکان لەم کۆبوونەوەیەدا بە سەرۆک وەزیران گووتراوە، کە هێزەکانی ئەمەریکا لە (30/9/2026) عێراق بەتەواوی بەجێدەهێڵن، جگە لەم کۆمپانیا ئەمەریکییانەی کە ڕێککەوتنی کاریان لە بەغدا هەیە، دەتوانن تا تەواوبوونی کارەکانیان لە عێراق بمێننەوە. 

ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەی سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەیەکی تردا لەگەڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، لە بەغدا سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی سێنتکۆم کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش عەلی زەیدی ڕایگەیاند، کە یەکەم ڕۆژی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو، دەبێتە رۆژێکی نوێ لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا، چونکە عێراق لە هەر بوونێکی سەربازیی بیانی خاڵی دەبێت و سەروەریی نیشتمانیی خۆی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا بە دەست دەهێنێتەوە، هەروەها بەردەوام دەبێت لەسەر بونیادنانی توانای ئەمنی و سەربازیی خۆی، بە جۆرێک کە بتوانێت ئاسایش و سەقامگیریی خۆی بپارێزێت.

پاشخانی مێژوویی ئەم بڕیارە چییە؟

دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە لە ساڵی (2003) هەرچەندە بڕیاردرا هێزەکانی ئەمەریکا عێراق جێنەهێڵن، بەڵام دوای ئەوەی باراک ئۆباما بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا؛ لە ساڵی (2011) بە بڕیارێک لەلایەن سەرۆکەوە تەواوی هێزەکان لە عێراق کشانەوە، بەم کشانەوەیە هاوسەنگیی هێز لە عێراق تێکچوو چونکە شیعەکان بە سەرکردایەتی مالیکی حوکمی تاکەکەسییان لە عێراق پەیڕەوکرد و بە سەختی دژی سوونە وەستانەوە و ئەوە بوو سەرکردەکانی وەک (تارق هاشمی و ڕافع عیساوی و ...هتد) کردە ئامانج، بۆیە لەدواجاردا مالیکی هەموو هێزەکانی سووننەی پشتگوێ خست. تەنانەت لەگەڵ کوردیشدا پەیوەندییەکانی تێکدا و ئاڵۆزی زۆر دروست بوو تا کار گەیشتە هەڕەشە لەهەردوولاوە بە جوڵاندنی هێز و دواجار بەشە بووجەی هەرێمی کوردستانی بڕی. لەلایەکی تریشەوە دەستەڵاتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێنا و کار گەیشتە ئەوەی لایەنە ناڕازییەکانی شیعەی وەک (ڕەوتی سەدر) بەرامبەری وەستانەوە.

بۆیە بە ناچاری لە ساڵی (2014) لەگەڵ بەرپابوونی جەنگی داعش لە عێراق، ئەمەریکا بڕیاری دا هاوکاری سەربازی بنێریتە ناوچەکە و (5) هەزار سەربازی بەشداری پێکرد، کە هاوکاری عێراق و هەرێمی کوردستانیشی کرد لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ ئەوەی داعش تێکبشکێنن. 

بڕیاری ئەمەریکا سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی

لە سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن ترەمپ لەبەرچاوی ئامادەبوواندا ڕایگەیاند، کە عەلی زەیدی پاڵەوانێکی نایاب و نوێیە و ئەم پیاوە دەبێتە سەرکردەیەکی مەزن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو کاریگەرییەکەی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە، بۆیە دۆناڵد ترەمپ لەم کۆبوونەوەیەدا پشتگیری تەواوی خۆی بۆ دیدگای عەلی زەیدی دەڕبری لە بواری پاراستنی سەقامگیری و سەروەری عێراقدا. 

تەنیا سەرنجێک ترەمپ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق هەیبووبێ ئەوەبووە کە ڕۆژی شەممە (19/9/2026) ئەو سەرۆکەی ئەمەریکا چەند ڕێنماییەکی دەرکرد و ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک نابێت ئەم سیناریۆیەی لە ئەفغانستان ڕوویدا دووبارە ببێتەوە، بۆیە هیچ جۆرە چەکێک لە عێراق لە دوای هێزەکان جێناهێڵدرێت، چونکە گومانی بە کارهێنانی دەکرێت لەلایەن گرووپە چەکدارە عێڕاقییەکان. 

هەڵوێستی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا

لێدوانە فەرمییەكانی هەرێم هێشتا داعش بە مەترسی دەبینن؛ ڕۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانانیش بە گرنگ دەبینن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و مەترسیی تیرۆر، بۆیە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەردانێکیدا بۆ واشنتن، ڕایگەیاند، کە كورد و سوننە و بەشێك لە شیعە لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا نین. 

بەڵام لێدوانی فەرمی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەم بارەیەوە بە جۆرێکی ترە، بە پێی وتارێک لە ڕێوڕەسمی كردنه‌وه‌ى لوتکەی سلێمانى بۆ ئابووری و گەشەپێدان و وەبەرهێنان، سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق بۆ یارمەتی عێراق هاتوون، کە ڕۆژێک هاتوون دەبێ ڕۆژێکیش بگەڕێنەوە، هەرچەند ئێمە سوپاسی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەین بۆ هەموو پاڵپشتیەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش. 

هەر لەم بارەیەوە "ئەلمۆنیتۆر" بڵاویکردەوە کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند، بەداخەوە تا ئێستا نەمانتوانیووە ئەو سیستەمە کاریگەرانە بەدەستبهێنین کە ئەمەریکا لە خۆپارستن دژی مووشەک بەکاری دەهێنا، ئەم سیستەمانە دەتوانن لەو هەڕەشانە بمانپارێزن، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن؛ کشانەوەی ئەم سیستەمانە دەمانخاتە مەترسییەوە و نامانەوێت بۆشایی ئەمنی بەجێبهێڵێت، ئەگەرچی هاوکارانی ئەمەریکی سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی زۆربەی مووشەک و درۆنەکان، بەڵام کوردستان مەترسی لەسەرە و مانەوەی هێرشەکانیش قبووڵ نییە، بۆیە داوای لە هەموو دۆستانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هاوکاریمان بکەن تا ببینە خاوەنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، سیستەمی دژەدرۆن و بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان، ژێرخانی ئابووری و کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان. 

لێکەوتەکانی نەمانی هێزی ئەمەریکا لە عێراق

سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە ئەیاد محەمەدی، لێکۆڵەری سیاسی و ئەمنی لە واشنتۆن، ڕایگەیاند، کشانەوەی بەپەلە و بێپلانی ئەمەریکا لە عێراق، دەكرێ ببێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنیی مەترسیدار و گەڕانەوەی وڵاتەکە بۆ سووڕێکی ناسەقامگیری، هەروەها تێکدانی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، چونکە ڕاپۆرت و توێژینەوە میدیاییەکانی ڕۆژئاوا دەیسەلمێنن کە هەر کەمکردنەوەیەکی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمەریکا لە ناوچەکە، دەستبەجێ کاریگەریی لەسەر تواناکانی عێراق دەبێت لە بوارەکانی چاودێریی ئاسمانی، هەواڵگری و پشتیوانیی لۆجستی.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێتكشانەوەكە ببێتە مایەی دروستبوونی ئاڵۆزی و شەڕی ناوخۆیی لە نێوان میلیشیاكان خۆیان و پێكهاتەكانی تری وەك كورد و سوننە. توێژەرانی سیاسی پێشبینیش دەکەن بە گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و لە سایەی لاوازیی هەواڵگری و توانای چاودێری و فڕۆكەوانیی سوپا و هێزە تەناهییەكانی عێراق و بوونی بەرژەوەندی میلیشیاكان لە سەرهەڵدانەوەی داعش، ئەو رێكخراوە، بەتایبەتی لە هەندێك ناوچەی دوورەدەست و نەیار بۆ میلیشیاكان سەر هەڵبدانەوە، بەتایبەتی هەندێك ناوچە هەن ئێستەش حكوومەت نەیتوانیوە بێ هاوپەیمانان كۆنترۆڵیان بكات و بە بەردەوام بۆشایی تەناهیان تیادایە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین