بڕیار لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەدرێت
نوچە نێت:
ئا: ئەحمەد زرار
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە (20/10/2024) بەڕێوەچوو، کە تێیدا لایەنە سیاسییەکان ڕکابەری (100) کورسی پەرلەمانی کوردستانیان دەکرد و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوای (10) ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ساغکردنەوەی دەنگەکان و پێداچوونەوە بە تانەکان ئەنجامی هەڵبژاردنی بەم شێوەیە خستەڕوو، پارتی دیموکراتی کوردستان: (39) کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: (23) کورسی، جووڵانەوەی نەوەی نوێ: (15) کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: (7) کورسی، ڕەوتی هەڵوێست: (4) کورسی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: (3) کورسی، بەرەی گەل: (2) کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان: (1) کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: (1) کورسی، کۆتای پێکهاتەکان: (5) کورسی.
ئێستا دوای دوو ساڵ لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، هێشتا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێندراوە و پەرلەمانی کوردستان کارا نەکراوەتەوە، بۆیە بۆ مەبەستی نزیکبوونەوە و گەیشتن بە ڕێککەوتن، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە چەندین دیدار و پانێڵی نێودەوڵەتیدا تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێیان کردووە و ئێستاش پێشبینی دەکرێت دوای دیداری مێریی نێودەوڵەتی کە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت لێکنزیکبوونەوە لە نێوان لایەنەکان هەبووبێ و هەموولا بە چڕی کار بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان چی دەڵێت لەم بارەیەوە؟
ڕۆژی دووشەممە (12/10/2026) دیداری مێری لە پانێڵێکدا پێشوازی لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و لەگەڵ د. بیلال وەهاب، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی، گفتوگۆیان لەسەر دۆخی سیاسی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکان کرد، سەرۆک نێچیرڤان لەم پانێڵەدا سەبارەت درێژی ماوەی پێکنەهێنانی حکومەت لە کوردستان ئاماژەی بەوە دا، بەڵێماوەیەکی زۆرە، پێموایە ژمارەی پێوانەییمان لە دوای بەلجیکاوە تۆمار کرد لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتدا، ئەمەش شتێکی خراپە. گەلی کوردستان متمانەیەکی گەورەی دا بە هێزە سیاسییەکان و بەشداریی هەڵبژاردن نزیکەی (72%) بوو، ئەم دەنگانە ئەمانەتن.
سەرۆکی هەرێم لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتیشدا گووتی، تێڕوانینی هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی لێک دوور نین و لەیەکترەوە نزیکن. من لە رووی کەسییەوە بەردەوام بەم پرسەوە سەرقاڵم؛ هەفتەی پێشوو هەندێک کۆبوونەوەی باشمان کرد، چاوەڕوانین ئەم هەفتەیەش کۆبوونەوەی دیکەی بکەین بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێک بۆ پێکهێنانی حکومەت.
هاوكات پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە (12/10/2026) بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پانێڵێکی دیکەی دیداری مێریدا لەگەڵ سەرهەنگ حەمەسەعید بەڕێوەبەر و پێشکەشکاری پانێڵەکە تاوتوێی چەند پرسێکی هەرێمی و ناوچەییان کرد و سەرۆکی یەکێتی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت ڕایگەیاند، دەتوانین بە (24) کاژێر حکومەت پێکبهێنین. کێشەکە کات نییە. چەند کێشەیەک هەیە چارەسەر بکرێن، زۆر دەچینە پێشەوە. چەند پرەنسیپێک هەیە ئەگەر لەگەڵ پارتیدا ڕێککەوین لەسەری، پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت زۆر خێرا دەچێتە پێشەوە.
هەر لەم پانێڵەدا سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باس لە پەیوەندی نێوان خۆیان و بەرپرسانی پارتی دەکات و دەڵێت، چەند کەسێک هەیە لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوڕێی خۆمی دەزانم. چەند کەسێک هەیە لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستان هاوڕێی باوکم بوونە، هاوڕێی دایکم بوونە، هاوڕێی کاک کۆسرەت ڕەسوڵ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بوونە، هاوڕێی بەڕێزەکانی نێو یەکێتی بوونە کە ئێمە شانازییان پێوە دەکەین. دڵنیا بن لەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نە دەیەوێت بێ ئێوە حوکم بکات، نە پێی دەکرێت.
بافڵ تاڵەبانی دەستپێشخەری دەکات و ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئێمە وەک یەکێتی ئامادەین بۆ هەموو جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ پارتی. دەرفەتە بۆ ئێمە، باوەڕم پێبکەن دەرفەتە. هەموو دونیا ئاڵۆزە، سەیری پەیوەندیی ئێمە بکەن لە بەغدا، سەیری پەیوەندیی خۆتان بکەن لە بەغدا، ئەو دوو گرووپە بکەین بە یەک، عێراق بەڕێوەدەبەین، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانین بگۆڕین. کێشەکانمان بچووکن، هیچی وا نییە. وەرن با دانیشتنەکان دەستپێبکەینەوە، بە فەرمی، بە نییەتێکی باش. دڵی ئێمە پاکە و هاوبەشیمان دەوێت.
لە دوایین کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی باسی چی کراوە؟
ڕۆژی سێشەممە (13/10/2026) دیداری مێریی نێودەوڵەتی لە هەولێر پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و لە پانێڵێکدا کە لەلایەن زیان ڕۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی تۆڕی میدیایی ڕووداو بەڕێوەدەبرا، ئاماژەی بە دوایین کۆبوونەوەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا کرد و ڕایگەیاند، کە ئێمە وەک یەکێتی نیشتمانی لە پەیوەندیداین و کۆبوونەوەکان نەوەستاون، چ فەرمی بن و چ نافەرمی. ئەمانە هەموویان هەبوون و پەیوەندییەکان نەپچڕاون. وەک کاک بافڵیش ئاماژەی پێدا، دەرگای گفتوگۆ دانەخراوە. ئەگەر شەممەش نەکرێ رەنگە دووشەممە بێت، دووشەممە نەبێت، چوارشەممە دەبێت، بەڵام کۆبوونەوە هەر دەکرێ. ناونیشانی کۆبوونەوەکە ئەوەندە گرنگ نییە، گرنگ ئەنجامی کۆبوونەوەکانە، تێگەیشتنە لە نیگەرانییەکانی یەکدی، دڵنیاییدانە بە یەکدی.
جێگری سەرۆکی حکومەت سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، کە لە کۆبوونەوەکەدا، باسی شێوازی حوکمڕانیمان کرد، کە لەم قۆناغەدا کوردستان پێویستی بە چ جۆرە حوکمڕانییەکە. بابەتی سەرەکی چ لە عێراق و چ لە ناوچەکە حوکمڕانییە. بۆشایی ئەمنی و سیاسی هەیە، بەڵام ئەگەر کەموکوڕییەک هەبێت لە حوکمڕانیدایە. سەرکردە زۆرن، بەڵام ئایا بەڕێوەبەر هەن وەک پێویست؟ گەورەترین ئاڵنگاری کە لەبەردەم عێراقدایە ئابوورییە، ئابووریش بە هێز چارەسەر ناکرێ، بە سیاسەتی ژیرانە و سیستمی حوکمڕانی و دامەزراوەی بەهێز دەکرێ. ئێمەش لە هەرێمی کوردستان لە نەبوونی دەستووردا دەبێت لێکۆڵینەوە بکەین: ئایا ئەم سیستمەی ئەمڕۆ هەیە گونجاوە؟ پێم وایە گونجاو نییە، دەبێت لە پێکهاتەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەستپێبکەین.
جێگەی ئاماژەپێدانە، وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو، هەر یەك لە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوە، چاوەڕێ دەكرێت لەم كۆبوونەوەیە بڕیاری یەكلایی كەرەوە لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی و پێكهێنانی حكومەتی نوێ بدرێت.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment