زیاتر لە (49) هەزار کۆچبەر سنووریان بەزاندووە و چوونەتە ناو خاکی ئیسپانیا بابەتی گشتی

نوچە نێت:

لە پێشهاتێكی چاوەڕوان نەكراودا، بە هەزاران كۆچبەری مەغریبی چوونە ناو شارێكی ئیسپانیا و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپاش داوای كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە دەكەن و لەوبارەیەوە هۆشداری دەدەن.

ڕۆژی هەینی (2026/07/31) وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، لە ماوەی (24) کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە (49)، هەزار کۆچبەر سنووریان بەزاندووە و ڕژاونەتە ناو خاکی (سیۆتای ئیسپانیا)، هەروەها نزیکەی (18)، کۆچبەر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بەو خاکە گیانیان لەدەستاوە و بەرپرسانی ناوچەکەش دۆخەکە بە "قەیرانێکی مرۆیی مەترسیدار" ناوزەند دەکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە جیهانییەکان، قەیرانی سنوورەکان لە ڕۆژی پێنجشەممەوە و شەوی ڕابردوو گەیشتە لووتکە؛ لەو بارەیەوە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئیسپانیا، دیمەنی چەندین ئۆتۆمبێلی سووتاوی لە لایەن مەغریبی سنوورەکە بڵاوکردەوە، کە بەهۆی پێکدادانەکانەوە سووتابوون. هاوکات بەشێك لەو (18)، کەسەی گیانیان لەدەستداوە لەناو ئاودا خنکاون، بەشێکیشیان لە کاتی پاڵەپەستۆ بۆ بەزاندنی پەرژینی کەناراوەکە لە کەناری (تەراخال) گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هەزاران کۆچبەر، لەنێویاندا منداڵی بێسەرپەرشت، لە ناو پارک و پیادەڕۆەکاندا دەخەون و هەندێکی دیکەشیان بێ ئامانج لەناو شەقامەکان و کووچەکان دەسووڕێنەوە.

سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، هەڕەشەی هەڵپەساردنی ڕێککەوتنی شنگنی لەگەڵ ئیسپانیا کرد و ڕایگەیاند، بۆ بەرگری لە سنوورەکانمان و دابینکردنی ئاسایشی هاوڵاتییانمان ئەم کارە دەکەین. 

هەروەها ئەندی بێرنهام، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ئەو بارودۆخەی ئیسپانیا، مایەی نیگەرانییە و گووتیشی، حکومەتی بەریتانیا پەیوەندی بە مەدریدەوە کردووە، ئامادەیە بە هەموو شێوازێک پشتگیری لە ئیسپانیا بکات تاوەکو ئەم دۆخە تێبپەڕێنن.

حکومەتی فەرەنساش لە پەیامێکدا نیگەرانی خۆی دەربڕی و بڕیاری توندکردنەوەی چاودێری سنوورەکانی خۆی دا، تاوکو نەتوانن کۆچبەرەکان بچن بۆ نێو خاکی فەرەنسا.

باڵیۆزی مەغریب لە مەدرید، نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی لەبارەی ئەم ڕووداوە، جەختی لێ کردەوە لەگەڵ حکومەت لە پەیوەندیدان تاوەکو بە زووترین کات کێشەکان چارەسەر بکرێن، باڵیۆزی مەغریب لە مەدرید، دووپاتیشی کردەوە کە مەغریب تەنها پشتگیریی لە کۆچی یاسایی دەکات.

جێگەی ئاماژەپێدانە، سیۆتا شارێکی بچووک و هەرێمێکی خۆسەربەخۆی ئیسپانیایە، لە ساڵی (1668) بە فەرمی بە بەشێك لە شانشینی ئیسپانیا ناسێندرا، لە باکووری ئەفریقیا هەڵکەوتووە و سنووری وشکانیی لەگەڵ مەغریب هەیە، بەڵام مەغریب هەتاوەکو ئێستاش داوای سەروەری لەسەر دەکات و ئەم بابەتە یەکێکە لە ناکۆکییە درێژخایەنەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین