ئەگەر کۆڕەک تیلیکۆم بوەستێت چی بەسەر هەژمارە دیجیتاڵییەکانمان دێت؟ بابەتی گشتی

نوچە نێت:

ڕاوێژکارێکی تەکنەلۆژی لەبارەی وەستاندنی هێڵی تەلەفۆنی کۆڕەک تیلیکۆم ڕایگەیاند، لە ڕووی تەکنیکییەوە ژمارەی مۆبایل بەشێک نییە لە داتای بنەڕەتیی هەژمارەکان بەڵکو زۆرجار وەک ناسنامەی دیجیتاڵ، ڕێگەی گەڕاندنەوەی هەژمار و ئامرازی پشتڕاستکردنەوە بەکاردێت. هەروەها لەبارەی وەستانی هەژماری بانکی دەڵێت، ڕاناگیرێت و پارەکانی ناو هەژمار، کارت یاخود جزدانی ئەلیکترۆنی ناوەستێت لە کارکردن.

ڕۆژی هەینی (2026/08/21) ئەندازیار کێوان حەسەن، ڕاوێژکاری تەکنەلۆژی، لەبارەی وەستانی کۆڕەک تیلیکۆم و هەژمارە دیجیتاڵییەکان چیان بەسەر دێت، ڕایگەیاند، "لە ڕووی تەکنیکییەوە، ژمارەی مۆبایل بەشێک نییە لە داتای بنەڕەتیی هەژمارەکان بەڵکو زۆرجار وەک ناسنامەی دیجیتاڵ، ڕێگەی گەڕاندنەوەی هەژمار و ئامرازی پشتڕاستکردنەوە بەکاردێت".

هەروەها ئەم ڕاوێژکارە دەشڵێت، "بۆیە وەستانی تۆڕ یان لەکارکەوتنی سیمکارت بە مانای سڕینەوەی خۆکاریی هەژمارەکان و پارەکان نییە بەڵام دەکرێت دەستگەیشتن بە هەژمارەکان و پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە بکەوێتە مەترسی".

 

دەقی نووسینەكەی ئەندازیار کێوان حەسەن، ڕاوێژکاری تەکنەلۆژی:

گەر کۆڕەک تیلیکۆم بوەستێت، چی بەسەر هەژمارە دیجیتاڵییەکانمان دێت؟

ئەندازیار کێوان حەسەن

ڕاوێژکاری تەکنەلۆژی

لە ڕووی تەکنیکییەوە، ژمارەی مۆبایل بەشێک نییە لە داتای بنەڕەتیی هەژمارەکان بەڵکو زۆرجار وەک ناسنامەی دیجیتاڵ، ڕێگای گەڕاندنەوەی هەژمار و ئامرازی پشتڕاستکردنەوە بەکاردێت.

بۆیە وەستانی تۆڕ یان لەکارکەوتنی سیمکارت بە مانای سڕینەوەی خۆکاریی هەژمارەکان و پارەکان نییە بەڵام دەکرێت دەستگەیشتن بە هەژمارەکان و پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە بکەوێتە مەترسی.

چی بەسەر کۆدەکانی دڵنیایی دێت؟

بە وەستانی سیمکارت، ئەمانە لەوانەیە لەکار بکەون

• کۆدی یەکجار بەکارهاتوو OTP

• کۆدی چوونەژوورەوە

• کۆدی پشتڕاستکردنەوەی مامەڵە

• کۆدی گۆڕین یان گەڕاندنەوەی پاسۆرد

• ئاگادارکردنەوە ئەمنیتییەکان بە SMS

ئایا هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیا دەسڕێنەوە؟

نەخێر. هەژمارەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام، سنەپچات و پلاتفۆرمەکانی تر بەردەوام دەبن.

بەڵام ئەگەر:

• لە هەژمارەکە بچیتە دەرەوە

• مۆبایلەکەت بگۆڕیت

• پاسۆردەکەت لەبیر بکەیت

• سیستەم داوای پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە بکات

لەوانەیە بەهۆی نەگەیشتنی کۆدی SMS نەتوانیت بگەڕێیتەوە ناو هەژمارەکەت.

چی بەسەر واتساپ دێت؟

واتساپ زۆرجار لەسەر هەمان مۆبایلی تۆمارکراو بەردەوام دەبێت، ئەگەر ئینتەرنێت هەبێت و لە هەژمارەکە دەرنەچیت.

بەڵام بۆ چالاککردنەوەی واتساپ لەسەر مۆبایلێکی نوێ یان دووبارە تۆمارکردنەوەی هەژمار، پێویستت بە کۆدی دڵنیایی دەبێت. کەسێکیش ئەگەر دواتر ژمارەکە وەربگرێت، بە تەنها بوونی سیمکارت ناتوانێت چاتە کۆنەکانت بخوێنێتەوە؛ بەڵام دەکرێت هەوڵی دووبارە تۆمارکردنەوەی ژمارەکە بدات.

چی بەسەر هەژماری بانکی و پارەکان دێت؟

وەستانی سیمکارت هەژماری بانکی ڕاناگرێت و پارەکانی ناوهەژمار، کارت یان جزدانی ئەلیکترۆنی خۆکارانە ناوەستێنێت.

بەڵام لەوانەیە کێشە بۆ ئەم خزمەتگوزارییانە دروست بێت:

• چوونەژوورەوەی ئەپی بانک

• وەرگرتنی OTP بۆ مامەڵە داراییەکان

• پشتڕاستکردنەوەی کڕین بە کارت

• گۆڕین یان گەڕاندنەوەی پاسۆرد

• وەرگرتنی ئاگادارکردنەوەی مامەڵەکان

• چالاککردنەوەی ئەپی بانک لەسەر مۆبایلێکی نوێ

• بەکارهێنانی جزدانە ئەلیکترۆنییەکان

شێوازی پاراستن و پشتڕاستکردنەوە لە بانکێکەوە بۆ بانکێکی تر جیاوازە. بۆیە پێویستە پەیوەندی بە بانک یان دامەزراوە داراییەکەتەوە بکەیت و ژمارە نوێیەکە لە تۆماری فەرمیی هەژمارەکەت بگۆڕیت؛ گۆڕینی ژمارە تەنها لەناو مۆبایل یان ئەپدا بەس نییە.

مەترسیی درێژخایەن چییە؟

مەترسیی سەرەکی سڕینەوەی هەژمار نییە بەڵکو لەدەستدانی کۆنترۆڵی ژمارەکەیە.

ئەگەر داهاتوودا ژمارەکە بدرێتە کەسێکی تر، هەژمارە نەپارێزراوەکان دەکەونە مەترسیی هەوڵی گەڕاندنەوەی پاسۆرد، وەرگرتنی کۆدی دڵنیایی و دەستگەیشتنی نایاسایی—بەتایبەتی ئەگەر SMS تەنها ڕێگای پاراستن و گەڕاندنەوە بێت.

ئێستا چی بکەین؟

١. ژمارەیەکی جێگرەوە بە ناوی خۆتان وەربگرن.

٢. ژمارە نوێیەکە لە هەموو هەژمارە گرنگەکان زیاد بکەن و دواتر ژمارە کۆنەکە لاببەن.

٣. ئیمەیلێکی چالاک و پارێزراو وەک ڕێگای گەڕاندنەوە تۆمار بکەن.

٤. لە جیاتی پشتبەستن بە SMS، ئەپی Authenticator، Passkey یان کلیلی پاراستن چالاک بکەن، ئەگەر خزمەتگوزارییەکە پشتیوانییان بکات.

٥. کۆدە پاشەکەوتەکان Backup Codes لە شوێنێکی پارێزراو و دەرەوەی مۆبایل هەڵبگرن.

٦. فەیسبووک، ئینستاگرام، سنەپچات، واتساپ، تێلگرام، ئیمەیل، Apple ID، Google Account، هەژمارە بانکی، جزدانە ئەلیکترۆنییەکان و خزمەتگوزارییە حکومییەکان یەک بە یەک بپشکننەوە.

٧. بە شێوەی فەرمی پەیوەندی بە بانک و دامەزراوە داراییەکانەوە بکەن و ژمارەی تۆمارکراو بگۆڕن.

٨. سیمکارتی کۆڕەک فڕێمەدەن و مەیدەن بە کەسی تر؛ تا ڕێنماییی فەرمی دەربارەی چارەنووسی ژمارەکان بڵاودەکرێتەوە، بیپارێزن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین