نوێترین توێژینەوە دەربارەی مرۆڤ: بڵاوبوونەوەی مرۆڤایەتی لە ئەفریقاوە دەستپێدەکات بابەتی گشتی

نوچە نێت:

لە وڵاتی سویسڕا نوێترین توێژینەوە سەبارەت بە هۆمۆ سەیپیێنس (مرۆڤی ژیر) بڵاوکرایەوە و زانایانی بواری شوێنەوارناسی بە ڕێگایەکی دیجیتاڵی و بە دوو شێوە ڕووخساری پیاوێکیان دروستکردووەتەوە کە نزیکەی (315) هەزار ساڵ لەمەوبەر لە باکووری ئەفریقا ژیاوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (4/10/2026) گۆڤاری (Heritage) بڵاویکردەوە، کە زانایان بە شێوەیەکی دیجیتاڵی ڕووخساری پیاوێکیان دروستکردووەتەوە کە نزیکەی (315) هەزار ساڵ لەمەوبەر لە باکووری ئەفریقا ژیاوە و بە دیاریکراوی کەلـلەسەرە بەبەردبووەکە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لە جەبەل ئیغود لە مەغریب لە کاتی دەرهێنانی کانزادا دۆزراوەتەوە. لە سەرەتادا توێژەران پێیان وابوو پاشماوەکان سەر بە مرۆڤی نیاندەرتاڵن، بەڵام ئەو توێژینەوانەی کە لە ساڵی (2017)دا بڵاوکرانەوە دەریانخست کە بەبەردبووەکان سەر بە هۆمۆ سەیپیێنس (مرۆڤی ژیر)ن و لە ڕیزی کۆنترین پاشماوە ناسراوەکانی جۆرەکەمان پۆلێن کران. کارەکە لەلایەن سیسرۆ مۆرایس، شارەزای دروستکردنەوەی رووخسار لە پزیشکیی دادوەری سەرپەرشتی دەکرێت، سەرەتا تیمەکەی پشتیان بە کەلـلەسەرێکی سێ دووریی دروستکراو بەستووە کە لەلایەن پەیمانگەی ماکس پلانک بۆ ئەنترۆپۆلۆژیای پەرەسەندن لە ئەڵمانیا بەرهەمهێنراوە. دواتر شانە نەرمەکان و تایبەتمەندییە توێکارییەکانی دیکە بە بەکارهێنانی داتای دانیشتووانی ئێستای ئەفریقا نەخشێنراون.

هاوکات توێژەران دوای دروستکردەوەی ڕووخسارەکە پێیانوایە کە پیاوەکە تا ڕادەیەکی زۆر لە مرۆڤی سەردەم چووبێت، هەرچەندە چەند جیاوازییەکیشی هەبووە، لەوانە ناوچەوانێکی دەرپەڕیوتر، لووتێکی پانتر و هاتنەپێشەوەیەکی زیاتری ڕووخسار. بۆیە مۆرایس دەڵێت، ئەگەر لە نێو ئاپۆڕایەکدا جلی سەردەمیانەی بپۆشیایە، پێدەچێت لە یەکەم نیگادا هەستی پێ نەکرایە. لەبارەی دروستکردنەوەی ڕووخساری پیاوەکە تا ئێستا دووجار ڕووخسارەکە دروستکراوەتەوە، لە یەکێکیاندا رووخسارەکە بە رەساسی نیشان دەدات، کە سەرنج دەخاتە سەر توێکارییە بنەڕەتییەکان. ئەوەی دیکەیان دروستکردنەوەیەکی تەواو رەنگاوڕەنگە کە پێستێکی رەشماڵ، قژ و ڕیش لەخۆدەگرێت. کە ئاشکرایە ئەو تایبەتمەندییانە لەسەر بنەمای ئەوە دانراون کە بە خەسڵەتی گونجاو بۆ دانیشتووانی ئەوکاتی باکووری ئەفریقا دادەنرێن.

سەبارەت بە قەبارەی مێشکی پیاوەکە، تیمەکە قەبارەکەیان بە نزیکەی (1,230) سانتیمەتر سێجا خەمڵاندووە، کە نزیکەی تەواو هاوشێوەی تێکڕای قەبارەی مێشکی پیاوی سەردەمە کە نزیکەی (1,234) سانتیمەتر سێجایە کە ئەوەش نیشانەی ئەوەیە قەبارەی مێشک لە ماوەی (300) هەزار ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی کەمی بەسەردا هاتبێت. 

ئەم دۆزینەوەیە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا لە جەبەل ئیغودی مەغریب (22) بەبەردبووی مرۆڤ دۆزراونەتەوە، پێنج کەسیان لەوانە هۆمۆ سەیپیێنسن کە پێکهاتوون کە (سێ پێگەیشتوو، مێرمنداڵێک و منداڵێک)، جگە لەوەش شوێنەوارناسان ئامرازی بەردین و شوێنەواری ئاگریان لەو شوێنەدا دۆزیوەتەوە و چەند ئێسکێکیش کە جێگەی سەربڕینیان پێوەیە و ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو گرووپە راوی ئاژەڵەکانیان کردووە یان گۆشتەکەیان ئامادە کردووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین