ئێران: ئەمەریکا بەنیازە جەنگێکی فراوان بەرپا بکات ئێران

نوچە نێت:

چاوەڕێ دەكرێت ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕێگەیەكی نوێ بگرێتەبەر بۆ هێرشكردنەسەر ئێران، بە جۆرێك جەنگەكە چەندین ناوچە بگرێتەوە و فەرماندەی ناوەندەیی قەرارگای خاتەمولئەبیاش دەڵێت، دەبێت وڵاتانی موسڵمانی ناوچەکە بزانن ئەمەریکا هێرشەکانی وەک قەڵغانێکی بەرگریی بۆ سوپاکەی لەم ناوچەیە بەکار دەهێنێت.

ئەمڕۆ شەممە (1/8/2026) عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی ناوەندەیی قەرارگای خاتەمولئەبیا، ڕایگەیاند، ئەمریکا بە پەلە و خێرایەکی پێشبینینەکراو ڕێگەیەکی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی ئاگری جەنگێکی فراوان و هەرێمی، ناوچەکە بگرێتەوە، ئەمەش ئەنجامی ستراتیجییەکی مەترسیدارە لە پێناو سەپاندنی هەژموونی نایاسایی خۆی لە سەرانسەری ناوچەکەدا، چونکە لە جەنگی ئەم دوایییەی دژی ئێران سەلماندی کە بۆ گەیشتن بە مەرام و ئامانجەکانی، لە هیچ شەڕانگێزی و وێرانکارییەک دژی بەرژەوەندی و سەرچاوەکانی موسڵمانان سڵ ناکاتەوە، بۆیە پێویستە وڵاتانی موسڵمانی ناوچەکە بزانن ئەمریکا سەرمایە، سامان، ژێرخانە گرنگەکان و سەرچاوە ستراتیجییەکانی ئەوان، وەک قەڵغانێکی بەرگریی بۆ سوپاکەی لەم ناوچەیە بەکار دەهێنێت و بەمەش بایەخی زیاتر بە توانا سەربازییەکان و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل دەدات. 

هاوکات فاتیمە موهاجیرانی گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ئاشکرای دەکات، کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا، پیشەسازیی نەوتی ئێران سەختترین ڕۆژەکانی تێپەڕاندووە، بەهۆی هێرشی سەر دامەزراوەکانی پارسی باشوور و پاڵاوگەی تاران کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی سووتەمەنی هەبووە و بەم هۆیەوە پاڵاوگە و کۆگاکانی سووتەمەنی و پرۆسەی گواستنەوەی سووتەمەنی لە سەرتاسەری ئێران زیانی پێگەیشتووە، بۆیە لەم دۆخەدا دەبێت پێداچوونەوە بە پرۆسەی دابینکردنی بەنزین لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی دۆخی جەنگی سەپێنراو و پاراستنی ئاسایشی وزەی وڵاتدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

موهاجیرانی گووتیشی، لەم حاڵەتەدا حکوومەت ناچارە بە وردیی زیاترەوە پارێزگاری لە سەرچاوەکانی وزەی وڵاتدا بکات، بەتایبەت کە ئەمەریکا بەردەوامە لە ئامانجگرتنی ژێرخانە گرنگەکان، لەم حاڵەتەدا ڕاستییەکی دیکە ئەوەیە کە تێچووی بەرهەمهێنان و دابینکردنی بەنزین، زۆر لە نرخی خستنەڕوو جیاوازە، سەرەڕای ئەمە رەنگە بەهۆی چاککردنەوەی ژێرخانە زیانپێگەیشتووەکان کاریگەریی زیاتر بخاتە سەر بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین