ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ لە (24) کاتژمێری داهاتوودا هەیە ئێران

نوچە نێت:

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە کاتی تێپەڕبوونی کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە گەرووی هورمز، کە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو، بەر مینی دەریایی کەوتووە و تەقیوەتەوە، هەروەها لەبەرامبەردا، ئەمریکا هەڕەشە لە ئێران دەکات بە بەکارهێنانی "گەورەترین چەکی ئەتۆمی" بۆ بۆردوومانکردنی ژیرخان و پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی لە (چیای کلنگ).

 

ڕۆژی شەممە (2026/10/17) ئاژانسی هەواڵی تەنسیم لەسەر زاری سوپای پاسدارانەوە ڕایگەیاند، کەشتییە نەوتهەڵگرەکە بەهۆی بەرکەوتنی بە مینە دەریاییەکە، تەقیوەتەوە، هەوڵیداوە بە شێوەیەکی نائاسایی و نهێنی لە ڕێڕەوەکەوە تێپەڕبێت، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ڕێگەی پێ نەدراوە.

هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردوۆتەوە و تێیدا هاتووە، "گەرووی هورمز داخراوە، چارەنووسی هەر کەشتییەک کە پێشێلی یاساکانی ئێران بکات، سووتانە و گەرووی هورمز لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی هێزە دەریاییەکانی ئێراندایە، هیچ کەشتییەکی بازرگانی یان هێزێکی بیانی ناتوانێت بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە تاران، پێیدا تێپەڕ بێت".

هەر لەو بارەیەوە، بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان، ئەمریکا ئامانجییەتی ئێران بۆردوومان بکات، کە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی لەژێریدا پەرە پێدەدات، چونکە ئەمڕۆ مورتەزا غەرقی، پەیامنێری تیڤی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، "ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە ڕێگەیان پێ بدەن (چیای کلنگ) لە پارێزگای ئەسفەهان بۆردوومان بکەن، بەبێ ئەوەی ئێران وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، داوایەکەی ئەمریکای ڕەتکردووەتەوە".

هەروەها بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، چەندین ڕۆژە ئاماژە بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ بەر لە هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا لە (3)ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەکەن، کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، ئەمریکا تاوتوێی بەکارهێنانی "گەورەترین چەکی ئەتۆمی" بۆ بۆردوومانکردنی ژێرخانی ئێران و پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکە لە (چیای کلنگ) دەکات.

جێگەی ئاماژەپێدانە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەو شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە (مار ئا لاگۆ) لە فلۆریدا بەڕێکەوتووە، ئەمە ئەو شوێنەیە کە لە (28)ـی شوباتی (2026) ترەمپ لێی نیشتەجێ بوو و جەنگی ئێران، ئەمریکا – ئیسرائیل، دەستی پێکرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین