سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: نابێ خاكی عێراق بكرێتە مەیدانێك بۆ هەڕەشەكردن لە وڵاتان کوردستانی

نوچە نێت:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ حکومەتەکەی عەلی زەیدی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە بڕیاری کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی عێراق وەک فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە. داواش دەکات هەموو لایەنەکان بە گیانی، بەرپرسیارێتیی نیشتیمانی هاوبەش کار بکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق و بەردەوامیدان بە گەشەپێدان.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە (2026/08/05) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پلاتفۆڕمی (ئێکس) بڵاوی کردەوە و تێیدا هاتووە، لە بەغدا بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کردووە و لەگەڵ سەرکردەکانی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرۆکی لایەنە سیاسییەکان کۆبووەتەوە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی وڵات و ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە، لەگەڵ دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان تاوتوێ کراون. هاوکات گوتیشی، "دووپاتمان کردەوە پابەندین بە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و جێبەجێکردنی لەپێشینە نیشتیمانییەکان، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، "جەختمان کردەوە لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی بڕیاری کۆکردنەوەی چەک لە دەسی دوڵەتدا، بە جۆرێک کە سەروەریی یاسا بەهێز بکات و ئاسایشی عێراق بپارێزرێت". ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق دەبێت وەک فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە و نابێت خاکەکەی بکرێتە بنە یان مەیدانێک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ یان هەر دەوڵەتێکی دیکە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا، پشتیوانیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرۆک وەزیران و کابینەکەی دووپاتکردەووەتەوە، لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانیدا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری. داواشی کرد کە هەموو لایەنەکان بە گیانی نیشتیمانیی هاوبەش، کار بۆ پاراستنی بەرژەوەدییە باڵاکانی گەلی عێراق و بەردەوامیدان بە کاروانی گەشەپێدان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین