تەڤگەری ئازادی: گەریلا چەک دابنێت و نەتوانێت سیاسەت بکات چەکدانان روونادات کوردستانی

نوچەنێت

حکومەتی تورکیا لە پرۆسەی نوێی ئاشتیدا دوای ئامادەکردنی پرۆژەیاسای چوارچێوە، بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی (600) پەرلەمانتار تاوتوێی پرۆژەکە بکەن و پەسەندی بکەن، هاوکات پەکەکە دەڵێت، پرۆژەیاساکە شێوازێکی گشتگیر هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە و ئەگەر سیاسەت نەکەین چەکدانان روونادات.

ئەمڕۆ دووشەممە (2026/8/10) دوای بڵاوکردنەوەی دەقی پرۆژەیاسای چوارچێوە، تەڤگەریی ئازادیی کە کارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی پێشوو دەکات پێیانوایە پڕۆژە یاساکە کەمووکوری تێدایە و لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە،  بەبێ بەکارهێنانی چەمکی کورد، ئاماژەدان بە دەستبەرداربوون لە چەک ئەوە نیشان دەدات کە پرسەکە بە شێوازێکی گشتگیر هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە.

هەر لەو راگەیێندراوەدا هاتووە، ئەگەر یاسایەک دەربکرێت و ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبچێت، ئەمە تەنیا بە مەرجەکانی کارکردن و ژیانی ئازادانەی رێبەر ئاپۆ دەبێت. ئەمەش لە هەموو دەرفەتێکدا دەربڕدراوە. تەنیا بە مەرجەکانی ئازادیی ژیان و کارکردنی رێبەر ئاپۆ دەکرێت هەنگاو سەبارەت بە تەڤگەرەکەمان بنرێت و جێبەجێ بکرێت.

دەقی راگەیێندراوەکەی تەڤگەریی ئازادیی :

یاسای چوارچێوە کە چەندین مانگە چاوەڕوانی دەکرا لە کۆمیسیۆن دەرچوو و لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت. زۆر کەس بە توندی دژی ئەم یاسایە وەستانەوە و هەندێکیشیان لە زۆر لایەنەوە رەخنەیان لە یاساکە گرت. دەم پارتی لە کۆمیسیۆن رەخنەی لە زۆر کەموکورتیی یاساکە گرت و ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت دوای یاساکە چی بکرێت.

رێبەر ئاپۆ دوای لێدوانەکەی دەوڵەت باخچەلی گوتبووی، هێزی ئەوەم هەیە کە زەوینەی شەڕ کە لە ئەنجامی پرسی کوردەوە دروستبووە بگوازمەوە سەر زەوینەی یاسایی و سیاسی. بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک 27ی شوباتی 2025 نەخشەڕێگەی ئەمەی بە روونی خستەڕوو.

تەڤگەری ئازادیمان لەسەر بنەمای بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ، بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ کرد. لەسەر ئەم بنەمایە ساڵ و نیوێکە شەڕ و پێکدادان رووینەداوە.

لەم ماوەیەدا بۆ هاتنەدیی ئاشتی، دیموکراتیزەبوون و چارەسەری پرسی کورد، لە پەرلەمان کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک - براوەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی دامەزرا، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم کۆمیسیۆنەدا لەگەڵ بوونی کەموکورتیی جیدیشدا راپۆرتێک ئامادە کرا کە دەکرێت بە گرنگ سەیر بکرێت.

رێبەر ئاپۆ لەم پرۆسەیەدا بۆ دەرکردنی یاسایەکی بنەرەتی کە رێگەی چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەبوون دیاری بکات، لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەت و دەم پارتی و تەڤگەری ئازادییماندا پەیوەندی و گفتوگۆی ئەنجام دا. ئێمەش لەم پرۆسەیەدا بەدواداچوونی نزیکمان بۆ گفتوگۆکانی سەر یاسای بنەرەتی کرد. سەبارەت بە رەشنووسی یاساکە کە بە شێوازی جیاواز گەیشتە دەستمان، لە رێگەی راگەیێندراوەوە تێبینی و رەخنەکانی خۆمان بۆ رای گشتیی راگەیاند. بەر لە هەر شتێک ئاماژەمان بەوە کرد زمانی یاسایەکی بنەڕەتی کە ئاشتی کردووەتە ئامانجی خۆی، زمانی ئاشتی بێت نەک زمانی شەر. وەک چۆن رێبەر ئاپۆ گوتی، سەرنجمان خستە سەر ئەوەی کە دەبێت بەپێی هەستیاری لایەنەکان بێت نەک بە شێوازێکی ئاسایی، تەنگ و بێسوود بۆ داهاتوو بێت. جەختمان لەوە کردەوە کە بۆ نانی ئەو هەنگاوانەی یاساکە دیارییان دەکات، بێگومان دەبێت رێبەر ئاپۆ ئازاد بێت و بتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە کار بکات. گرنگیی ئەوەمان دەربڕی کە ئەم یاسایە دەبێت بەڵێنی ئەوە بدات کە لە چوارچێوەی هەندێک هەنگاوی دیاریکراودا یاساکانی ئازادی و دیموکراتیزەبوون دەربکات.

هەر خۆی رێبەر ئاپۆ بەر لە راگەیێندراوەکەمان، لە رێگەی شاندی دەم پارتییەوە بۆ رای گشتیی راگەیاندبوو دەبێت شێواز و ئامانجەکانی یاسای چوارچێوە چی بن. دەم پارتی و هێزە دیموکراتەکانیش لەم پرۆسەیەدا لەسەر بابەتی یاسای چوارچێوە تێبینی و پێشنیازەکانی خۆیان خستەڕوو و لەم بوارەشدا هەندێک کۆبوونەوەیان ئەنجام دا.

ئەو یاسایەی کە چەندین مانگە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و گەلەکەمان؛ ئێمە و هێزە دیموکراسییەکان تێبینیی خۆمان لەسەری دەربڕی، بێجگە لە دژایەتیی رەوتێکی دژەکورد لە پەرلەمان کە هەوڵی تێکدان دەدەن، بە پەسەندکردنی هەموو هێزە سیاسییەکانی دیکە لە لیژنەی دادوەریی پەرلەمان رەوانەی پەرلەمان کرا.

لە ئەم یاسایەدا هەڵە و کەموکورتیی جیدی هەن. ئەو پێشنیازانەی کە لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەماندا بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەبوون کرابوون، لەم راپۆرتەدا شوێنیان نەکراوەتەوە. بۆیە بە تەواوی وەڵامی ئامانجەکەی نەداوەتەوە. بەبێ بەکارهێنانی چەمکی “کورد”، ئاماژەدان بە دەستبەرداربوون لە چەک ئەوە نیشان دەدات کە پرسەکە بە شێوازێکی گشتگیر هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە. لەگەڵ کەموکورتییە جدییەکانی ناوەرۆکدا، ئەو چەمک و زمانە بەکارهاتووەش بۆ یاسایەک کە ئامانجی ئاشتییە، کێشەیەکی جیدییە. بێگومان ئەم زمانە زمانێکە کە گەلەکەمان و تەڤگەرەکەمان ناتوانن قبووڵی بکەن.

تەڤگەر و گەلەکەشمان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەگەر یاسایەک دەربکرێت و ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبچێت، ئەمە تەنیا بە مەرجەکانی کارکردن و ژیانی ئازادانەی رێبەر ئاپۆ دەبێت. ئەمەش لە هەموو دەرفەتێکدا دەربڕدراوە. تەنیا بە مەرجەکانی ئازادیی ژیان و کارکردنی رێبەر ئاپۆ دەکرێت هەنگاو سەبارەت بە تەڤگەرەکەمان بنرێت و جێبەجێ بکرێت. ئەمەش بە رێبەرایەتیی راستەوخۆی رێبەر ئاپۆ دەکرێت ببێ. پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەنیا بە مەرجەکانی کارکردن و ژیانی ئازادی رێبەر ئاپۆ دەتوانێت بەرەو پێش بروات. وەک تەڤگەری ئازادی بەو پێشبینییەی کە رێبەر ئاپۆ ببێتە خاوەنی مەرجەکانی ئازادیی کارکردن و ژیان، هەموو هەنگاوێکمان نا. دەولەت باخچەلی هێشتا لە رۆژی یەکەمەوە بەڵێنی دەستەبەرکردن و جێبەجێکردنی مافی هیوای بۆ رێبەر ئاپۆ دا.

دەوڵەت باخچەلی و بەرپرسانی ئاکەپە ئاماژە بەوە دەکەن ئەم پرۆسەیە سیاسەتێکی دەوڵەتە. هەموو ئاخاڤتنەکانیش لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا دەکرێن. دەوڵەت باخچەلی جەختی لەوە کردبووەوە کە لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا رێبەر ئاپۆ دەبێتە ‌هاوئاهەنگکاری بە سیاسیبوون و پرۆسەی ئاشتی‌‌. بەرپرسانی دەوڵەتیش ئەم پێشنیازەی دەوڵەت باخچەلییان قبووڵ کرد. بەڵام ئەو رۆڵەی کە رێبەر ئاپۆ لەم پرۆسەیەدا دەیگێرێت، لە یاسای چوارچێوەدا دیاری نەکراوە. تەنیا بە شێوازێکی ناروون گوتراوە، ئەو دەستەیەی لەژێر سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆماردا دامەزرێت، دەتوانێت دەستەی دیکە پێکبهێنێت. ئەگەر رێبەر ئاپۆ نەتوانێت لەناو هەلومەرجە ئازادەکانی ژیان و کارکردندا سەرپەرشتی ئەم دەستەیە بکات، زۆرینەی خاڵەکانی یاساکە جێبەجێ نابن.

بۆیە رێگا و رێبازەکانی جێبەجێکردنی یاساکە گرنگن. هەر یاسایەک، کاتێک بە رێگا و رێبازی راست جێبەجێ کرا، ئەو کاتە دەتوانێت بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. رێگا، رێباز، بەرێوەبردن و شێواز گرنگن؛ چونکە ئەم یاسایە بە سەپاندنێکی یەکلایەنە جێبەجێ نابێت. لە بابەتێکی ئەوەندە گرنگدا، رێگا و رێبازی داهێنەرانە و رێخۆشکەر گرنگن. بە کورتی، ئەم یاسایە ئەگەر زمانی ئاشتی بکاتە بنەما و لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بە کرداری بەڕێوەببرێت، هەروەها بە یاسا دیموکراتیکە نوێیەکان پاڵپشتی بکرێت، ئەو کاتە دەتواندرێت جێبەجێ بکرێت.

 

یاساکە لەسەر بنەمای دیموکراتیزەبوون، کردنەوەی رێگای لەبەردەم کاری سیاسیی دیموکراتیکدا لەپێش خۆی داناوە. کاری سیاسیی دیموکراتیک تەنیا بەو دیموکراتیزەبوونەی کە ئازادیی رێکخستن و فکری مسۆگەر دەکات، دەکرێت بەڕێوەبچێت. بۆیە ئەم یاسای چوارچێوەیە دەبێت بێ دواخستنی کار و یاساکان لەسەر بنەمای دیموکراتیزەبوون بەئەنجام بگەیێندرێت. وەک چۆن رێبەر ئاپۆ و هەموو هێزە دیموکراتەکان ئاماژەیان پێ دا، دەبێت ئەم یاسایە ببێتە دەستپێکێک. ئەگەر ببێتە یاسایەک کە رێگە لە پێشکەوتنەکانی دواتر بکاتەوە، ئەو کاتە رۆڵی بنەرەتی و چوارچێوەبوونی خۆی جێبەجێ دەکات.

داوادەکرێت کە گەریلا چەک دابنێت و بگەڕێتەوە. ئەگەر بچێتە تورکیا و لەسەر بنەمای ئازادیی فکری و رێکخستن نەتوانێت سیاسەتی دیموکراتیک بکات، ئەگەر لەسەر بنەمای رێکخستن و وتەکانی تاوانبار بکرێت و دەستگیر بکرێت، ئەوا جگە لەوەی دابەزینی گەریلا بۆ دەشت (خوارەوە) روونادات، ئەو سیاستمەدارانەش کە بە ناچاری روویان لە ئەورووپا کردووە ناتوانن بگەڕێنەوە. ئەمە تەنیا نموونەیەکی دیار و بەرچاوە. بێگومان زۆر رێگەی جیاوازی دیموکراتیزەبوون و چارەسەری پرسی کورد هەن.

ئەم یاسایە دەستپێکێکە. بۆ چارەسەری هەموو پرسەکان و لە سەرووی هەموویانەوە پرسی کورد، دەبێت تێکۆشانی دیموکراتیزەبوون بەرەو پێش ببرێت. بۆیە دەبێت گەلەکەمان و هەموو هێزە دیموکراسییەکان بۆ دیموکراتیزەبوون و چارەسەری پرسی کورد خۆیان بە رێکخستن بکەن و تێبکۆشن. ئەو کاتەی کە یاساکە دەرکرا و بە راستی خاوەنی رۆڵی یاسای چوارچێوە بێت؛ دەبێتە دەستپێکێک بۆ پێشهاتی گرنگ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین