ڕێژەی تووشبوون زۆری سوورێژە لە بەرزبوونەوەدایە تەندرووستی

نوچە نێت:

بەڕێوەبەرایەتیی کوتان لە هەولێر، هاووڵاتیان لە مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی سوورێژە ئاگادار دەکاتەوە و پسپۆڕێکی تەندروستیش دەڵێت، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست، تیمەکانی کوتان وەک پێویست ناتوانن هەڵمەتی پشکنین ئەنجام بدەن.

ئەمڕۆ شەممە (15/8/2026) بێریڤان عەدنان، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی کوتان لە هەولێر، ئاشکرای کرد، کە لە (15)ی (7)وە تاوەکو (1ی 8)  نزیکەی (30) حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی سوورێژە لە هەولێر تۆمار کراون، چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی تووشبووان زیاتر بن، چونكە کەسێکی هەڵگری ڤایرۆسی سوورێژە توانای تووشکردنی (10) کەسی دیکەی هەیە، بۆیە مەترسییەکی یەکجار گەورە لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هەیە.

بێریڤان عەدنان سەبارەت بەو ڕێکارانەی گیراونەتەبەر گووتی، تیمەکانیان سەرقاڵی بەدواداچوون و پشکنینن بۆ کەسە نزیکەکانی تووشبووان تاوەکو ڕێگە لە تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە بگرن، هاوکات ئەو پسپۆڕە باسی لەوەش کرد کە بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست، تیمەکانی کوتان وەک پێویست ناتوانن هەڵمەتەکانیان ئەنجام بدەن.

بە مەبەستی بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسەکە، ئەو پسپۆڕەی بەڕێوەبەرایەتیی کوتان، داوا لە دایکان و باوکان دەکات منداڵەکانیان بکوتن و لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی کوتانەکە نەترسن، چونکە ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی لە رێگەی ڤایرۆسەکەوە تووشی منداڵەکان دەبن زۆر زیاتر و مەترسیدارترن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین