ژنێکی نەخۆش و بێ پارە، ویژدانێکی بیمار تەندرووستی

رزگار رەزا چوچانی :

نەخۆشخانەیەکی تایبەت.. وەزیری تەندروستی .

ئەو ژنەی کێشەی لەگەڵ نەخۆشخانە تایبەتەکەی هەولێر هەیە و پارەی نەداوە، تاوانی نییە.

ئەوەی من گوێم لێبوو ئەوەیە کە، نەخۆش بۆ نەشتەرگەرییەک چۆتە نەخۆشخانە، دیارە لەڕووی مادییەوە خۆی بۆ ئەو نەشتەرگەرییە ئامادە کردووە، کە خەرجییەکەی ١٢٠٠ دۆلارە، وەک خۆتان دەڵێن ١٢ وەرەقەیە.

ئەو نەخۆشە چۆن بزانێت ؟ لەدوای نەشتەرگەرییەکەی بەڕێزتان دۆخی بەوشێوەیە تێکدەچێت، کە ئەو هەموو رۆژە پێویستی بەچاودێری چڕ بێت.

تا ئامادەکاریی خەرجیی ئەو مانەوەیەش بکات. ئێ ئەگەر پێویستی بەچاودێری چڕ بوبێت، خۆ ناتوانێت بڵێ، بمنێرنە نەخۆشخانەی حکومی و بەدوای نەخۆشخانەدا بگەڕێ لەوکاتەدا. چونکە وەک خۆتان دەڵێن دۆخی لەوپەڕی خراپیدا بووە.

کەواتە دووچاربوونی بە دۆخی دووەمی کە پارەکەی نەداوە، هەوڵێکی پلان بۆ دانراو نەبووە کە بچێتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت و هەڵی خەڵەتاندنی دابن، بەڵکو دۆخێکی لەناکاو بووە لەناو نەخۆشخانە تایبەتەکە و دوای نەشتەرگەرییەکەی لەو نەخۆشخانەیە بۆی دروستبووە.

پێویست بوو، دەبوو پێش نەشتەرگەرییەکەی، پزیشک و نەخۆشخانەکە حسابی هاتنە پێشی ئەو دۆخەیان بکردایە و نەخۆشەکەشیان لەو ئەگەرە ئاگادار بکردایەتەوە، ئەی پشکنینی پێش نەشتەرگەریی بۆچی دانراوە؟ بۆ ئەوە نەبێ.

بەڵێ دەبوو ئاگاداری بکەن، بۆ ئەوەی یان لەڕووی مادیی و دەرونییەوە خۆی بۆ ئامادە بکات، یان بچێتە نەخۆشخانەیەک کە خەرجییەکەی لە توانای ئەودا بووە.

ئەگەر ئاگادارتان نەکردووە، تەنها باسی نەشتەرگەرییەکتان لەگەڵ کردووە و پارەکەشی داوە، تاوانی چییە ؟

ئەسڵەن ئەوەی من بینینم لە لێدوانەکان، دەکرێ نەخۆشخانەکە بەرپرس بن لەوەی روویداوە، چونکە نەتانگوتووە بەهۆی نەشتەرگەرییەکە دەگەیتە دۆخێک چاودێری چڕت پێویست بێ! خۆ بتانگوتبا رەنگە هەر نەیوێرابا نەشتەرگەریی بکات، یان پێی دەگوتن ئەو پارەیەی نییە.

ئاخر ئێوە دڵنیان لەوەی ئەو نەخۆشە پارەی نەشتەرگەرییەکەشی قەرزکردووە، ئیتر چۆن نازانن بۆ دۆخێکی لەناکاو پارەی لەدەستدا نابێت؟

یان چۆن دۆخێک کە لەنەخۆشخانەکەی ئێوەو لەناو ژووری نەشتەرگەریی ئێوە رووبدات، لەسەر نەخۆش حساب دەکرێت ؟

بەهیوام نەخۆشخانەکە بیر لە ویژدانی خۆیان بکەنەوە و وەزیری تەندروستیش بڕیاری پێویست لەسەر ئەو بنەمایە بدات، حساب بۆ ئەو دۆخە بکات هاتۆتە پێش نەخۆشەکە بێ ئامادەکاریی پێش وەختە.

....

بیرهێنانەوە:

ژنێک چۆتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت، نەشتەرگەریی کردووە، دۆخی تەندروستی دوای نەشتەرگەرییەکە تێکچووە، چاودێری چڕی پێویست بووە.

لە نەخۆشخانەکە ماوەتەوە ئێستا داوای پارەیەکی زۆری لێ دەکرێ ئەویش نیەتی بیدات، نەخۆشخانەکە ڕێی نادەن بڕواتەوە ماڵی خۆی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین