بە بەشداریی زیاتر لە (400) پزیشك لەسلێمانی کۆنفرانسی زانستیی نەخۆشییەکانی دڵ بەڕێوەدەچێت تەندرووستی

نوچە نێت:

بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ قوتابییانی بەشی پزیشکی، زانکۆی نێودەوڵەتیی قەیوان پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نەخۆشییەکانی دڵ بە بەشداری (400) توێژەر و پسپۆڕی بواری تەندروستیی ڕێکدەخات.

ئەمڕۆ چوارشەممە (16/9/2026) پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نەخۆشییەکانی دڵ بە هاوبەشیی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە زانکۆی سلێمانی دەستپێدەکات، بە گوێرەی زانیارییەکان کۆنفڕانسەکە لە شاری پزیشکی ئەنوەر شێخە و زانکۆی نێودەوڵەتیی قەیوان و بە هاوکاری کۆمەڵەی (ڕەحمە) بۆ تەندروستیی منداڵان بەڕێوەدەچێت، ئامانج لە سازدانیشی زیاتر پێشخستنی کەرتی تەندروستییە لە هەرێمی کوردستان. 

تا ئێستا زیاتر لە (400) پزیشک و پسپۆڕی دیار لە پارێزگاکانی (سلێمانی، هەولێر، بەغدا، نەجەف و ناسڕییە) بەشداری خۆیان لە کۆنفڕانسەکە ڕاگەیاندووە و تێیدا نوێترین دۆزینەوە و پێشکەوتنەکانی بواری پشکنین، چارەسەر و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ دەخەنەڕوو، بە پێی زانیارییەکان کۆنفرانسەکە کاتژمێر (6:00)ـی ئێوارە دەستپێدەکات و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. ئەمە یەکەمجارە کۆنفرانسێکی لەم شێوەیە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و وەزیرانی تەندروستیی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق تێیدا بەشدار دەبن.

سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی لەم شێوەیە، ئەندامێکی بەشدار دەڵێت، گرنگیی ئەم کۆنفرانسە لەوەدایە ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی دڵ توێژینەوە و داهێنانە زانستییەکانی خۆیان پێشکەش دەکەن، بۆیە بڕیارە سبەی کۆنفرانسەکە لە زانکۆی قەیوان لە سلێمانی درێژەی هەبێت. مەبەست لەم هەنگاوە دەرفەت ڕەخساندنە بۆ فێرخوازانی بەشە پزیشکییەکان تا لە نزیکەوە سوود لەو توێژینەوە نوێیانە وەربگرن کە تایبەتن بە نەخۆشییەکانی دڵ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین