ئەمەریکا سزایەکی نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

دوای ململانێیەکی درێژی سەربازی، ولایەتە یەکگرتووەکان بڕیاری سەپاندنی سزایەکی تازە بەسەر ئێراندا دەردەکات و بڕیار وایە دوای ڕاگەیاندنی لەلایەن وەزیری گەنجینەی ئەمریکاوە دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (24/8/2026) کاتژمێر (09:00)ی شەو بە کاتی هەولێر، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پاکێجێکی نوێی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا رادەگەیەنێت، وەک خۆی دەڵێت، ئەو سزایانە دەبنە قورسترین رێکاری ئابووری تاوەکو ئێستا بەسەر تاراندا سەپێنرابن، بە تایبەتی لە بواری کەرتی نەوت و وزە، بڕیار دراوە، هەر وڵات و کۆمپانیایەک نەوتی خاو، گاز یان بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکانی ئێران بکڕێت راستەوخۆ سزا دەدرێت، هەروەها چاودێریکردنی کەشتیگەلی نەوتهەڵگری ئێران لە گەرووی هورمز و دەریای ناوەڕاست توندتر دەکرێت بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی نەوت. 

هاوکات لە بڕیارەکەدا سەبارەت بە کەرتی بانکی و دارایی هاتووە، کە مامەڵە بانکییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران بە تەواوی پەکدەخرێن، بە جۆرێک تاران ناتوانێت پارەی هیچ کاڵایەک لە دەرەوە وەربگرێت یان بنێرێت، تەواوی یەدەگی دراوی بیانیی ئێران لە بانکەکانی جیهاندا سڕ دەکرێت و هەر بانکێکی بیانی لە جیهاندا سزا دەدرێت ئەگەر مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە ئێرانییەکاندا بکات. بە گوێرەی زانیارییەکان سزاکان کەرتی ئاسن، پۆڵا، ئەلەمنیۆم و مس دەگرنەوە، لەبەر ئەوەی دوای نەوت گەورەترین سەرچاوەی داهاتی ئێرانن، بۆیە فرۆشتنی پارچەی یەدەگی فڕۆکەی مەدەنی و ئۆتۆمبێل بە ئێران بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەکرێت و هەموو کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و هێڵە ئاسمانییەکانی ئێرانیش دەخرێنە ناو لیستی ڕەشەوە.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات، کە ناوی سوپای پاسداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سەر بەو دەزگایە دەخرێنە لیستی تیرۆر و سزادانەوە و سەرمایەی دەیان بەرپرسی سیاسی و سەربازییش لە ئێران سڕ دەکرێت و گەشتکردنیان لێ قەدەغە دەکرێت. ئامانجی ئەمەریکا لەم ستراتیژییە نوێیە ئەوەیە کە سەرجەم سەرچاوە داراییەکانی تاران ببڕێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەیان لە رووی ئابوورییەوە بڕووخێت، ئەمەش وەک جێگرەوەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگێکی سەربازیی گەورە سەیر دەکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین