نووسینی کوردی لەسەر تابلۆی دوکانەکان دەبێتە مەرجی سەرەکی کولتوور

نوچەنێت

بە پێی بڕیاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەمڕۆوە نووسینی کوردی لەسەر تابلۆ و مینیووی خزمەتگوزارییەکان مەرجی سەرەکی مۆڵەت وەرگرتنە و گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، خاوەن کارەکان پابەندبوونیان زۆر باشە و نزیکبووینەتەوە لەوەی (100%)ی تەواوی بنکەکان پابەندی زمانی کوردی بکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (3/9/2026) ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بە کوردیکردنی تابلۆکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و هەموو ئەو بنکانەی مۆڵەتی گەشتیارییان هەیە، پابەندکراون بەم بڕیارە و لەمەودوا نووسینی کوردی لەسەر تابلۆ و مینیووی خزمەتگوزارییەکان مەرجی سەرەکییە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، هەروەها بۆ ئەو شوێنانەشی کە پێشتر مۆڵەتیان هەبووە، لە کاتی نوێکردنەوەی ساڵانەدا ئەگەر تابلۆکانیان نەکردبێتە کوردی، مۆڵەتەکەیان بۆ نوێ ناکرێتەوە.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئاستی پابەندبوونی خاوەنکارەکان کرد، ئاماژەی بەوە کرد، کە پابەندبوونێکی زۆر باش هەبووە و ئێستا نزیکبووینەتەوە لەوەی (100%)ی تەواوی بنکەکان پابەندی زمانی کوردی بکەین؛ تاوەکو ئێستا تەنیا ئاگادارکردنەوەمان هەبووە و پێویستمان بە سزادان نەبووە، بۆیە داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین کە لەم هەڵمەتەدا هاوکار بن و هەر هاونیشتمانییەک چوو بۆ شوێنێکی گەشتیاری و بینی ناوی شوێنەکە یان مینیووەکەی بە کوردی نەنووسرابوو، با ئێمە یان بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار ئاگادار بکاتەوە تاوەکو تیمەکانمان بەدواداچوونی بۆ بکەن.

ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاشکرای دەکات، کە لە ڕۆژی دەرچوونی بڕیارەکەی سەرۆک وەزیران؛ زمانی کوردی وەک زمانی یەکەم و سەرەکی لە کەرتی گەشتوگوزاردا جێگیر دەکرێت، چونکە ئەمە پەیوەندیی بە زمانی دایک و ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەوە هەیە و چاوپۆشی لە هیچ کەمتەرخەمییەک ناکەین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین