شاعیرێک خەڵاتی ئەدەبی نۆبڵی پێ بەخشرا کولتوور

نوچە نێت:

هەفتەی ڕابردوو ئەکادیمیای سوێد، براوەی خەڵاتی نۆبڵی بۆ وێژەی جیهانی هەڵبژارد و ئان کارسنی شاعیر، بە نووسینی رۆمانەشیعری (ژیاننامەی سوور) و کۆی بەرهەمە بوێر و داهێنەرانەکانی توانی ببێتە براوەی خەڵاتەکە، بە گوێرەی زانیارییەکان ئەم کتێبە تا ئێستا نزیکەی (100،000) هەزار دانەی تەنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لێ فرۆشراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە (8/10/2026) ئان کارسن، خەڵاتی نۆبڵی وێژەی ساڵی (2026)ـی پێبەخشرا. کارسنی شاعیر، وەرگێڕ و کلاسیکزانی کەنەدیی تەمەن (76) ساڵ، لە ئایسلاند بوو، کاتێک هەواڵەکە بڵاوبووەوە. ئەکادیمیای سوێدی ستایشی کۆی بەرهەمە بوێر و داهێنەرانەکانی کارسنی کردووە بۆ دیالۆگەکەی لەگەڵ نەریتی کلاسیکی، کە لە ڕێگەیەوە شێوازی نوێی بۆ وێژەی هاوچەرخ داڕشتووە، بە تایبەت لە رۆمانەشیعری (ژیاننامەی سوور)ـی ساڵی (1998 کە نزیکەی 100،000) هەزار دانەی تەنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لێ فرۆشراوە)، کۆمەڵە شیعرییەکەی ئەم دواییەی (نۆرمای هەڵە) (2024)، و یەکەم بەرهەمی (ئیرۆسی تاڵ و شیرین)ی ساڵی (1986) کە گوتارێکی درێژە لەسەر خوداوەندی خۆشەویستی تەحەدای رێسا فەرمییەکان دەکات. 

هاوکات کارسن چەندین خەڵاتی تریشی بەدەستهێناوە. بۆ نموونە، یەکەم ژن بوو خەڵاتی (تی ئێس ئێلیەت) بۆ کۆمەڵە شیعری (جوانیی مێردەکە)ی بەدەستهێنا. لۆلا سیتنی رەخنەگر لەبارەی ئەو شاعیرەوە دەڵێت، نزیکەی هەموو شتێک کە کارسن دەینووسێت لە یەک کاتدا لەسەر چەند شتێکە و بە شێوەیەکی پێکەوە بەستراو مێژووی بیری رۆژئاوایی دەگرێتەوە، (ژیاننامەی سوور) کە هەڵبژێردراوێکی دیکەی خەڵاتی نۆبڵە، باس لە داڕشتنەوەی ئەفسانەیەکی کۆن دەکات، هەستیاریی هونەریی ئەو نیشان دەدات و دەری دەخات کە چەندە حەزە زانستییەکانی و هەوڵە خەیاڵییەکانی تێکەڵاون.

بە گووتەی بەرپرسانی نۆبڵ، دەقەکە پشتی بە بەرهەمی (ستێسیکۆرۆس)، شاعیری شیعری یۆنانیی کۆن بەستووە، کە گێڕانەوەکەی بۆ دێوی (گێریۆن) تەنیا لە چەند پارچەیەکدا ماوەتەوە. لە وەشانی پاڵەوانێتیی ناسراوی ئەفسانەکەدا، هێراکلیس گێریۆن دەکوژێ و ماڵاتەکەی دەبات، لە سەرانسەری بەرهەمەکانی کارسندا، دووریی نێوان ئەدەبی کلاسیک و ژیانی هاوچەرخ بە شێوەیەکی بەردەوام و تەواو کەم دەبێتەوە. دەقە کۆنەکان گێڕانەوەی وردی ئەو هەستانە پێشکێش دەکەن کە رەنگە ئێمە، لە یەکەم هەڵچوونی سۆزدا، بە تەنیا هی خۆمانی بزانین.

جێگەی ئاماژەپێدانە، ئان کارسن لە ساڵی (1950) لە تۆرۆنتۆ لەدایکبووە، لە زانکۆی تۆرۆنتۆ خوێندنی کلاسیکی تەواو کردووە و دواتر بووەتە مامۆستای زمانی یۆنانیی کۆن، زیاتری کاتەکانی لە نێوان شاری (ئان ئاربەر) لە میشیگنی ئەمریکا و ئایسلاند بەسەردەبات، بەوە ناسراوە کە حەزی لە ژیانی تایبەتییە. بەڵام لە وتارێکدا لە ساڵی (2024) ئاشکرای کرد کە نەخۆشیی پارکینسۆنی هەیە و خەمی بۆ لەناوچوونی دەستوخەتەکەی و لەدەستدانی ئەو چێژە دوورودرێژەی خوارد کە لە پڕکردنەوەی ڕەفە دوای ڕەفەی دەفتەرەکانیدا هەیبوو.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین