ئاوڕێک لە ژیوارنامەی مەحموود زامدار کولتوور

نوچە نێت:

ئا: ئەحمەد زرار

لە (15)مین ساڵیادی کۆچی دوایی مەحموود زامداردا، خەباتی ئەو نووسەرە بە زیاتر لە (60) ساڵ دەخەمڵێندرێت، کە توانی لە تەمەنی خۆیدا زیاتر لە (1000) بەرهەمی ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی و سیاسی لە دوای خۆی جێبهێڵێت. 

محەمەد کوڕی مەلا عەبدوڵڵای شەنەغەیی سەر بە عەشیرەتی "شوان" ساڵی (1942) لە هەولێر لەدایک بووە، لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە حوجرەکەی باوکی کە لە مزگەوتێکی ناو قەیسەری هەولێرە خوێندوویەتی، باوکی لەسەر ڕەوشتی باش و خواپەرستی ڕایهێناوە وەک سەعدییە شەریف خێزانی مەحموود زامدار دەڵێت: (مەحموود خۆی بەمنی دەگووت، هەرجارەی بابم ڕوبعێکی بەمن دەدا، دەیگووت ئایەتێک لەبەر بکە). 

دواتر لە ساڵی (1949) لە قوتابخانەی "ئەڕبیل ئولا" دەبێتە قوتابی و دوای تەواوکردنی دەوامی خوێندنەکەیشی باوکی دەیباتە چاپخانەکەی (گیوی موکریانی 1904-1977) تا درێژە بە خوێندنەوە و فێربوونی ڕۆشنبیری بدات، زامدار بەم سەردانییانە بەباشی ئاگاداری ڕەوتی ڕۆشنبیری و ئاستی تێگەیشتی کۆمەڵ بووە لەو کاتەدا، زانیویەتی ئاستی بەرهەم چۆنە و کام کەلێن پێویستی بە پڕکردنەوە هەیە. 

یەکەمین چالاکی موحموود زامدار لە بواری شانۆوە دەستی پێکرد کاتێک تەمەنی (14) ساڵان بوو بە دروستی لە ساڵی (1954) تیپێکی شانۆیی دادەمەزرێنێت لەنێوان خۆی و هاوڕێ و ناسیاوەکانی، یەکەمین شانۆشی وەک کارەکتەر و دەرهێنەر لەگەڵ ئەم پۆلە هاوڕێیە سازدەکات، پاشان لە ساڵی (1957) دەچێتە ڕیزی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و وەک عەدنان موفتی هاوڕێی دەڵێت: لەم یەکێتییە بارتەقای ئەندامێکی سەرکردایەتی چالاکی هەبوو. هەر لەم ساڵەشدا سەرەتای نووسینی مەحموود زامدار لە بواری ئەدەبییەوە دەستپێدەکات و لەگەڵ شاعیرانی وەک: (عەبدوڵڵا پەشێو، سەرسام، پەژار) پەرە بە نووسینی شیعر دەدات و دیوانچۆکەیەکی دەستنووس ئامادەی چاپ دەکات. زامدار دەیتوانی سوودێکی نەبڕاوە لە مامۆستا و وانەبێژەکانی ئەوکاتەی زانکۆ وەربگرێت چونکە دوای ئەوەی خوێندنی (سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی) لە هەولێر تەواو دەکات، بۆ خوێندنی کۆلێژ لە بەشی وێژەیی زانکۆی بەغدا بەشی زمانی کوردی هەڵدەبژێرێت تا درێژە بە خوێندنەکەی بدات. وەک ئاشکرایشە وانەبێژانی ئەوکات لەم زانکۆیە: (عەلائەدینی سەجادی، گۆران و تۆفیق وەهبی) و دەیانی تر بوون، کە یاوەرییەکی یەکجار دروستی زامداری قوتابییان دەکرد بۆ فێربوون، هەر بەم هۆیەش بوو کە زامدار ئاسانتر دەیتوانی دەستی بە هەر کتێبێکی ویستبای ڕابگات. 

 

سیاسەت لەلای زامدار چۆن دەستیپێکرد؟

ئەدەبی زامدار تەنیا ئەدەبێکی سەربەخۆ نەبوو، وەک لە ڕێبازە فەلسەفییەکانی وەک "پەڕناسیزم" کە تەنیا بانگەشەی ئەدەبێک دەکەن کە تەنیا بۆ ئەدەب بێ و بۆ مەبەستی دیکە بەکارنێت، بەڵکوو ئەدەبی زامدار بۆ ئەو سەردەمەی تێیدا دەژیا، ڕووی لە شەنوکەوکردنی هەموو بوارێک دەنا و بە تایبەت مێزگردێکی پانوپۆڕی بۆ سیاسەت تەرخان دەکرد کە هەم ڕەخنە و هەمیش بەسەرداهەڵدانی قبووڵ بێت، بە تایبەتی لە ڕێگەی بەرهەمە ڕۆژنامەوانییەکانییەوە گرنگی بە زۆرێک لە ڕووداوە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی ئەوکاتە وەک (مەلا مستەفا بارزانی 1903-1977) دەدا و دیداری تایبەتی لەگەڵیان چێدەکرد. 

تەنانەت ئەو نازناوە ئەدەبییەیشی وەک زۆرێک لە نووسەر و شاعیرەکانی تر بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردەبرد، هەڵبەتە جگە لەو کلتوورەی ئەو کاتە لەناو شاعیرەکان باو بوو، کە دەبێت نازناوێکی زانستیی بۆ خۆیان هەڵبژێرن، زامداریش بەم چارەنووسە خراپەی ڕووی لە نەتەوە و ڕەوتی سیاسیی کوردی کردبوو، زامدار بوو، دەشیەویست لە ڕێگای ئەو خەباتەی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێبەکانیدا دەیکات گوڕێکی تازەکردنەوە بەم جیهانە ببەخشێت. 

 

شێوازی داڕشتنی نووسینی زامدار

سەرباری ئەو ژینگە لەبارەی بۆ فێربوونی زامدار هاتبووە ئاراوە؛ خۆیشی دەستێکی کارای لە بەرەوپێشچوونی خۆیدا هەبوو، لەم ڕووەوە دەتوانین بە پێی قۆناغبەندی کتێبەکانی زامدار بەراورد بکەین، بۆ نموونە ئەو شێوازەی لە داڕشتنی "وێرانە خاک" و "بۆنی هەڵاڵان دێ" و لێکۆڵینەوەکانی وەک "دەروازەیەك بۆ ئاواز و گۆرانی كوردی" و "لە بانیژەی شیعرەوە" پەیڕەوی دەکات، یەکجار جیاوازە لەگەڵ دەقی ئەدەبی "کۆمیدیای کەرایەتی". 

زامدار شارەزای بەکارهێنانی ڕستە بوو، وشەکانی جۆرێک لە بەرپرسیارییەتیان تێدایە بۆ زمان، من پێموایە ئەو دەیەویست لە ڕێگای پەیڤ و دەربڕینەکانییەوە زمانێکی ستاندارد بۆ نووسینی کتێبی کوردی دیاریبکات، بێگومان ئەم ڕەوتە لە (هەژاری موکریانی 1921-1991)یەوە دەستپێدەکات و نووسەرانی گەورەی وەک: (مەسعوود محەمەد، مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی، حەمەی مەلا کەریم، مارف خەزنەدار، عزەدین مستەفا ڕەسوڵ، عەبدوڵڵای حەسەنزادە، عەزیز گەردی...تاد.) پەیڕەوییان دەکرد و زامداریش بە یەکێک لە سەرئامەدەکانی ئەم جێپێیە دادەندرا و بە تووندییەوە جەختی لە یاسا بنەڕەتییەکانی زمان دەکردەوە، چونکە یەکێک لە پێکهێنەرەکانی ئەم ڕەوتەی لە هەژارەوە سەریهەڵدا؛ پێکەوەلکانی پەیڤ و گۆتن و دەربڕینی هەموو زارە کوردییەکان بوو، دەبینین لە "کۆمیدیای کەرایەتی"دا چەند بە شارەزاییەوە لەمەڕ وشەی شێوەزاری هەولێرەوە دەنووسێ، وشەی کرمانجی و تەنانەت زاری گۆرانیشی بە جۆرێک لەگەڵ دەربڕینەکانیدا گونجاندووە؛ لە دەمی خوێندنەوەیدا بە زارێکی تەواوی بێ کەم و کوڕی دەیبینیت! کە لە بنەڕەتدا ئەوەیان هێنانەدی خەونی هەموو کوردیزانێکە. 

 

نووسین و بەرهەمە بڵاوكراوەكانی

مەحموود زامدار لە نێوان ساڵانی (1970) تا (1981) لە چەندین گۆڤار و رۆژنامەدا بە (937) بەرهەمی بڵاوکراوە بەشداری کردووە و لە کۆتاییدا زیاتر لە (30) پەرتووکی بە چاپ گەیاندووە. کە ئەمەش ناوی بەشێک لە کتێبەکانییەتی: (* بۆنی ھەڵاڵان دێ 1975، وێرانە خاك 1975، فەرھەنگی لەك و لوڕ 1978، دەروازەیەك بۆ ئاواز و گۆرانی كوردی 1980، لە بانیژەی شیعرەوە 1981، تۆپە زەردەكە 1981، كێشەكانی شانۆی ھاوچەرخ 1983، گەشتی چارەنووس 1983، شیعر و بەرھەڵستكاری و ڕاچەنین لە كوردستانی ئێراندا 1989، كۆمیدیای كەرایەتی (ب1) 1995، گفتوگۆ لەگەڵ ئازاد عەبدولواحید 1997، ڕۆژنامەی كوردستانی دایك 1998، گەشتێك لە نێو بزاڤی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا 1998، دەستنووسێكی شاكر فەتاحی شەھید 1998 لەگەڵ فەلەكەدین كاكەیی، بارزانی نەمر چریكەی چیا 1998، ناو لە نێو زمان و گەلی ئێمەدا 1998، دامەزراندن و ئەفراندن 1999، گەشتی زمان و فیكر و ئیستێتیكا 1999، شانۆ ڕوانینی نوێ داھێنان 2001، مێو جگەرگۆشەكەم 2002، لە نێو دڵی شانۆدا 2004، 18 سەعات لە ژیانی مستەر بلووم 2005، كەرنەڤاڵی تارماییەكانی مەرگ 2005، ئامادەکردنی سەرجەم كتێبەكانی حوسێن حوزنی موكریانی کە لە دەزگای ئاراس چاپكراوە، فەرھەنگیلەی ساوایانی كورد، سیناریۆی فیلمی نازە 2011، جاھید بگەڕێ، 4 تێكستی شیعریی شێخی سەنعان و لێكۆڵینەوەیەك، 10 كورتە چیرۆكی ھەڵبژاردەی جیھانی، 50 چامەی ھەڵبژاردەی جیھانی، ڕاداركۆمەڵە گوتار، مائی و یاوەرەكەی، یاد و ئاوات و دەردەكورد، ئامادەکردنی كامران.)

مەحمود زامدار لە )8(ی ئەیلوولی )2011(، لە هەولێر لە تەمەنی )67( ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین